خەبات:- دكتۆر توانا مه‌رجان مامۆستای زانكۆ، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ری شاری هه‌ولێر له دایكبووە، له منداڵییه‌وه به پێی ئه‌وه‌ی باوكی هونه‌رمه‌ند و ده‌رچووی به‌شی شێوه‌كاری هونه‌ره جوانه‌كانی شاری به‌غدابووە، جگه له‌وه‌ی شاره‌زایی له بواری شێوه‌كاری هه‌بووه، له بواره‌كانی دیكه‌ی هو‌نه‌ریش شاره‌زا بووه، له‌وانه: میوزیكژەنی و گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر و دیكۆرست و دیزاینه‌ر، به شێوه‌یه‌كی گشتیی شاره‌زایی له بواره هونه‌رییه هه‌مه جۆره‌كاندا هه‌بووه. ئەوە كاریگه‌ری له‌سه‌ری ده‌بێت. لەو دیمانەیەی ڕۆژنامەی خەبات د. توانا مەرجان دەڵێت: پێش چوونم بۆ قوتابخانه ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئامێره‌كانی میوزیک و هونه‌ری شێوه‌كاری په‌یداكرد. ئه‌مانه وایانكرد له قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌شداری له پێشانگەكانی ساڵانه‌ی قوتابخانه‌كان بكه‌م و ببمه ئه‌ندامی تیپی میوزیك و گۆرانی. ئه‌مانه هۆكاربوون بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ز و ئارەزووەكانم بۆ هونه‌ر زیاد بكات، هەروەها دەڵێت: دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ناوه‌ندی چوومه په‌یمانگەی هونه‌ره جوانه‌كان له به‌شی شێوه‌كاری درێژه‌م به كاروچالاكییه‌كانی هونه‌ردا، له ساڵی 1997 به پله‌ی یه‌كه‌م دەرچووم، هەروەها باس لەوە دەکات ساڵێك پێش ده‌رچوونی له ساڵی 1996 له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی فەره‌نسی ده‌ستی به كاری ئه‌نیمه‌یشن كردووە بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، له 1999 و سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی سه‌ته‌لایتی كوردستان له به‌شی منداڵان ده‌ستی به كاری هونه‌ری منداڵان كردووە، به چیرۆك به مۆنتاژ كردنی كلیپی منداڵان و كاری ئه‌نیمه‌یشن و بەشداری چەندین کاری دیکەی هونەری کردووە.
*جگه له‌هونەری شێوه‌كاری كار له هونەری ئه‌نیمه‌یشنیش ده‌كه‌یت ئه‌وە چۆن بوو؟
له قۆناغه‌كانی منداڵیم زۆر حه‌زم له فلیم كارتۆن بوو، زۆر پرسیارم له باوكم ده‌كرد، ئه‌و شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌بوو و بۆمی باس ده‌كرد، نموونه‌ی كورتم له‌گه‌ڵی درووست ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و زه‌حمه‌تی زۆری ده‌ویست، كه چوومه قۆناغی چواری په‌یمانگەی هونه‌ره جوانه‌كان رێكخراوێكی فەره‌نسی به داخه‌وه ناوی رێكخراوه‌كه‌م له‌بیرنییه و ئێمه ئه‌وانمان نه‌بینی، به‌ڵام له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه راسپێردرابوو ئه‌و له‌گه‌ڵ من و شوان مه‌رجان كاره‌كانمان ڕاده‌په‌ڕاند، كاره‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه بوو ئه‌وان سیناریۆ‌یان ده‌داینێ و ئێمه‌ش به پێی چیرۆكی سینارۆكه وێنه‌مان بۆ ده‌كێشان، بۆ هه‌ر یه‌ك سانییه ده‌بووایه 25 فرێم وێنه‌ی بۆ بكه‌ین، كارێكی زه‌حمه‌تبوو، به‌ڵام كارێكی خۆش‌بوو زانیارییه‌كی نوێ فێربووین. له دوای ته‌واوكردنی په‌یمانگەی هونه‌ره جوانه‌كان چوومه چه‌ند خولێكی فێربوونی كۆمپیوته‌ر، دواتر فێربوونی به‌رنامه هونه‌رییه‌كان و مه‌شقكردن و به دواداچوون، له‌گه‌ڵ باوكم مێزێكی تایبه‌تیمان درووست كرد كه بتوانم له‌بن مێزەکە گلۆپی هه‌بێت تا سه‌بر سه‌بر كاره‌كه‌م بۆخۆم ئاسانتر كرد و سیناریۆیه‌كم له‌سه‌ر ژیانی خۆم نووسی و به‌شداری یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵیرم كرد بۆ كورته فیلم به فیلمی (مرۆڤ و ئه‌نیمه‌یشن) كه توانیم خه‌ڵاتی به‌ڕووی زێڕین به ناوی نوێكاری له سینه‌مای كوردی به‌ده‌ست بێنم، له كۆتایی ساڵی 2018 له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر پێكه‌وه ژیان 20 خوله‌ك ئه‌نیمه‌یشن له ماوه‌ی دوو مانگ ده‌بووایه ته‌واو بكه‌ین كه له سیناریۆ و ده‌رهێنانی خۆم بوو،كاری مۆنتاژه‌كه‌ی د. جه‌یران شێروانی خێزانم بوو و سۆمای كچیشم له‌گه‌ڵم به درووست كردنی وێنه هاوكاربوو، سوپاس بۆ خوای گه‌وره توانیم له ماوه‌ی دیاریكراو فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی (خۆشه‌ویستی نیشتیمان) ته‌واو بكه‌م و له مه‌راسیمێكی شایسته‌ی تایبه‌ت به ئاما‌ده‌بوونی زۆرێك له به‌رپرس و هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ر دۆست و ئاره‌زوومه‌ندانی بواری ئه‌نیمه‌یشن نمایش بكه‌ین، كه بووه مایه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بووان.
