خەبات: سولین سلێمان:- خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ کیژان ئیبراهیم خەیات، پەردەوردەیی ناو خێزانێکی هونەرییە، هەم باوک، هەم خوشک و براکانی ڕۆڵێکی بەرچاویان لەبواری گۆرانی گوتن و میوزیک و هونەری نواندن هەبووە. خۆشی ساڵانێکە کار لەبواری هونەریی دەکات و خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی جوان و گوێگرێکی تایبەت بەخۆیەتی. بۆ ئەوەش بەشداریی لە چەندین ئۆرکێسترای جیهانیدا کردووە. کیژان لەم دیمانەیەدا بۆ ڕۆزنامەی خەبات بەو شێوەیە وڵامی چەند پرسیارەکانی داینەوە.

*کاری هونەری لە ئەوروپا چۆن دەبینی، کاری هونەری لە ئەوروپا یان کوردستان ئاسانترە
هونەری کوردی ئێستا بەهۆی تەکنەلۆژیاوە هەموو جیهانی پێکەوە گرێداوە، پێموایە لە کوردستان چۆنە لە ئەوروپاش بەهەمان شێوەیە، هەرچەندە لە هەندێک ڕوانگەوە کەمێک سەخترە بۆ نموونە کۆنسێرت کە زۆر بە زەحمەت دەکرێت، چونکە تێچووی زۆری دەوێت، بەڵام بە گشتیی کاری هونەر هەر سەختە و ماندووبوون زەحمەتی دەوێت.

*تۆ لە ئێستادا لە ئەوروپا دەژی بەرهەمی نوێت هەیە کە کاری لەسەر بکەی؟
تازەترین بەرهەمم لە ماوەکانی ڕابردوو بڵابۆیەوە کە گۆرانییەکی کوردی بوو بە هەردوو زمانی کوردی زمانی هۆڵەندی تۆمارم کردووە بۆ ڕۆژی هەشتی مارس، لە دوای ئەویش سێ بەرهەمی تریشم هەیە بەڵام کاری میوزیکی ماوە و کاری لەسەر دەکەین.

*لەو کاتەوەی چوویت بۆ ئەوروپا تا ئێستا لەوێ چەند گۆرانیت گوتووە و بڵاوکردۆتەوە؟
نزیکەی 4 تا 5 گۆرانیم دروستکردووە، سێیانیانم تۆمارکردووە تەنها ماوە بکرێن بە ڤیدیۆ کلیپ، من شاعیر نیم، بەڵام هەندێک جار کە دەمەوێت هەستە تایبەتەکانم دەرببڕم بیکەم بە گۆرانییەک هانا بۆ ئەوە دەبەم کە خۆم زیاتر بیری لێبکەمەوە هەستێکی زیاتر ئافرەتانە بێت.

*تۆ کە لە خێزانێکی هونەریدا گەورە بوویتە، ئەوە تاچەند بۆتە هۆی ئەوەی کە کاریگەری بکاتە سەر ئەوەی تۆش بەهەمان شێوە ببین بەهونەرمەند؟
من لە خێزانەکەمەوە پاڵپشتییەکی زۆر کراوم و ئەو بەرهرەیەی کە هەمە لە باوکم بۆم ماوەتەوە، چونکە ئەگەر بەرهرەکە نەبێت هەوێنی هونەرەکە نەبێت، کارێکی ئاسان نییە کە هەرچیەک بکەیت بگەیت بە ئەنجام. هاندانی ئەوان و بەهرەکەی من زۆر هانی منی داوە بۆ چوونم بۆ ناو بواری هونەر، لە پاڵ ئەوەش خۆم زۆر حەزم لە هونەرە، واتە هونەر خولیامە، لەهەر کاتێک یان لەهەر شوێنێک بم کە هونەر هەبێت یاخود میوزیک من سەرنجم بۆی دەروات، دەتوانم بڵێم بەختیشم لەم بوارە هەبووە، چونکە من لە خێزانێک گەورە بووم کە بۆ کچ عەیب نییە گۆرانی بڵێت یاخود کاری هونەری بکات، من کاتێکیش دەستم پێکرد زۆر لە تەلەڤزیۆنەکان و ئەو کەسانەی لەبواری هونەر کاردەکەن بەرەو ڕووم هاتن و دەستی یارمەتیان بۆ درێژکردم و پێشنیاری کاری نوێیان بۆ دەکردم تا زیاتر هەنگاوی باشتر بنێم، بۆیە هەموو ئەمانە بە بەخت بۆ خۆم دەزانم.

*ئەی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر درووستبوونی کیژان هەبووە لەو ڕووەوە؟
بێگومان پەیمانگەی هونەرە جوانەکان هاندەربوو تا زیاتر بێمە ناو کاری هونەرەوە، بۆ ئەوەش مامۆستاکان زۆر پاڵپشتم بوون، لە هەموو چالاکییەکانی ساڵانەی پەیمانگە من بەشداری فیستیڤاڵەکانم دەکرد و گۆرانیم دەگوت، تەنها ئەو ساڵەنەبێ کە باوکم تێیدا کۆچی دوایی کرد. دواتریش کە بووم بە مامۆستای میوزیک هەر لەناو میوزیک مامەوە، دواتر بەشی میوزیکم لە کۆلێژیش تەواو کرد، چونکە من هەر لەناو هونەرەدا بوومە پێموایە ئەوە هاندانێکی گەورەوە بووە بۆمن تاوەکو گەشە بکەم لەو بوارەدا.

*لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بەشی ئۆپێراشت خوێندەوە ئایا ئەو چەند پێشخستنی خستە کارە هونەرییەکانت؟
تەکنینکی گۆرانی گوتن لە جیهاندا جیاوازە وەک لە گۆرانی کوردی و سرووشتی کوردی چین و تەبەقەی دەنگ لە شوێنێکی ترە تێدا کە لە هەشت دەنگ زیاتر تێدەپەرێت، بە تایبەتیش گۆرانی فۆلکلۆری کوردی دەنگێکی زۆری ناوێت، بەڵام ئۆپێرا جۆرێکی ترە، هێزی دەوێت و ئەو تەکنیکانە لە زانکۆکانی جیهان دەخوێندرێن، بە خۆشحاڵییەوە من دەسپێکی ئەو بوارەم هەڵبژارد، هەرچەندە بۆمن سەختیش بوو، چونکە فێری ئەو ستایلە نەببووم تەنها گۆرانی کوردیم گوتبوو، هەندێک هونەرمەند پێیان وابوو کە بەهۆی ئۆپێراوە دەنگم بەلای ستایلی ئەوروپادا ڕۆشتووە، بەڵام خۆم پێموایە کە سوودم لێی بینیووە.

*یەکەم کاری هونەریت گۆرانییەک بوو بۆ زنجیرە درامایەک، تۆ ئەزموونی خۆت لەو کارەدا چۆن دەبینیت؟
ئەو گۆرانییەبوو کە بۆ درامایی (جومعە) م گوتبوو زۆر ناوبانگی منی درووستکرد، چونکە دراماکە (30) ئەڵقە بوو و ڕۆژانە خەڵک گوێی لەو گۆرانییە دەبوو لەماوەی ئەو سی ڕۆژە، ئەوە بۆ من ئەزموونێکی خۆشبوو، کاری میوزیکەکەی لەلایەن خالید سەرکارەوە بۆی دانرابوو، ئەوە بۆ من جێگەی دڵخۆشیبوو.