زیبا تەها: دەبێت ئافرەت لە خودی خۆیەوە دەستپێبكات و لە ڕووی دەروونییەوە ئەو بڕوایە بۆ خۆی دروستبكات كە سیاسەت و كایەی سیاسی هەر بۆ پیاو نییە بەڵكوو بۆ خودی ئافرەتیشە.

نەرمین سندی: ئافرەت ستوونی پێشخستنی پەروەردەكردنە لە خێزاندا، بەها و نەریتە كولتوورییەكان دەپارێزێت و دەیانگوازێتەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو.

د. جوان ئیسماعیل: ئافرەتان دەتوانن ببنە هێزێكی بزوێنەر بۆ گۆڕانكاری لە ڕێگەی ڕۆڵ بینینیان لە پەروەردە

خەبات: پەریهان عومەر:- سەرەڕای ئەوەیكە ئافرەتان ساڵانێكە خەبات لە پێناوی پێگەیاندنی خۆیان و شكاندنی بەربەستی جێندەر دەكەن، بەڵام لە درێژەی ڕێگاكەدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، بە تایبەت لە بواری سەركردایەتیدا. ئەمڕۆكە گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە شێوازی وەرگرتنی پۆستی سەركردایەتی ئافرەتان و كاریگەرییان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حكوومڕانی بەڕوونی دەبینین، ئافرەتان لە سەركردایەتیدا زۆرێك لە بەربەستەكانیان شكاندووە و بەهۆی ئیرادە و باوەڕبوون بە تواناكانیان، بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بوون و توانیویانە سەركەوتنی بەرچاو لە بوارە جیاوازەكاندا بەدەستبهێنن، ئەوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەیسەلمێنن كە دەتوانن بێ‌ جیاوازی ڕەگەزی لە هەر پۆست و پلەیەك سەركەوتن بەدەسبێنن.

زیبا تەها سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە دەڵێت: گۆڕانكاری ئەرێنی و پێشكەوتن لە كۆمەڵگەدا پێویستی بە توانای ئافرەت و پیاویش هەیە، ئەمەش بەپێی سادەترین بنەما كە كۆمەڵگە چۆن لە پیاو پێكدێت هەر ئاوا لە ئافرەتیش پێكدێت، كەواتە گۆڕانكاریەكان پێویستیان بە هەر دوو ڕەگەز هەیە، ئافرەت و پیاو لە ڕووی پێگە و پایەی مرۆڤایەتییەوە یەكسان و هاوشانن، بەڵام هەر یەكەیان لە باری سایكۆلۆژی و توانا و سرووشتەوە تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە. ئافرەت بە تایبەتمەندییەكانی وردبینی و ڕوانگەیەكی هاوسەنگ بۆ ژیان ناسراوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە تواناكانی ئافرەت كە بە درێژایی سەدەكان ڕێ لە پێشكەوتن و گەشەسەندنیان گیراوە، ئەو ماتە وزەیەن كە یەكجار پێویستن بۆ گۆڕانكاری بۆ پێشكەوتن بۆ ئابوورییەكی گەشەسەند و سیاسەتێكی میانڕەو و كۆمەڵگەیەكی ساخلەم. ئافرەتان بە بڕوابەخۆبوون و بە خۆپێگەیاندن و بە ویست و خواستەوە دەتوانن ئاستەنگەكانی پێش بەشداربوونیان لە پرۆسەی سیاسی بە هەموو ئاستەكانی تێكبشكێنن، دەتوانم بە پلەی یەك بڵێم خودی ئافرەت یەكەم هەنگاوە و دەبێت ئافرەت لە خودی خۆیەوە دەستپێبكات و لە ڕووی دەروونییەوە ئەو بڕوایە بۆ خۆی دروستبكات كە سیاسەت و كایەی سیاسی هەر بۆ پیاو نییە بەڵكو بۆ خودی ئافرەتیشە، دواتریش خێزانەكان پاشان حزبە سیاسییەكان وەك دەروازەیەكن بۆ بەشداری ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی. بەپێی تایبەتمەندییە دەروونییەكانی ئافرەت بەهۆی ڕوانگەی هاوسەنگانە و میانڕەوانەی ئافرەت، بەهۆی تایبەتمەندی دایكایەتی و هەستی بەرپرسیاریەتی و بە زۆر هۆكاری دیكەش وەك میانڕەوی و ئاشتیخوازی ئافرەت دەتوانێت سیاسەتێكی جیاوازتر و باشتر پەیڕەو بكات، تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش ئەوە سەلمێندراوە كە ئافرەت تا ڕادەیەكی باش دەتوانێ سەركەوتوو بێت لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی نەرمتر و میانڕەوتر كە بە خێر بۆ كۆی كۆمەڵگە بگەڕێتەوە.