*دەتوانی جیاوازی له‌نێوان هونه‌ری وێنه‌كێشان و هونه‌ری ئه‌نیمه‌یشنمان بۆ بكه‌یت؟
هونەری وێنه‌كێشان جۆرێکە له‌و هونه‌رانه‌ی پشت دەبەستێت بە دەربڕینی بینراو لە ڕێگەی بەکارهێنانی ماددە و ئامرازەکانی تایبه‌ت به وێنەکێشان، ئامانجی ده‌ربڕینی هەست و سۆز و بیرکردنەوەی هونەرمەند لە ڕێگەی شێوە و ڕەنگەکان و هێڵەکانەوەیه. هه‌روه‌ها ده‌كرێ ئامانجەکە جوانی (ستاتیكی) بێت، یان فەلسەفی یان سیاسی بێت، ئه‌مه‌ش به پێ بیر‌و هزری خودی هونه‌رمه‌ند ده‌گۆڕێ، زۆرجار کاری هونه‌ری وێنه‌كێشان جێگیر و بێ جووڵەن مه‌به‌ستمان فۆرمی چوارچێوه‌كه‌یه. له هۆڵه‌كانی گەلەری و مۆزەخانه و سه‌ر دیواره‌كان نمایش دەکرێت، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی یان باس له چیرۆكێك یان به‌سه‌رهاتێك یان ڕووداوێك ده‌كات به یه‌ك وێنه، واتا یه‌ك فڕێم، ئه‌مه‌ش گرنگه به یه‌ك تابلۆ له‌سه‌ر ڕووكه‌شێك جا ئه‌م ڕووكه‌شه كاغه‌ز بێت یان كانفاس یان دیوار هتد… بتوانی ئه‌و به‌سه‌رهاته بگێڕیه‌وه بێ قسه كردن…واتایه‌ك وێنه بریتییه له هه‌زار وشه، به‌ڵام وێنەی جوڵاو (ئه‌نیمه‌یشن) زنجیرەیەک وێنەی وەستاون کە بە خێراییەکی دیاریکراو پیشان دەدرێن بۆ ئەوەی هەست بە جوڵە بکرێت، دەتوانرێت درووست بکرێت بە بەکارهێنانی تەکنیکە جۆراوجۆرەکانی وەک وێنەکێشانی دەست، گرافیکی کۆمپیوتەر، سینەما تۆگرافی و تەکنیکەکانی جوڵەی سێ ڕەهەندی یان قوڕی ده‌ستكرد، ئەویش به‌هه‌مان شێوه چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە یان بیرۆکەیه‌ك پێشکەش دەکات، به‌ڵام لێره‌دا لە ڕێگەی زنجیرەیەک وێنه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، واتا بۆ هه‌ر جوله‌یه‌ك له یه‌ك سانییه 25 وێنه‌ی بۆ ده‌كێشرێت، زۆر جاریش ده‌كرێت هه‌ندێك كه‌متر بێت له‌و ژماره‌یه به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر دیمه‌نه‌كه خێرایی تێدابێت، ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ شتی پێكه‌نیناوی و كات به‌سه‌ر بردنێكی خۆش بۆ منداڵان بەکارده‌هات یان بابه‌ته‌كی پەروەردەیی یان ڕیکلام، زۆرجار به‌ته‌مه‌ن گه‌وره‌كانیش بینه‌ریان ده‌بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار بۆ به‌لادانی نه‌وه‌یه‌ك به‌كار ده‌هێنن وه‌كو شه‌ڕی سارد، كه ئه‌مه‌ش پێویسته لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌م جۆره ئه‌نیمه‌یشنانه بۆ منداڵان په‌خشن نه‌كرێ و سانسۆر دابنێن، ئه‌مانه‌ش پشت به جوله و کات ده‌به‌ستێت بۆ گواستنەوەی بیرۆکە تەرخان كراوه‌كه، هه‌روه‌ها دەتوانرێت لە سینەما یان تەلەفزیۆن یان له ئەنتەرنێت و یوتوب یان له پڕۆژێکتەرە جۆراوجۆرەکان ببینرێت، له كۆتاییدا ده‌ڵێم هەردوو جۆرە هونه‌ره‌كه گوزارشت له داهێنانی بیر و ده‌ستكردی مرۆڤ ده‌كه‌ن.
