بەهار ئەحمەد: کچە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ خەبات:وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان لە کوردستان بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە

200
لە هەموو دونیادا یارییە وەرزشییەکان جا هەر یارییەک و بەجۆرێک هاندەری تایبەتی خۆی هەیە، ئەگەرچی تۆپی پێ وەک یەکەمین یاریی لەنێو یارییەکاندا هەژمار دەکرێت و خاوەن جەماوەرێکی زۆرە لە سەرتاسەری دنیادا، بەڵام یارییەکانی دیکەیش هاندەری خۆیان هەیە، یاری گۆڕەپان و مەیدانیش یەکێکە لەو یارییانەی کە بەبووکی یارییەکان ناسراوە، لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق چەندین یاریزانی کوڕ و کچی یانەکانی کوردستان خاوەن دەسکەوت و ژمارەی پێوانەیین.
بۆ ئەم مەبەستەو تیشک خستە سەر وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، و هەروەها لە کوردستان، خاتوو بەهار ئەحمەد قادر کچە یاریزانی گۆڕەیان و مەیدانی پێشمەرگەی سلێمانی لەمبارەیەوە بە خەباتی ڕایگەیاند: پێتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم یاری گۆڕەپان و مەیدان لە کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت، بە پێچەوانەی هەموو وڵاتانی دنیا، لە هەرێمی کوردستان لە لایەن یانەکان ئەم یارییە بەتەواوی فەرامۆش کراوە و لە ئێستادا رێژەی یانەکان لە کەمبووندایە و لە پەنجەی دەست تێپەڕناکات، بۆیە هەرچی زووە چارەسەرێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بەتایبەتی لەلایەن یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، پاڵەپەستۆ بخرێتە سەر یانەکان دووبارە ئەو یارییە دابمەزرێننەوە، لە هەمان کاتدا هاوکاری و پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی یانەکان بکەن.
خاتوو بەهار لەبارەی ئەو یارییانەی کە ئەنجامی دەدات لەیاری گۆڕەپان و مەیداندا گوتی: من یاری سوباعی ئەنجام دەدەم، بێگومان یاری سوباعی چەندین یاری جۆراو جۆر لە ئامێزدەگرێت کە بریتین لە یارییەکانی 100مەتر بەربەست، قورسایی، بازی بەرز، 200 مەتر، یەک باز، ڕم، 800 مەتر، سوپاس بۆ خودا لەسەرجەم یارییەکان سەرکەوتووم.
سەبارەت بەژمارەی یاریزانانی پێشمەرگەی سلێمانی لە ڕیزی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق، خاتوو بەهار بۆ ئەمە گوتی: خۆشبەختانە لە رێگەی ئاستبەرزی ڕاهێنەر و یاریزانانی نێو یانەکەمان، لە ئێستادا نزیکەی 10 یاریزان لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی گۆڕەپان ومەیدانی عێراق یاری دەکەن و بەشداری زۆرترین پاڵەوانیەتییەکانی ناوەوە و دەرەوەمان کردووە.
هەر لەبارەی هیواو ئاواتەکانی خاتوو بەهار گوتی: هەموو یاریزانێک هیواو ئاواتێکی تایبەتی خۆی هەیە، هیواو ئاواتی من ئەوەیە وەک یاریزانێکی کورد بەشداری پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی جیهانی بکەم.