بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی: ئەگەر لە ماوەی 45 ڕۆژدا نەمانتوانی 700 هەزار تۆن گەنم وەربگرین، داوای درێژكردنەوەی ماوەكە دەكەین

خەبات: عەلی بانیشاری:- بۆ ئەمساڵ لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار تۆن و لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆك 189 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت. وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان پشت بەو پسولانە دەبەستین كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەدرێت بە جووتیاران، هەر جووتیارێك پسولەی پێ نەبێت گەنمی لێ وەرناگیرێت. وەزارەتی بازرگانیی عێراق ماوەی 45 ڕۆژی دیاریكراوە تاوەكو جووتیارانی كوردستان گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆكان بكەن. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم دەڵێت: ئەگەر لەو ماوەیەدا نەتوانرا ئەو 700 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت كە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكردووە، ئەوا بەدڵنیاییەوە داوای درێژكردنەوەی كاتی وەرگرتن دەكەین.

بێ پسولەی وەزارەتی كشتوكاڵ، گەنم لە جووتیاران وەرناگیرێت
ڕۆژی پێنج شەممە 6ـی حوزەیرانی 2024 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بوو بە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم و كردنەوەی دەرگای سایلۆكان بە ڕووی جووتیاراندا، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: بۆ وەرگرتنی گەنم پشت بەو پسولانە دەبەستین كە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەیدات بە جووتیاران، هەر جووتیارێك بیەوێت گەنمەكەی ڕادەستی سایلۆ بكات پێویستە پسولەی وەزارەتی كشتوكاڵ بێت، بەپێچەوانەوە ئێمە ناتوانین گەنم لە جووتیاران وەربگرین.

دواتر حیدر گرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە و نوێنەری وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند: لەسەر ڕەزامەندی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت و ئەو بڕەش دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك. گوتیشی: لە ئێستادا 5 ملیار دینار خراوەتە سەر ئەژماری بانكیی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی و لە چەند ڕۆژی داهاتوویشدا 20 ملیار دیكە دەخرێتە سەر ئەژماری بانكیی وەزارەتەكە.

دووبارە پشكنین بۆ گەنم ناكرێتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئەوەشی گوت، لەگەڵ ڕادەستكردنی گەنم بە سایلۆكان، جووتیارانی هەرێمی كوردستان قۆناغ بە قۆناغ شایستە داراییەكانیان وەردەگرن. پاشان سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانیی گوتی: هەر گەنمێك جاری یەكەم لە پشكنین دەرنەچوو، ناتوانین جارێكی دیكە پشكنینی بۆ بكەینەوە، بۆیە داوا لە جووتیاران دەكەین ئەو گەنمەی هەیانە لە پێش ئەوەی بیبەنە سایلۆ پوختەی بكەن. گوتیشی: داوامان لە جووتیاران ئەوەیە پابەندی ئەو ڕێنمایانە بن كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكان لە بنكەكانی وەرگرتنی گەنم هەیە.

چارەنووسی ئەو گەنمە چی لێدێت كە دەكەوێتە دەرەوەی سایلۆكان؟
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پلانی وەزارەتەكەی بۆ گەنمەی لە دەرەوەی سایلۆكان دەمێنێتەوە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: تاوەكو ئێستا بەرچاومان ڕوون نییە كە ئایا ئەو بڕە گەنمەی لە دەرەوەی سایلۆ دەمێنێتەوە چی لێ دەكەین و بۆ ئەو مەبەستە هیچ بڕیارێك نەدراوە و پلانێكی دیاریكراومان نییە. گوتیشی: بەشێك لەو گەنمەی دەكەوێتە دەرەوەی پلانی وەرگرتن، بۆ بنەتۆو هەڵدەگیرێت و بەشێكی دیكەشی هەردوو كۆمپانیای قەیوان و خۆشناو دەیكڕنەوە، چونكە پێویستیان پێیەتی بۆ بەكارهێنان، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەر تۆنێك گەنمی نمرە یەك بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت. بەپێی پێشبینییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەگاتە زیاتر لە ملیۆن تۆن.

نەوزاد شێخ كامیل بەرێوەبەری گشتی بازرگانی

نەوزاد شێخ كامیل زیاتر گوتی: ئەگەر گەنم لە ڕەسید مایەوە وەكو ساڵی ڕابردوو هەوڵدەدەین چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە و بیدەین بە كۆمپانیاكانی خۆشناو و قەیوان. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەمساڵ دیار نییە چەند هەزار تۆن گەنم لە دەرەوەی سایلۆ دەمێنێتەوە.

250-300 هەزار تۆن گەنم دەكەوێتە دەرەوەی پلانی وەرگرتن
بەپێی زانیارییەكانی (خەبات) ساڵانە 250-300 هەزار تۆن گەنم لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن دەمێنێتەوە. بەشێك لەو گەنمەی لە سایلۆ وەرناگیرێت لە بازاڕدا بەنرخێكی كەمتر لەو نرخەی كە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دیاریكردووە دەفرۆشرێت. (خەبات) زانیاری ئەوەشی دەستكەوتووە بازرگانانیی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساڵانە لە كاتی وەرزی دروێنە دێنە هەرێمی كوردستان و گەنمی جووتیارانی كورد بە نرخێكی كەمتر لە نرخی سایلۆ دەكڕن و لە ناوچەكانی خۆیان بە مەرجی گەنمی ناوەڕاست و خواروو ڕادەستی سایلۆی دەكەن، بەو پێیەی وەرگرتنی گەنم لەو ناوچانە كراوەیە.

نەوزاد شێخ كامیل ئەوەشی گوت: ساڵی ڕابردوو جگەلەو 500 هەزار تۆن گەنمەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی وەرگرت، هەردوو كۆمپانیانی قەیوان و خۆشناویش 7000 تۆن گەنمەی دیكەیان لە جووتیاران كڕییەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ڕاشیگەیاند: ماوەی 45 ڕۆژ دیاریكراوە بۆ ئەوەی جووتیاران گەنمی خۆیان ڕادەستی سایلۆ بكەن، ئەگەر توانیمان لەو ماوەیەدا 700 هەزار تۆن گەنم وەربگرین ئەوە باشە، ئەگەرنا داوای درێژكردنەوەی كاتەكە دەكەین.

11 سایلۆ گەنمی جووتیاران وەردەگرن
لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان 11 سایلۆی حكوومی هەن كە گەنمی جووتیاران وەردەگرن. بەپێی داتاكانی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی، تەواوی سایلۆكان توانای كۆگاكردنی یەك ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە. نەوزاد شێخ كامیل دەڵێت: هەر یەكێك لەو سایلۆ حكوومیانە بە تەنكەرەكانیانەوە لە توانایاندایە 15 بۆ 140 هەزار تۆن گەنم وەربگرن.

پێشتر هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاندبوو، 16 هەزار و 799 جووتیار لە سنووری پارێزگای هەولێر ناوی خۆیان لە پڕۆسەی بەبازاڕكردنی دانەوێڵە تۆماركردووە. ئەوەشی گوتبوو، جگەلە سنووری مادەی 140، ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بە گەنم داچێنراوە.

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ وەزری چاندنی 2024-2023 لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی كراوە بە گەنم، ئەوە لەكاتێكدایە وەرزی چاندنی 2023-2022 دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێنرابوو.