ڕۆناک فازیڵ
کاتی سیاسەتکردن هاتووە
بێگومان چەندین حیزب و بزوتنەوە کاریان کردووە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، هەندێکیان نەمان و هەندێکی تر تێکەڵ بوون لەگەڵ حیزبەکانی تر و بە ناوێکی تازەوە هاتنەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت. لە لایەکی ترەوە، هەندێك لە حیزبەکان قاعیدەیەکی جەماوەری فراوانیان هەبوو دواتر کەمیکرد و ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەما. بۆیە پرسیار ئەوەیە، ئەو فاکتەرانە چێن کە بەردەوامی دەداتە حیزبی سیاسی و جەماوەرەکەی فراوانتردەکات؟ بێگومان فاکتەرەکان زۆرن بەڵام دەکرێت ئاماژە بە گرنگترینیان بدەین:
• ئیمانی ڕاستەقینەی سەرکردایەتی و هەروەها جەماوەری حیزبەکە بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان و ئامادەبوون بۆ قوربانیدان تەنانەت بە خودی حیزبەکە لە پێناو ئەم دۆزە پیرۆزە.
• هەبوونی سەرکردەیەکی خاوەن مێژوویەکی سیاسی پاك و ئەژموونێكی سەرکەوتوو و خەباتی بێ ووچان لە پێناوی ئامانجەکانمان. هەروەها خاوەن دیدگەیەکی ڕوون بۆ پێشهاتە سیاسییەکان.
• خۆڕاگری و نەهێشتنی تەشەنەکردنی کێشە ناوخۆییەکان کە لە ئەنجامدا پشێوی و نا ئومێدی و دڵەڕاوکی بۆ هاوڵاتییان دروستببێت ئەگەر بە زەرەری حیزبەکەش بشکیتەوە.
• ڕاستگۆیی و هەڵوێستی سیاسی نەگۆڕ و پاراستنی پەیمانەکان. ئەمە کاریزمایەك ئەدات بە سەرکردایەتی حیزبەکە و متمانە لە لای دۆست و دوژمنان دروست دەکات و ڕێزی لێدەگیرێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی.
• خۆ بەدەست نەدان لە ژێر هەر فشارێکی سیاسی یان سەربازی یان ئابووری. بۆیە پێویستە پە یوەندی باش هەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناوخۆیی و دەرەکی لە سەر بنەمایی بەرژەوەنی هەموو لایەك و پێداگری بکرێت لەسەر مافەکانی جەماوەری کوردستان.
• بەرنامەی سیاسی هەلقوڵابێت لە خەون و ئاواتەکانی میللەتەکەمان و هەروەها لە ئێش و ئازاری جەماوەر نەك لە بەرنامەیەکی ئامادەکراو لە چێشتخانەیەکی سیاسی دەرەکی و بە حازری هاوردە کرابێت بۆ کوردستان.
• مرۆڤایەتی و هەستکردن بە ئیش و ئازاری لیقەوماوان و هەوڵدانی ڕاستەقینە بۆ ڕزگارکردنیان لە مەینەتەکانیان.
• کارکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نموونەیی لە ڕووی زانستی و تەندروستی و ئەخلاقی دوور لە گەندەڵی و پەنا بردن بۆ کاری نەشیاو و لە یاسا بەدەر.
• لە کاتی بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەك دەبێت ئامانجی سەرەکی تێدا خزمەتی جەماوەرەکەبێت نەك بەرژەوەندی حیزب و بەمەبەستی ڕاگەیاندن و دواتر بەهەدەردانی دراو و وەرچاوەکان.
• خۆش گوزەرانی هەر تاکێك و داڕێشتنی پلانێکی ئابووری کورت خایەن و درێژ خایەن.
• روونی بەرنامی سیاسی لە هەر قوناغێکی مێژووییدا. هەروەها ڕاوێژکردن بە سەرجەم ئۆرگانەکانی حیزب. و کارکردنی بۆ یەکخستنی ووتاری سیاسی سەرجەم حیزبەکان.
• چاندنی گیانی خۆ نەویستی و بەرز ڕاگرتنی بەها بەرزەکان لە نێو جەماوەردا.
• بە خاون زانیین بۆ هەموو چین و توێژەکان و تەنانەت جەماوەری حیزبە رکابەرەکان. واتە نواندنی ڕۆڵی برا گەوەرە.
• بەرزکردنی توانا سەربازییەکانی هێزی ناوخۆیی و کارکردنی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوو کە ببێتە جێگای متمانەی میللەت لە کاتی دروستبوونی هەر هەرەشەیەك لە سەر خاکی کوردستان.
• کارکردن بۆ نزیککردنەوەی حیزبە سیاسییەکان بە گفتەگۆ نەك بە خۆسەپاندن و بەکارهێنانیان بۆ مەرامێکی دیاریکراوی کاتی یا خود بۆ لێدانی لایەنە ناو خۆییەکانی تر.
• ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی سەرجەم جەماوەری کوردستان بە بێ جێوازی ئاین و زمان و رەنگ. هەروەها بەشداری پێکردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و گوێگرتن لە نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان ودامەزراوەکانی تر.
• کارکردن بۆ دروستکرنی تاکێکی بەرهەمهێن و دانانی پلانی ستراتیجی بۆ سەربەخۆیی ئابووری.
• ڕێزگرتن لە ژینگە و کارکردن بۆ پاراستنی سەرچاوەکان و پاك و خاوێنی هەوا و ئاو و خاکی کوردستان.
ئەو فاکتەرانەی سەرەوە بەشێکن لە پەیڕەو و پڕۆگڕامی پارتی دیموکراتی کوردستان هەر ئەم فاکتەرانەن کە وایانکردووە کە پارتی بەردەوام بێت بۆ زیاتر لە (٧٧) ساڵ و بتوانێت بناغەی جەماوەری خۆی فراوانتر بکات و متمانەی سەرجەم جەماوەری خەڵکی کوردستان بەدەست بێنێت.