خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- هەفتەی ڕابردوو پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ گۆڕەپان و مەیدان لەشاری بەسرە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێراق یەکێک بوو لەو هەڵبژاردانەی بەشداری پاڵەوانیەتییەکەی کردبوو، کە توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، بۆ تیشک خستنە سەر ئاست و ئەنجامی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتییەکەدا، خاتوو مونا رائید سەمیر یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی نەفت لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ لاپەرەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات گوتی: بێگومان پاڵەوانێتیی ڕۆژئاوای ئاسیا زۆر بەهێز بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەتی هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و عێراق ڕکابەری پلەکانی یەکەم ودووەمی پاڵەوانیەتییەکەیان دەکرد، هەڵبژاردەی ئێران بە کۆکردنەوەی 40 ملوانکەی جۆراو جۆر توانی ناسناوی پاڵەوانێتییەکە بەدەست بهێنێت و ببێتە پاڵەوان، هەروەها هەڵبژاردەی عێراقیش توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، سوپاس بۆخودا سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق ئاستێکی یەکجار بەرزیان پێشکەش کرد.

هەروەها گوتیشی: خۆشبەختانە منیش توانیم لەهاوێشتنی ڕم پلەی چوارەم بەدەست بهێنم و ژمارەی پێوانەیی بەناوی خۆم لەم یارییەدا تۆمار بکەم، هەر لەبارەی ئەو دەستکەوتانەی کەبەدەستیهێناوە خاتوو مونا رائید گوتی: زۆر دەستکەوتی وەرزشیم بەیارمەتی ڕاهێنەرەکەم بەدەستهێناوە، لەوانە بەشداری چەندین پاڵەوانێتیم کردووە و ئەنجامی بەرزو شایستەم بەدەستهێناوە، لەوانە لە هاویشتنی قوڕسایی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە سەر یەکتری پلەی یەکەمم بەدەستهێناوە، هەروەها لەپاڵەوانێتی تازەپێگەیشتووان لەوڵاتی کوەیت ئەنجام درا، توانیم پلەی چوارەم بەدەست بهێنم، پاشان لە هاویشتنی قوڕسایی لەسەر ئاستی ئاسیا پلەی چوارەمم دەستەبەرکرد، هەروها لەوڵاتی ئەردەن لەهاێشتنی قوڕسایی پلەی دووەمم مسۆگەر کرد.

سەبارەت بەئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە عێراق بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی، خاتوو مونا گوتی: ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە عێراق ڕۆژ لە دوای رۆژ بەرەو پێش هەنگاو دەنێت، بە تایبەتی لە شاری بەغدا لە ئیستادا لە رێگەی چەندین ڕاهێنەری ئاست بەرزی ئەو یارییە بە تایبەتی دکتۆر لوئەی سەباح، تواندراوە دووبارە یاری گۆڕەپان ومەیدان ببوژێتەوە و بایەخ و گرنگی تەواوی پێ بدرێت، سەرەڕای ئەمەش لە کوردستاندا ئەو یارییە فەرامۆش نەکراوە بە تایبەتی لە شاری سلێمانی چەندین یانەی وەرزشیی تایبەت بەو یارییە بوونی هەیە و زۆر ئاست بەرز وچالاکن، بۆیە دەتوانم بڵێنم لە سەرتاسەری عێراقدا چەند پارێزگایەک هەیە بایەخ و گرنگی بە گۆڕەپان ومەیدان دەدەن، دواجار خاتوو مونا لە بارەی هیواو ئاواتەکانی خۆی گوتی: هیواو ئاواتم ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان بەشداری لە پاڵەوانیەتی جیهان بکەم.