شنۆ نوری سەرپەرشتیاری پەروەدەیی: نەبوونی پسپۆڕی وكەمكردنەوەی ڕۆڵی سەرپەرشتیاران وزۆری ئەركی بەڕیوەبەركێشەكانی ئەم پڕۆژەیەن
سەمیرغەریب سەرپەرشتیاری پەروەردەیی:هۆكاری نەبوونی دادپەروەری لە هەڵسەنگاندنەكان ئەوەیە پڕۆژەكە جێگای خۆی نەگرتووە
خەبات:ڕۆشنا عەلی:- هێشتا بەشێكی زۆری پەروەدەكاران لە مامۆستایان و بەڕێوەبەران و بەشێكی سەرپەرشتیارانیش پڕۆژەی بنیادنانی تواناكان بە پڕۆژەیەكی پڕلە ڕۆتینییاتی ئیداری دەزانن و پێیان وایە هەڵسەنگاندنێكی دروست و كاریگەر نییەو نادادپەروەری زۆری تێدا دەكریت،لاپەڕەی پەروەردە لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەم پڕۆژەیە جێگای ڕەزامەندی نییە ئەم ڕاپۆرتەی ئامادەكردووە:
بەشێكی زۆری پەروەردەكاران و بەردەوام لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەم پڕۆژەیە بە پڕۆژەیەكی ناداو تاڕادەیەكیش بێ سوود وەسف دەكەن هۆكاری ئەم ڕەتكردنەوەیەش پاساوەكەی ناگشتگیر بوونی پڕۆژەكەیە مامۆستاو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی شنۆ نوری عەبدوڵا لە یەكەی سەرپەرشتیاریكردنی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات كە ئەم پڕۆژەیە ئەگەرچی پڕۆژەیەكی باشەو توانیویەتی قوتابی و مامۆستاو دایكان و باوكان و تەنانەت كۆمەڵگاش بەشداری پێبكات لە قوتابخانەدا ،بەڵام بۆچوونێكیش هەیە كە پسپۆڕی پەروەردەیی لەم پڕۆسەیەدا نەماوەوڕۆڵی سەرپەرشتیاران پشتگوێخراوەو ئەركی بەڕێوەبەر زیادی كردووە ئەوەش وایكردووە كەم و كوڕی لە پرۆژەكەدا هەبێت، ئەو لەمبارەیەوە بۆ خەبات گوتی: پڕۆژەی بنیادنان پڕۆژەیەكی نوێی پەروەردەییە مەبەستیش لێی بەسەنتەر بوونی مامۆستاو قوتابییە بە هاوكاری كەس و كاری قوتابی پڕۆژەیەكی باشە كەسایەتی ڕاستگۆ دروست دەكات ،چونكە وادەكات هەریەكە لە مامۆستاو قوتابی و كارگێڕی باشتر بتوانن خۆیان و كاروبارەكانییان هەڵبسەنگێنن، بێگومان هەموو تازە گەرییەك خەڵكی ئێمە بەزەحمەت قبوڵی دەكات هەڵە تێگەشتن لەم پڕۆژەیە وایكردووە بەشێك لە مامۆستایان و سەرپەرشتیارانیش لەگەڵی نەبن ئەم پڕۆژەیە قووڵبوونەوەی وردی دەوێت و پێویستی بە تێگەشتن و خوێندنەوەیە تا ئەو كاتەی ڕێڕەوەكەی دەدۆزریتەوە و كاری لەسەر دەكرێت.
لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە بە نیازە كۆنفڕانسێك ببەستێت بۆ دەسكارریكردنی هەندێك خالێ پڕۆژەكە هەندێك بابەت زیاتر بوروژێنرێت وەك ئەوەی رۆڵی سەرپەرشتیاران دیاریبكرێت و رۆڵی بۆبگێڕێتەوە بەڕێوەبەرو مامۆستا كارەكانییان بۆ ئاسانتر بكرێت وكاریش لەسەر پسپۆڕی بكرێت.
