خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- سەرئێوارەی رۆژی 2024/6/23 یەكێتیی نووسەرانی كورد/ لقی هەولێر لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو ، بە ئامادەبوونی بەڕێزان( ئاریان سەلاحەددین) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان و (مامۆستا ئازاد عەبدولواحید) سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان و (مامۆستا عەبدولڕەحمان فەرهادی) سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کوردو ژمارەیەكی بەرچاو لە نووسەران وئەدیبان و شاعیران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و لێكوڵەران و میدیاكاران، ئێوارە كۆڕێكی تایبەت ( بەناساندن و بڵاوکردنەوەی دیوانە شیعرێکی شاعیری ناسراوی دوورە وڵات و خەڵکی کەرکوکی دڵی کوردستان ( سەلام محەمەد) بە ناونیشانی (دەمە و ئێواران ئەتبینم بە سوخمەیەکی زەردەوە)سازکرد.
سەرەتای کۆڕەکە باهۆز مستەفا کورتەیەک لە ژیانننامەی مامۆستا سەلام محەمەدی باسکرد و پاشان بەهۆی نەخۆشی مامۆستای شاعیرو ئامادەنەبوونیان لە ئێوارە کۆڕەکەیدا بەڕێزیان بەنامەیەکی دەنگیی ، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو داوای لێبوردنی لەئامادەبووان کرد کە بەهۆی نەخۆشیەوە نەیتوانیوە لەکۆڕەکەیدا ئامادەبێ پاشان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەرک ماندووبوونی بەڕێز( ئاریان سەلاحەدین) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری دەربڕی لەبەچاپگەیاندنی دیوانە شیعریەکەی و هەروەها سوپاسی و پێزانینی خۆی گەیاندە بەڕێز لقی هەولێری نووسەرانی کورد بەمەبەستی سازدانی کۆڕەکەی و هەروەها سوپاسی بەڕێز کاک (زانا خەلیل)ی کرد کەلەڕێگای پەیجی تێکستەوە پەیامەکەی گەیاندوتە وەزارەت ، هەروەها سوپاسی بەڕێزان نەوزاد عەلی ئەحمەد و سەباح ڕەنجدەر و محەمەد عەبدوڵڵای کردکەهاوکارو خەمخۆری چاپکردنی دیوانەکەی بوون هەروەها سوپاسی کاک( باهۆز مستەفا)شی کرد کە سەرپەرشتی چاپکردنی دیوانەکەی گرتۆتە ئەستۆ.
بەڕێز سابیر ڕەشید هاوڕێی سەردەمی زانکۆیی شاعیر ، وتارێکی تایبەت بەبیرەوەرییەکانی لەگەڵ (سەلام محەمەد) پێشکەشکرد و بەشاعیرێکی گەورەی نیشتیمانپەروەرو یاخی لە قەڵەمدا ولەکۆتایی باسەکەیدا ئەوشیعرەی شاعیری بۆ ئامادەبوان خوێندەوەکە بۆ نسکۆی شۆڕشی ئەیلولی نووسیوە بەناونیشانی (گیانە لەیلا) کەدەڵێ:
لەدەریای غەم
گڕی پشکۆی بیرەوەریم ئەشواتەوە
نەبزەیەکی هەتاوی بەرەبەیان
ئاوڕ لە خۆزگەی ساڵانی ئاوارەییم ئەداتەوە
وێڵ وسەرگەردانە هەستم
گیانە لەیلا
هاوڕێی ڕۆژانی هەڵبەستم
سووتام و سووتام و سووتام
کەچی هەردووکەڵی سادەی مۆمی چاوەکانی تۆ بووم
دەسا گیانە
دواپەرداخی ئەم زستانە بدە دەستم
چی لەو ئاوازە خۆشترە
کاتێ دەڵێم :
ئۆخەی کە ئیمشەویش مەستم
1975
کورتەیەک لەژیاننامەی شاعیر
سەلام محەمەد ، شاعیری ناسراوی دوورە وڵات لە 21-7-1954 لە شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە. لە ساڵی 1978 دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا. بەدەستهێناوە، مامۆستا سەلامی شاعیر یەکێکە لەو چەند شاعیرەی لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا گۆڕانکارییەکی تازەیان هێنایە ناو شیعری کوردییەوە .
شاعیر لەساڵی 1991ـەوە لە وڵاتی (سوید) و نیشتەجێیە.
چاپکراوەکانی
ــ نامیلکە شیعری (دەمەوئێواران ئەتبینم بە سوخمەیەکی زەردەوە) 1988 چاپی یەکەم .
ــ(دیوانی سەلام محەمەد) 2009 کە بەشێکی زۆری لە وتارو شیعرەکانی شاعیر لەخۆگرتووە.
ــ نامیلکە شیعری (دەمەوئێواران ئەتبینم بە سوخمەیەکی زەردەوە) 2024 چاپی دووەم.