دكتۆرە جوان ئیسماعیل مامۆستا لە زانكۆی سەلاحەدین لەو بارەوە وتی: ڕۆڵی ئافرەتان لە گەیشتن بە گۆڕانكاری و گەشەسەندنی ئەرێنی لە كۆمەڵگاكاندا دەتوانێت فرەلایەنە و كاریگەرییەكی یەكجار زۆری هەبێت، پێش هەموو شتێك ئافرەت توانا و لێهاتوویی ناوازەی هەیە كە وایان لێدەكات بتوانن گۆڕانكاری كاریگەر بهێننە كایەوە، لە ڕووی مێژووییەوە ئافرەت داهێنان و داهێنەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان و پەرەپێدانی چارەسەری ئەرێنی بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان هەبووە و نیشانیانداوە زۆرجار ئافرەتان ڕێبازی جیاواز بۆ پرس و ئاستەنگەكان دەگرنەبەر و دیدگای هەمەچەشن و داهێنەرانە دەهێننە سەر مێزی گشتی، جگە لەوەش ئافرەتان دەتوانن ببنە هێزێكی بزوێنەر بۆ گۆڕانكاری لە ڕێگەی ڕۆڵ بینینیان لە پەروەردەدا بەو پێیەی پەروەردەی ئافرەتان دەتوانێت بەرەوپێشچوونی بەرچاوی كۆمەڵایەتی و ئابووریی لێبكەوێتەوە، جگە لەوەش بەشداری ئافرەت لە كاری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا دیموكراسی بەهێز دەكات و شەفافیەت و لێپرسینەوە بەرزدەكاتەوە، ئافرەت دەرفەتێكی بۆ ڕەخساوە كە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی و پێداویستییەكانی گرووپە پەراوێزخراو و بێبەشەكانی كۆمەڵگا بكەن، بە گشتی بەهێزكردنی ئافرەت و هاندانی بەشداریكردنیان لە هەموو لایەنەكانی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا دەتوانێت بەشدارییەكی بەرچاو لە بنیاتنانی كۆمەڵگەی پێشكەوتووتر و ئاوەدانتر و گەشەسەندووتردا هەبێت.

خەسڵەتەكانی ئافرەتان لەو بەشانە پێكدێت، توانای پەیوەندیكردن بە شێوەیەكی كاریگەر: زۆرجار ئافرەتان توانای پەیوەندیكردنیان بەرزە، ئەمەش وایان لێدەكات پەیوەندییەكی باش و كارلێككارانە لەگەڵ تیمەكە و كۆمەڵگەی دەوروبەری دروستبكەن، توانای گوێگرتن و هاوسۆزی: ئافرەتان دەتوانن زیاتر لە كێشەكانی كەسانی دیكە تێبگەن و هاوسۆزی بن، ئەمەش وایان لێدەكات بە شێوەیەكی كاریگەر وەڵامی پێداویستییەكانی ئەندامانی تیمەكە بدەنەوە، توانای بیركردنەوەی داهێنەرانە: ئافرەت دەتوانێت دیدگای داهێنەرانە و چارەسەری نوێ بۆ كێشەكان بهێنێت، بیركردنەوەی ستراتیژی و توانای تیمەكە بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بەرزبكەنەوە.

