خەبات: مسلم دۆلەمەری:- مینا هۆشیار محەمەد خاتوونێكی لێهاتووە لەبواری كاری دەستی ودیزاینەریدا، ئەو خاتوونە دەرچووی زانكۆی سەلاحەدین كۆلێژی ئاداب بەشی فەلسەفەیە، بەڵام لەبەر حەزی منداڵی ودەستڕەنگینی لەكاری دەستی و دیزاینەری توانیویەتی وەك ئافرەتێكی سەركەوتوو لەم بوارەدا خۆی بدۆزێتەوە. لەم دیدارەدا باس لە ئەزموونی خۆی دەكات لە كاری دەستی ودیزاینەریدا.
هاتنی بۆ جیهانی كاری دەستی و دیزاین
ـ سەبارەت بەوەی كەی هەنگاوی ناوە بۆنێو جیهانی كاری دەستی ودیزاینەری و جۆرەكانی گوتی: من لەو كاتەی كە قوتابی كۆلێژ بووم دەستم بەكاری دەستی كردووە، ڕۆژبەڕۆژ پەرەم پێدەدا، بەڵام لەبەر خوێندن تەنها هەوڵمدەدا كە كارەكەم فراوان بكەم و زیاتر كارە دەستیەكانیشم جۆراوجۆر بكەم. دوای ئەوەی كە خوێندنم تەواوكرد زیاتر پەرەم بەكارەكەم دا بۆئەوەی بتوانم كارەكانم بخەمە بازاڕ و كڕیارەكانم زیاتر بكەم. كارەدەستیەكانم جۆراوجۆرن وەك ( ئێكسسواراتی ئافرەتان، هەندێ پێداویستی پیاوان، پێداویستی منداڵان هتد…) كاری دیزاینەكەشم زیاتر دیزاینی جلوبەرگی ئافرەتانە بەتایبەت نەخشاندنی جلەكانیان بە هەندێ شتی سەردەمیانە.
هەبوونی بیرۆكە بۆ كاری نوێ
ـ دەربارەی ئەوەی كە كارەكانی بیرۆكەی خۆیەتی یان داواكاری و بیرۆكەی كڕیارەكانیەتی دەڵێت: زۆربەی كارەكانم داواكاری و بیرۆكەی كڕیارەكانمن، زۆرجاری واش هەیە هاوكاریان دەبم لە بیرۆكەكەیان وگۆڕانكاریان بۆدەكەم لەسەر داواكاری و حەزی ئەوان، بەڵام لەهەمان كاتیشدا من خۆم كاری دیزاینی خۆم دەكەم و ڕۆژ بەڕۆژ هەوڵدەدەم كاری دەستی و دیزاینی نوێ لەجلوبەرگی ئافرەتان بخەمە بازاڕەوە.
بوێری و هاتنی ئافرەتان بۆ مەیدانی كار
ـ دەربارەی ئەوەی كە ئافرەتی كورد وەك پێویست توانیویەتی بێتە نێومەیدانی كار و وەك پێویست پێشوازیان لێدەكەن روونیكردەوە: ئافرەتی كورد هەمیشە بوێر و بەتوانا بووە لە مەیدانی كاردا وەك ئێستا لە سۆشیال میدیا دەبینین ئافرەتی زۆر كاردەكەن لە زۆربەی بوارەكانداو زۆریش سەركەوتوون. خەڵكی ئێمە تاڕادەیەكی زۆرباش هاوكارن و كڕیاری كاری دەستی ئافرەتانن. واتا پێشوازی و خواستی ئەوان هاندانێكە بۆ بەردەوامی و زیاتر خۆماندووكردنی ئێمە. زۆر دڵخۆشم بەكارەكانم و پێموایە كارەكانم تێكەڵ بە ژیانم بووە و ناتوانم تا دواساتی تەمەنم وازی لێبێنم. خێزانەكەشم بەكارەكانم زۆر دڵخۆشن و بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیم دەكەن. بێگومان ئەگەر ئەوان نەبوونایە زۆر گرفت و ئاستەنگ دەهاتنە سەر ڕێگەم.
هاوكاری ئافرەتانی دیكە لەو بوارە
ـ سەبارەت بەوەی كە تاچەند هاوكاری ئەو ئافرەتانە دەكەی كە خولیای پیشەكەی تۆیان هەیە گوتی: بەهەموو تواناكانم هاوكاری هەموو ئەو ئافرەتانەم كردووە كە ویستویانە فێری كاری دەستی یان كاری دیزاینەری ببن بەتایبەت لە ڕێگەی سۆشیاڵ میداوە كە زۆر پرسیارم لێدەكەن سەبارەت بەكارەكانم، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا كاتم نەبووە و نەمتوانیوە خولی تایبەت بۆئافرەتە بەڕێزەكانمان بكەمەوە. بێشك كردنەوەی خول هەندێ ئیمكانیات و شوێن و تێچووی دەوێت كە پێویستە بڕەخسێت و منیش هەوڵدەدەم یارمەتیدانەكەم بەرفرەوانتر بكەم، چونكە كاتێك لە خولێك ئامادە دەبیت شتەكان ڕووبەڕوویە و وەرگرتن و تێگەیشتن باشتر دەبێت.