*حه‌ز به‌كاری شێوه‌كاری دەكه‌یت یان هونه‌ره‌كانی تر، زیاتر کامیانت لا خۆشتره؟
وه‌كو حه‌ز، زۆر حه‌زم له هونه‌ری شێوه‌كارییه، بیرمه له ماوه‌ی خوێندنه‌كانی هونه‌ری ئه‌كادیمیم به‌رده‌وام خه‌ریكی كاری هونه‌ری بووم، عاشقی هونه‌ری شێوه‌كاری بووم، كاری هونه‌ری (تابلۆ)ی زۆریشم فرۆشراوه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتیی له هه‌موو بواره هونه‌رییه‌كانی تر شاره‌زایی باشم هه‌یه وه‌ك سینه‌ما، دیزاین كردنی سی دی و پۆسته‌ر و ریكلامه بازرگانییه‌كان و كلیپ بۆ هونه‌رمه‌ندان هتد… له زۆر بواریشدا خه‌ڵات كراوم.
*كه وێنه دەكێشیت حه‌ز ده‌كه‌یت وێنه‌ی چی بكێشیت زیاتر؟
كاتێك كه قوتابی بووم زۆر لێكۆڵینه‌وه‌م له‌سه‌ر له‌شی مرۆڤ و سروشتی بێ گیان (ستیلایف) كرد تا گه‌یشتمه قۆناغی ماسته‌ر، له‌وێوه كاری مۆدێرن و پۆستمۆدێرنم كرد، به‌ڵام كاتێك كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات خۆم بۆ پێشانگەی تایبه‌تی ئاماده ده‌كه‌م هه‌وڵده‌ده‌م پڕۆژ‌ه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرم كه هه‌ڵگری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م بێت، له‌وانه ناونیشانی یه‌كێك له پێشانگەكانم (هونه‌ر به فۆڵكلۆره‌وه جوانه)، زیاتر ئه‌و فۆڵكلۆره‌ش به نمایشكردنی ئێكسسوار‌ات و جلوبه‌رگی كوردیه چ پیاو بێت یان ئافره‌ت، به‌ڵام زیاتر چڕکردنەوەكه‌م له‌سه‌ر ئافره‌تانی كورد به جلوبه‌رگی كوردی و قژ داهێنان و ئارایشت كردن و ته‌شی ڕستن و دروومان و ڕووهه‌ڵگرتن و خه‌نه‌به‌ندان و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه هه‌ڵگری سمبولی كوردین، خۆشم له‌و شێوازه به سه‌ركه‌وتوو داده‌نێم، چونكه كاره هونه‌رییه‌كانم بینه‌رێكی باشیان هه‌یه و توانیوومه به‌و ستایله خۆم بناسێنم.
*به‌گشتی هونه‌ری شێوه‌كاری چۆن ئه‌بینیت؟ ئایا له چاو ساڵان پێشكه‌وتنی به خۆیه‌وه بینییە؟
نه‌خێر، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی كه هه‌یه به هه‌موو لایه‌نه‌كانی و هه‌بوونی كه‌رسته‌ی نوێی و پێشكه‌وتوو كه جاران زۆر به زه‌حمه‌ت به ده‌ستمان ده‌كه‌وت، ئێستا له په‌ڕاوگه‌كان و ئه‌و شوێنانه ده‌ستده‌كه‌وێ كه كه‌رسته‌ی هونه‌ری ده‌فڕۆشن، یان به ئۆنلاین ده‌توانرێت داوا بكرێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه پێشكه‌وتنه‌كه به پێی پێویست نییه، هه‌روه‌ها ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی كه باڵی به‌سه‌ر هه‌موو جیهانه‌وه داگرتییه ڕۆڵێكی یه‌كجار زۆری كردۆته سه‌ر داهێنان و ئه‌فڕاندنی كاری هونه‌ری ناوازه.










