كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری كۆچبەران ڕای گەیاند، ژمارەی كۆچبەرانی ئەمساڵ گەیشتووەتە 120 ملیۆن كەس كە هاوتایە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن.

لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەی ئەوروپا، راستڕەوەكان بوونەتە زۆرینە و مەترسییان لەسەر مافی پەنابەران لە ئەوروپا دروست كردووە. وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، هەریەك بەشێوەیەكی جیاواز یاسا و ڕێنوێنیی نوێ دەردەكەن بۆ ڕێگریكردن لە لێشاوی كۆچی كۆچبەران بۆ وڵاتەكانیان.

ئەڵمانیا پەنابەرانی عێراقی و هەرێمی كوردستان كە مافی مانەوەیان ڕەت كراوەتەوە، دەنێرێتەوە وڵاتەكانی خۆیان، بڕیاریشە پەنابەرانی سووریا و ئەفغانستانیش بنێرێتەوە.

بەپێی داتایی دەزگای كۆچی ئەڵمانی لەو وڵاتە 30 هەزار پەنابەری عێراق مافی مانەوەیان ڕەت كراوەتەوە و هەڕەشەی دیپۆرتكردنەوەیان لەسەرە.

ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەوروپا كە لە ژێر فشاری زۆری پەنابەراندایە، بە دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانەی كە مافی پەنابەرییان ڕەت كراوەتەوە، هەوڵی سووككردنی ئەو بارگرانییە دەدەن.