خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- لە میانی یارییە دواخراوەکانی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، هەینی ڕابردوو، لە یاریگای یانەی وەرزشی زەورا، هەردوو یانەی کارەبا وهەولێر لە یارییەکی دواخراودا ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.

گێمی یەکەم یانەی کارەبا بەپلانی هێرشبردن یارییەکەیان دەستپێکرد و هەر لە سەرەتای یارییەکەدا، هەولیر بە ئاستێکی خراپ لە نێو یاریگا دەرکەوتن و بالادەستی تیپی خاوەن یاریگا کۆنترۆڵی یاریگای کردبوو، ئەوەبوو لە خولەکی 7 دا لە رێگەی یاریزان مەحمود خەلیل گۆڵی یەکەم دژی یانەی هەولێر تۆمار کرا، دوای تێپەربوونی 9 خولەک بەسەر تۆمار کردنی گۆڵی یەکەم، دووبارە یانەی کارەبا هێرشەکانیان چڕتر کرد بۆ سەر گۆڵی یانەی هەولێر، تا بەزووترین کات گۆڵی دووەم و متمانە تۆمار بکەن، ئەوەبوو لە خولەکی 18 دا یاریزانی یانەی کارەبا ئەمیر فەیسەڵ گۆڵی دووەم و متمانەی بۆ تیپەکەی خۆی تۆمار كرد، کەش هەوای یارییەکەی بەتەواوی گۆڕی، بەم شێوەیە تا کۆتایی گێمی یەکەمی یارییەکە ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە.

گێمی دووەم دەستیپێکرد و هەولێر لە ڕێگەی هێرشبەرەکانی محەمەد قاسم و عەلی موحسین، چەندین هەڵی ئاسانیان بۆ دەڕەخسا بەڵام نەیاندەتوانی ئەنجامی یارییەکە بگۆڕن، یانەی كارەبا لە دواساتەکاندا بەپلانی بەڕگری یارییان دەکرد بۆ پاراستنی ئەنجامی یارییەکە، ئەوەبوو لە کۆتا ساتەکانی یارییەکەدا، لە خولەکی 90 دا یانەی هەولێر لەرێگەی یاریزان محەمەد قاسم گۆڵی یەکەمی بەلێدانی سزا تۆمار کرد، پاشان لەخولەکی 99ـی زیادکراوی یارییەکەدا، یانەی کارەبا لە رێگەی یاریزان ئیڤان خالید گۆڵی سێیەمی تۆمار کرد، بەمشێوەیە تا کۆتایی گێمی دووەم یارییە بە پێشکەوتنی یانەی کارەبا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایی هات، بەم ئەنجامەش یانەی کارەبا کۆی خاڵەکانی بوو بە 37 خاڵ و چووە پلەی دوانزەی ڕیزبەندی خولەکە، یانەی هەولێریش بەم دۆڕاندنە بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ لەپلەی پازدەی ڕیزبەندییەكە مایەوە، شایەنی باسە یانەی هەولێر دوای کۆتایی هاتنی سەپاندنی سزاکان، كە دوو یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەنجام بدات، ئەمجارەیان لە نێو یاریگای فرەنسۆ هەریری، میوانداریی یانەی نەجەف دەکات.