سهرهتا وتار شۆڕشی ٢٦ی گوڵان؛ ئیرادەی شۆڕگێڕیی پارتی بوو لە درێژەپێدان بە شۆڕشی ئەیلوول
کاروان محەمەد سینو
لەئەنجام گەلەکۆمەکی دوژمنانی کورد لە رێککەوتنی خیانەتکاریی ٦ی ئازاری١٩٧٥ (ڕێککەوتنی جەزائیر) و وەستانی کاتیی چالاکییە چەکدارییەکانی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەبوونی شۆڕشگێڕان و خانەوادەکانیان بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان. سەرەڕای سەختی بارودۆخەکە، ھەرزوو بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانە و کوردپەروەرانە؛ جەنابی مستەفا بارزانی دەستیکردەوە بە ڕێکخستنەوەی پارتی لەرووی ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی پارتایەتی کادیر و ئەو جەماوەرەی کە ئاوارەببوون. بۆ ئەم مەبەستە جەنابی مەلامستەفا بارزانی ھەردوو سەرکردەی گەنج (کاک مسعود و کاک ئیدریس بارزانی) ڕاسپارد کە لە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک و دوور لە چاوی دوژمن و سیخوڕەکانی (ڕژێمی شای ئێران و عێراق) چالاکانە دەستبکەنەوە بە ڕێکخستنەوەی پارتی لە ڕووی عەسکەری و حزبی و جەماوەری و خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش.
شایانی باسە لەمیانەی پڕۆسەی خۆڕێکخستنەوەی پارتی، ھەر لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ١٩٧٥ (واتا ٨ مانگ دوای نسکۆی رێککەوتنی جەزائیر)، جەنابی مستەفا بارزانی بڕیاریدا بە دامەزراندنی سەرکردایەتیی کاتیی شۆڕش و لە ١٠ی ١٢ی ١٩٧٥ بە دەستخەت و نووسین و ئیمزای سەرۆک مسعود بارزانی ئەم بڕیارەی جەنابی مستەفا بارزانی لە چوار لاپەڕەدا بەزمانی عەرەبی بڵاوکرایەوە. بەم شێوەیە قۆناغی دووەمی شوڕشی ئەیلوول ھەڵگیرسایەوە کە دواتر بە شۆڕشی ٢٦ی گوڵان ناونرا.
بێگومان ھەڵگیرساندنەوی شۆڕش لەبارودۆخێکی سیاسی و ئابووری خراب و لەئاوارەییدا پاش نسکۆیەکی خیانەتکارانە، کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ئیرادەی شۆڕشگێرانە و کاریزما و کاریگەریی کەسایەتی جەنابی مستەفا بارزانی و ئامۆژگاری و شیرەتەکانی جەنابیان کە (لەشکست نائومێد نەبن و لە سەرکەوتن مەغروور نەبن)، پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان و کاک ئیدریس و سەرۆک مسعود بارزانی وا راھێنابوو کە بەردەوامیدان بەشۆڕش و بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانپەروەرانەیە لەسەر شانی سەرکردایەتی و پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە پێویستە “نەوەستان تاکو سەرکەوتن”. لەسەر ئەم بنەمایە و زەروورەتی بەردەوامیدان بە شۆڕشی ١١ی ئەیلوول و ئیرادە و سووربوونی بارزانیی نەمر لەسەر بەدەستھێنانی مافەکانی سەرجەم خەڵکی کوردستان بڕیاردرا کە شۆڕشی گوڵان وەکوو تەواوکەری شۆڕشی ئەیلوول کار و چالاکی سەربازی و سیاسی دەستپێبکات.
ئەوەبوو لەشەوی ٢٥/٢٦ی ئایار (گوڵان) ١٩٧٦ لە دەڤەری حاجی ئۆمەران سنووری (بەردوناز) مەفرەزەیەکی پێشمەرگەکانی پارتی و بارزانی کە پێکھاتبوو لە (٢٤)پێشمەرگە بەسەرپەرشتی (سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی) ھێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سوپای عێراق لە (گردی سەڵەوات). پاش شەڕێکی قارەمانانە.. بەداخەوە فەرماندەی مەفرەزەکە(سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی) شەھید بوو و دوو لە ھەڤاڵانی بریندار بوون. بەم شێوەیە و پاش ئەم ھێرشە بەجەرگەی پێشمەرگەکانی پارتی و بارزانی و شەھیدبوونی یەکەم پێشمەرگەی پارتی پاش شۆڕشی١١ی ئەیلوول و لەبەر مەزنی ئەم رووداوە لەو کاتە ناسکەدا، بۆیە قۆناغی دووەمی پارتیزانی شۆڕشی ١١ی ئەیلوول ناونرا بە (شۆڕشی ٢٦ی گوڵان) و شەھید( سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی) بە یەکەم شەھیدی ئەم شۆڕشە ناوزەدکرا.