
بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ھاووڵاتییان بەمەبەستی خۆ فێنککردنەوە و مەلەوانی، بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە بەنداو و ڕووبارەکان دەکەن، ئەوەش مەترسیی خنکان دروست دەکات، بەم هۆیەوە بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان چەند ڕێنوێنییەکی تایبەت بە مەلەوانی بڵاو دەکاتەوە.
لەو ڕێنوێنیانەدا کە ھەینی ٢١ / ٦ / ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردوونەتەوە، ھاتووە:
– مەلەکردن لەو شوێنانەی شارەزایت نییە زۆر مەترسیدارە .
ئەو شوێنانەی تابلۆی قەدەغەی لێ دانراوە گونجاو نییە بۆ مەلەکردن، چونکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پشکنینی بۆ کراوە و مەترسیدارە .
– ئەگەر مەلە دەکەی لەو شوێنانە مەلە بکە کە قەرەباڵغە و کەسی مەلەزان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لێیە بۆ ئەوەی ئاگادارت بن لە ھەر حالەتێکی لەناکاو .
ـ بەبێ ھیچ ئامرازێکی خۆپاراستن مەلەوانی مەکە وەک ( ھێلەگ و چوپ و…).
ـ ئاوەکانی سنوری ناوچە شاخاویەکان سارد و تیژڕەون بۆ مەلە کردن گونجاو نین .
ـ ئاوی زێی گەورە ، زێی بچوک قوڵیی و تەنکاویان دیاریکراو نییە بەھۆی کارکردنی کارگەکانی دەرھێنانی قوم و چەگڵ، ئاراستە و قوڵییان گۆڕدراوە بۆیە وریابە لە ھەموو شوێنێک مەلە مەکە .
– بەھیچ شێوەیەک بەنداوەکان بۆ مەلەکردن شیاو نین .
ـ یاری کردن و گالتەوگەپ لە ناو ئاو دەبێتە ھۆی تەنگە نەفەسی و ماندووبوون و شڵەژان .
– ھیچ کات منداڵ لەگەل خۆت مەبە بۆ مەلەوانی چونکە ژیانت لە مەترسی دادەبێت .
– لە ھەر بارودۆخێک پێویستیت بە ھاوکاری بوو تکایە بەزووترین کات پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ بکەن بۆئەوەی بەزووترین کات تیمەکانی بەرگری شارستانی بەھاناتەوە بێن .