*زۆرێك لەپەروەردەكاران بەجۆرێك هاوڕای پڕۆژەكە نین كە سەر لەبەری ڕەتدەكەنەوە دەربارەی ئەوەی كە ئایا كوێی ئەم پڕۆژەیە بۆتە لەمپەڕ لەبەردەم پەروەردەكاراندا ئایا ڕەتكردنەوەی هەمووی یان دەسكاریكردنی بەشێكی وادەكات جوێگای خۆی بكاتەوە؟لەمبارەیەوە مامۆستا شنۆ گوتی:ئەوەی زۆر جێگای كێشەیە بۆ ناوەندەكانی خوێندن و باس دەكرێت وەلانانی پسپۆڕییە هەرچەندە باس لەوەكراوە كە خول بكرێتەوە بۆ مامۆستایان لە بواری پسپۆڕی،بەڵام نەكراوە بۆیە پێویستە ئەم بابەتە لەناو پڕۆژەكەدا جێگای بكرێتەوە، چونكە ئەمە گرنگە ڕاستی وانە وتنەوە دەداتە مامۆستاو لە وێشەوە دەگاتە قوتابی بۆیە ئاساییە ئەگەر ئەركێكی زیاتر بكەوێتە سەر شانی سەرپەرشتیاران، بەڵام وانەیەكی دروست بگاتە قوتابی.
*بەشێكی دیكەی ئەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ئەم پڕۆژەیە دەبێتەوە نەبوونی دادپەروەرییە لە هەڵسەنگاندن و پێدانی ئاست بە قوتابخانەكان كە زۆرێك لە بەڕێوەبەران و مامۆستایان پێیان وایە مەزاجی هەڵسەنگێنەر كە سەرپەرشتیارە ڕۆڵ دەبینێت ئایا ئەم بۆچوونە تاچەند ڕاستە؟ لەمبارەیەوە مامۆستا سەمیرغەریب مستەفا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی شارەزووربۆ خەبات گوتی: لە هەموو كوردستان ئەگەر سەیر بكەین خۆشنەویستنێكی ئەم پڕۆژەیە هەیە هەر لەلای یاردەدەرو مامۆستاو بەڕێوەبەرهۆكاری سەرەكی ئەوەیە بە ئاسانی تێگەشتن لەم پڕۆژەیە زەحمەتە وهەزم ناكریت نیمچە تاقیكردنەوەیەكە تیای دەرئەچی یان دەرناچی ئاستی دوو بێنێ نەنگییە بۆ قوتابخانەو بەڕێوەبەر بۆیە ئەم پڕۆژەیە دەبێت جێگای خۆی بگرێت بە چەندین كۆبوونەوەو قسە لەسەركردن، چونكە دواجار ژیان بۆ دواوە ناگەڕیتەوەو ناتوانین بچینەوە سەر سیستەمی كۆن، ڕاستە ئەم چەند ساڵە بە هۆی بایكۆت و كێشەی مووچەو كێشەی دیكە خوێندنەكە گرفتی تێدایەو ئەم پڕۆژەیەش تارادەیەك وەلانراوە بۆنموونە ئەمسال لە سنوری بایكۆت ئەنجام نەدرا.
بۆیە نەپەرژاونەتە سەر ئەوە،بەڵام هێشتا خەڵكێكی دڵسۆزهەن كە كارو پێشنیاری باشییان هەیە بۆ بەرەو پێشبردنی دواجارهیچ كارێك مرۆڤ پێی هەستێ دەقاو دەق بێ كەم و كوڕی نییە ڕەنگە كێشەی هەبێت و تاڕادەیەك دروست نەبێت ،بەڵام دواجار هەر جێگای خۆی دەگرێت یان دەكرێت نزیك بێتەوە لەوەی تاڕادەیەكی باش دروست بێت،ئەگەر ئەمساڵ كەم و كوڕی هەیە ساڵیكی دیكە باشترو باشترتا جێگای دەبێتەوە هەركات جێگای خۆی گرت وتیگەشتن هەبوو دادپەروەریشی تێدا دەبیت.