توانای كاركردن لە ژینگەیەكی هاوبەشدا: زۆرجار ئافرەت خاوەنی كارامەیی هاوكاری و دروستكردنی تیمە، ئەمەش وایان لێدەكات كاری تیمی هان بدەن و بە شێوەیەكی كاریگەر ئامانجەكان بەدەستبهێنن، توانای بەڕێوەبردنی كات و ڕێكخستن: ئافرەت توانای بەڕێوەبردنی كات و ڕێكخستنی ئەركەكانیان هەیە، ئەمەش یارمەتیان دەدات بۆ گەیشتن بە سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجە دیاریكراوەكان. ڕێژەی گەندەڵی لە دامودەزگاكان و كۆمەڵگاكاندا بەشێوەیەكی ئاڵۆز ڕوودەدات و لەژێر كاریگەریی زۆر هۆكاردایە، لەوانە ڕۆشنبیری، سیستەمی یاسایی، ئابووری، مێژوو، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، بەڵام مەرج نییە بە وردی دیاری بكرێت كە ئایا جیاوازی لە ئاستی گەندەڵی نێوان ژن و پیاودا هەیە یان نا. ئەنجامی توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئافرەتان لە هەندێك حاڵەتدا كەمتر تووشی گەندەڵی دەبن بەهۆی هۆكارە كۆمەڵایەتییەكانی وەك بەهرەمەندبوون لە پێگەیەكی كۆمەڵایەتی سەربەخۆ یان تاڕادەیەك پارێزراو و زیاتر ئاراستەكردن بەرەو بەها كۆمەڵایەتییەكان كە هاندەری یەكپارچەیی و ئەخلاقن.

نەرمین سندی ڕاوێژكاری میدیایی ڕای خۆی بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: ئافرەتان هەمیشە ڕۆڵێكی سەرەكییان لە گۆڕانكاری و گەشەسەندنی كۆمەڵایەتیدا لە كۆمەڵگا جۆراوجۆرەكاندا بە درێژایی مێژوو گێڕاوە. ئەو تەنها نیوەی كۆمەڵگا نییە، بەڵكو دایك و مامۆستا و پزیشك و ئەندازیار و سیاسەتمەدارە و هاوبەشێكی جەوهەرییە بۆ پیاوان لە بنیاتنانەوە و پێشخستنی شارستانیەتدا. ئافرەتان بەشداری لە گۆڕانكاری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیدا دەكەن، بۆ نموونە لە كەرتە ئابوورییە جیاوازەكاندا كاردەكەن و بەشداری دەكەن لە زیادكردنی بەرهەمهێنان و باشتركردنی ئاستی ژیان.

ئافرەت ستونی پێشخستنی پەروەردەكردنە لە خێزاندا بەها و نەریتە كولتوورییەكان دەپارێزن و دەیانگوازنەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو. ئافرەت وزەیەكی گەورە و سەرچاوەیەكی مرۆیی پێویستن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەی بەهێز و پێشكەوتوو بە پشتیوانیكردن و بەهێزكردنی ئافرەتان دەتوانین كۆمەڵگایەكی دادپەروەرتر و ئاوەدانتر، و داهاتوویەكی باشتر بۆ نەوەكانی داهاتوو بەدەست بهێنین، بەڕای من سەركەوتن لە سەركردایەتی كردندا پەیوەستە بە كارامەیی و توانا و چەندین خەسڵەتی دیار و بەهێزی سەركردایەتی، چ پیاو چ ئافرەت، لەگەڵ ئەوەش دا سەرەڕای هەبوونی خەسڵەتەكان زۆرجار ئافرەتان بەهۆی سرووشتی خۆی و سەركەوتنی لە وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی ڕەنگدانەوەیەكی ئەرێنی لەسەر كاریشی هەیە كە میهرەبان و پشۆدرێژە و ئەركەكەی بە جوانی بەجێ دەگەیەنێت.