خەبات: عەلی بانیشاری:- گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێشتا 500 هەزار هاوبەشی كارەبا لە سەرانسەری كوردستان ماون پێوەری زیرەكیان بۆ ببەسترێت. ئومێد ئەحمەد دەڵێت: 80%ی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێوەری زیرەكی بۆ بەستراوە، ئەوەش بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت: بەستنی پێوەری زیرەك، كۆتایی بە سەرپێچییەكانی سەر كارەبا دەهێنێت. بۆ دابینكردنی كارەبای نیشتمانی هەرێمی كوردستان پشت بە 14 وێستگەی كارەبا دەبەستێت. وەزارەتی كارەبا بڕیاریداوە بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەرهەمهێنانی كارەبا لە سێ لەو وێستگانە زیاد بكات.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: نزیكەی یەك ملیۆن و 900 هەزار هاوبەشی كارەبا لە هەرێمی كوردستان هەیە، لەو ژمارەیە یەك ملیۆن و 400 هەزار هاوبەش، پێوەری زیرەكی كارەبایان بۆ بەستراوە و نزیكەی 500 هەزار هاوبەش ماوە پێوەرەكەیان بۆ ببەسترێت. گوتیشی: چاوەڕێی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ ئەوەی لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك، ئەو 500 هەزار هاوبەشی كارەبا پێوەری زیرەكیان ببەسترێت.
ناوبراو ئاماژەی بە بەشێك لە سوودەكانی پێوەری زیرەك دا و گوتی: بەستنی پێوەری زیرەك كۆتایی بە سەرپێچییەكانی سەر كارەبا دەهێنێت و وا دەكات ڕاستی و دروستی لە خوێندنەوەی پێوەر هەبێت و بەكارهێنانی كارەبا سنوودار دەكات. ئومێد ئەحمەد ئاشكراشیكرد، ئەگەرچی ژمارەی هاوبەشەكانی كارەبا لە ئیدارەی گەرمیان كەمە، بەڵام زۆرترین ژمارەی پێوەری زیرەك لەو ئیدارە سەربەخۆیە بەستراوە كە ڕێژەكە دەگاتە زیاتر لە 80% و دوای ئەوەش پارێزگای سلێمانی دێت لە بەشی زۆرترین ژمارەی پێوەری زیرەك.
سەبارەت بە پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت: بە تێكڕا لە مانگی حوزەیراندا 13 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان دراوە و بەشێوەیەكی گشتیی لە ئێستادا دۆخی كارەبا جێگیرە و گرفتی تەكنیكی نییە، بۆ مانگی تەمووزیش دەبێت جارێكیتر داتاكان كۆبكرێنەوە و بزانین توانای بەرهەمهێنانی كارەبا چەندە و خواست لەسەر چەندە و دۆخی سووتەمەنی و دابینكردنی پارە چۆن دەبێت، ئەو كات بەرچاومان ڕوون دەبێت كە دەتوانین لە مانگی حەوتدا بە تێكڕا چەند كاتژمێر كارەبا لە شەو و ڕۆژێكدا بدەینە هاووڵاتیان.
بۆ دابینكردنی كارەبا، هەرێمی كوردستان پشت بە چەندین وێستگەی جیا جیای بەرهەمهێنانی كارەبا دەبەستێت، لەوانە (هەولێری غازی، سلێمانی غازی، بازیانی غازی، گەرمیانی غازی، خورمەڵەی غازی)، ئەم پێنج وێستگەیە بە غازی سروستنی كار دەكەن. هەروەها وێستگەكانی (خەباتی هەڵمی، باعەدرێی هەڵمی، 51ـی تاسڵوجە). هەرسێ وێستگەی 29 مێگاواتی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك) كە بە نەوتی ڕەش كار دەكەن. وێستگەی دهۆكی غازی بە گازوایل كار دەكات و لە ئێستادا تەنیا دوو یەكەی لە كاردایە. ئەمەجگەلە وێستگە كارۆئاوییەكانی (دوكان، دەربەندیخان، دێرەلوك ) كە بە هەرسێكیان نزیكەی 200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن.
لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبا بڕیاردراوە، بۆ وەرزی هاوین بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەكانی بازیان و خەبات و ماس زیاد بكرێت و هەوڵیش دەدرێت یەكەیەكی دیكەی كواشی بەگازوایل بەگەڕ بخرێت. هەروەها ئومێد ئەحمەد ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا تەواوی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە تێكڕا توانای بەرهەمهێنانی 4000 مێگاوات كارەبایان هەیە، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە 5000 مێگاوات بەرزبووەتەوە.
ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، كەمال محەمەد سەلیم، وەزیری كارەبا لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە 26ـی حوزەیرانی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیران، هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای بۆ ((كەمی گازی سروشتی بۆ بەگەڕخستنی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشەكانی كارەبا و خواست لەسەر كارەبا گەڕاندووەتەوە)).









