خەبات: ڕۆشنا عەلی:- شلێر عەبدولسەلام لە ساڵی 1990 لەقەزای ڕواندوز لە دایكبووە، مامۆستای جوگرافی و وانە بێژە لەسنوری پەروەردەی ڕوواندوز، حەزو خولیای بۆ سروشتی كوردستان یارمەتیدەری بوو بۆ دۆزینەوەی ئەو گژووگیا كوردییانەی كە دەكرێت بۆ بابەتی جوانكاری سوودیان لێوەربگیرێت وەك خۆی دەڵێت: ئەم خولیایە دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتاكانی تەمەنی و گەورە بوونی لەو سروشتەی ئێستا بۆتە كەرەستەی ئەو بابەتانەی دەیەوێت لە ئایندەدا بیكاتە بڕاندێكی جیهانی. ڕۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئامادەكردووە:
شلێر ئێستا نزیكەی دە بەرهەمی پاككرەرەوەو جوانكاری وەك سابوون و شامپۆبە چەندین جۆروسیرۆمی قژو سیرۆمی ڕوخسارو كرێم و سكرابی پێست و سوراو دروست دەكات، دەربارەی ئەوەی كە ئایا دەستپێكی كارەكەی لە كوێوە سەرچاوەی گرت و بیرۆكەی سروشت و جوانكاری چۆن تێكەڵ كردووە؟ئەو بۆخەبات گوتی:دەستپێکی کارەکەم سەرەتا بەشداریکردنم بوو لەکۆرسێكی دروستکردنی ماددە پاککەرەوەکان کەلەلایەن ڕێکخراوی ppo ئامادەکرابوو لەو كۆرسەدا بەڕێگایەكی زانستی و تەندروستی ڕاهێنانمان پێکرا .منیش بیرۆکەی بەکارهێنانی گوڵ وگژوگیاو بەری درەختە خۆرسکەکانی کوردستان كە هەرلەسەرەتاكانی تەمەنم لەناویدا ژیابووم بە مێشكمدا هات،چونكە شوێنی ژیان کردنم وهەڵکەوتەی شوێنی نیشتەجێ بوونم کاریگەری هەبوو لەسەرم ناوچەکە (شارۆچکەی ڕواندز )وشاخ وکێوەکانی دەوروبەری دەوڵەمەندن بە سامانی ڕووەکی خۆرسکی جۆراوجۆر.
من لەگەڵ ئەم سروشتە گەورەبووم وپێگەیشتم تەنانەت بەرلەوەی بەشداری کۆرسی دروستکردنی ماددەپاککەرەوەکانیش بکەم سوودم لەم گوڵ وگژوگیایانە ی وەك (شیلانە،گەزگەزە ، پونگی کێوی، جاترە ،ڕێحانە ) وەرگرتوە بۆدروستکردنی چاو و چێشت.دوای بەدواداچون و خوێندنەوەی زیاترم لەسەر ئەم گوڵ و گژوگیایانە بۆم دەرکەوت سودیان بۆ پێست وبۆقژیش یەکجارزۆرە بۆیە بڕیارمدا لەکارەکەمدا پشتیان پێ ببەستم.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ناوەكەی خۆشت هەر گوڵە ئەم گوڵە سوودی بۆبەرهەمەكانت هەیە؟ لەمبارەیەوە گوتی:بیرۆکەی ناو نانی براندەکەم بە ناوی شلێر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شلێر گوڵێکە لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان دەڕوێت نیشتیمانی ڕەسەنی ئەم گوڵە خاکی کوردستانە بەچەندین ڕەنگیش دەڕوێت،بەڵام دیارترینیان سورو زەردە ویستم بەم جۆرە بڕاندەکەم مۆركێکی کوردانەی هەبێت.
*دەربارەی ئەوەشی لەكەیەوە دەست پێكردووەو ئێستا فرۆشی بەرهەمەكانی لە چ ئاستێكدایە؟ شلێر گوتی:ماوەی کارکردنم دەگەڕێتەوە بۆدوو ساڵ لەمەوبەر هەرلەگەڵ دەستپێکی کۆرسەکە دەستم بە کارکردن کرد، بەڵام بەرهەمەکانم بەڕێژەیەکی کەم دروست دەکرد ،چونکە چاوەڕێی بۆچوونی بەکارهێنەران بووم کە لەدەرەنجامەکە دڵنیابووم و خواست وداواکاری بەردەوام هەبوو لەسەر بەرهەمەکانم ئینجا جۆرو بڕی زیاترو جیاوازترم بەرهەمهێناو لەئێستادا فرۆشی بەرهەمەکانم لەئاستێکی باشدایە بەهۆی نوێگەری وجیاوازبونی بەرهەماکانم.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا مادەی سروشت بەتەنها دەتوانێت پاككرەوەیەكی باش بێت بێ ماددەی كیمیایی یان هەردووكی بەكاردەهێنن؟لەم بارەیەوە خاوەنی بەرهەمەكانی شلێر گوتی: سەرچاوەی سەرەکیم بۆ بەرهەمەکانم سوود لەگژوگیا بەرهەمە. سروشتیەکان وەردەگرم بەتێکەڵ کردنیان لەگەڵ ئەو ماددەکیماوییانەی زیان بەپێست و بەقژ ناگەیەنن و ڕەچاوی لایەنی زانستی وتەندروستی لە تەواوی بەرهەمەكانمدا کراوە.
*لەبارەی ئەوەشی كە ئایا ئەگەر بەرهەمێك پێكهاتەكەی گژوو گیای سروشتی بێت تێچووەكەی گرانە یان بە پێچەوانەوە دەستكەوتنی تاچەند زەحمەتە؟ لەمبارەیەوە گوتی:بۆدەستکەوتنی گژوگیا سروشتیەکان بەهۆی ئەوەی زۆرینەیان لەناوچە شاخاوییە سەختەکان دەڕوێن بەدەستهێنانیان سەختە بۆیە تێچووی زیاترە ،بەڵام سودی زۆرترە کاریگەری بەرهەمەکان ئەگەرپێکهاتە سروشتیەکەی زیاتربێت لەسەرخۆ بەدیاردەکەوێت ،بەڵام دەرنجامێکی زۆرباشتری دەبێت.
*زۆرن ئەو بەرهەمە جوانكارییانەی ئێستا دروستدەكرێن لە كوردستان جیاوازی ئەوەی تۆ چییە و بەچی جیادەكرێتەوە؟بەرهەمەكانی من بەوە جیادەكرێنەوە كە مۆركێكی كوردانەیان پێوە دیارە، هیوادارم بەم کارەم خزمەتێکی بچوکم پێشکەش بە گەل و نیشتیمانەکەم کربێت و بتوانم سروشت و سامانەکەی زیاتر بناسێنم.