خەبات: فەیسەڵ حەمەدئەمین:- زیاتر لە (400) ملیۆن ئەوروپی لە ( 27 ) وڵاتدا خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا ئامادە دەكەن كە لە ( 6 تا 9 – حوزەیران – 2024 ) بەڕێوە دەچێت بە مەبەستی دیاریكردنی ( 720 ) نوێنەری ئاراستەی سیاسی و ئایدلۆژیای جیاواز .لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ( 705 ) نوێنەر بوو بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتە دیمۆگرافیانەی لە یەكێتیەكەدا ڕوو دەدەن ، ژمارەكە بۆ ( 720 ) نوێنەر بەرزكرایەوە.

كێبڕكێیەكی توند
پەرلەمانی ئەوروپا كە بارەگاكەی دەكەوێتە شاری ( ستراسبۆرگ ) ی فەرەنسا تاكە دامەزراوەی یەكێتی ئەوروپایە كە ڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنە گشتیەكاندا هەر ( 5 ) ساڵ جارێك هەڵدەبژێردرێ ، زۆرجار پێی دەوترێت هەڵبژاردنی یەكێتی ئەوروپا یان هەڵبژاردنی ئەوروپا ئەمەش بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی دامەزراوە سەرەكییەكانی یەكێتی ناوبراو كە ( پەرلەمان و كۆمیسیۆن و ئەنجومەن ) لە خۆ دەگرێت و بە گەورەترین پرۆسەی دەنگدانی سنوور بەزاندن دادەنرێت .هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ بە كێبڕكێی توند لە نێوان پارتە ئەوروپیەكان بە سەرجەم دیدگا جیاوازەكان خەریكە سنووری ڕكابەری تێدەپەڕێنێ ، ئەمەش دەرهاویشتەی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا كە هاوڕان لەسەر چەندین پرسی گرنگ و ئامانجی هاوبەش بە تایبەتی ڕەتكردنەوەی پرسی كۆچبەری .لە ساڵی ( 1979 ) یەكەم هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی پەرلەمانی ئەوروپا ئەنجام درا ، هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەیەمین وێستگە و كاروانی بەردەوامی ئەو پرۆسە دیموكراسیەیە و یەكەم هەڵبژاردنی دوای دەرچوونی ( بەریتانیا ) یە لە یەكێتی ئەوروپا ( بریكست ) .لە ساڵی ( 1979 ) ڕێژەی ئافرەتان لە نێو ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا گەیشتە ( 5 .16% ) لە دوای هەڵبژاردنەكانی ( 1999 ) ڕێژەكە بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆوە بۆ ( 7 . 29% ).

بە ژمارە
هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر بنەمای سیستەمی ڕێژەیی پەسند كراوە و لەو ئەندامانە پێكدێت كە بە پێی سەنگی سیاسی و دیمۆگرافیای هەر وڵاتێك نوێنەرایەتی وڵاتەكانیان دەكەن، بۆ نموونە ( ئەلمَانیا ) بە ( 96 ) كورسی بە وڵاتی خاوەن زۆرترین نوێنەر دادەنرێت ، پاشان ( فەرەنسا) بە ( 81 ) كورسی و ( ئیتالیا ) بە ( 76 ) كورسی ، لە ڕیزبەندەكانی دواوە وڵاتانی ( قوبرس ، لۆكسمبۆرگ ، مالتا ) هەریەكەو بە ( 6 ) كورسی كەمترین ڕێژەی نوێنەرایەتیان هەیە .پەرلەمانی ئەوروپا لەو فۆرمانە جیا دەبێتەوە كە پەرلەمانە تەقلیدییەكانی پارتە فەرمانڕەواكان و ئۆپۆزسیۆنەكان پیادەی دەكەن ، ( 7 ) بلۆكی سەرەكی پەرلەمانی سەر بە ( 116 ) پارتی ئەوروپین لە چوارچێوەی ئەو فۆرمەدا ڕێكخراون ، گەورەترین گرووپی سیاسی دوای هەڵبژاردن مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان هەیە و دوای هەڵبژاردن ئەندامانی پەرلەمان بە پێی ئایدیۆلۆژیای سیاسی بە گرووپ دادەنیشن جگە لە سەربەخۆكان ( 7 ) گرووپی سیاسی نوێنەرایەتی زۆرینەی بیروڕای سیاسی جیاواز دەكەن.

گرووپە سیاسیەكان
– گرووپی سۆسیال دیموكراتی ئەوروپی
– گرووپی پارتی گەلی ئەوروپا و دیموكراتەكانی ئەوروپا
– گرووپی سەوزەكان و هاوپەیمانی لیبرالی ئەوروپی
– گرووپی دیموكراتی ئەورپای یەكگرتوو
– گرووپی لیبرالەكانی ئەوروپا و پارتی چاكسازی
– گرووپی یەكێتی ئەوروپا
– گرووپی كۆنفیدرالی یەكگرتووی چەپی ئەوروپا ، چەپی سەوز

لەسەر ئاستی جەماوەری ، دوو جەمسەری سیاسی گەورە كە بریتین لە ( گرووپی پارێزەران و چاكسازیخوازانی ئەوروپی ) و ( گرووپی ناسنامە و دیموكراسی ) كە جیاوازی و ڕكابەری و ئالنگاری لە نێوانیان هەیە لە كاتێكدا هەموو هەوڵەكان بۆ نزیكبوونەوە و كۆكردنەوەیان بێ ئەنجام بووە ، گرووپی پارێزەران و ڕیفۆرمخوازان لایەنگری ئۆكراینا و فراوانكردنی هاوپەیمانی ( ناتۆ ) ن ، گرووپی ناسنامە و دیموكراسی لەو پرسەدا هەڵوێستیان تەواو پێچەوانەیە .پەرلەمانی ئەوروپا بە یەكێك لە كۆنترین دامەزراوەكانی یەكێتی ئەوروپا دادەنرێت ، مێژووی دامەزراندنی بۆ ساڵی ( 1952 ) دەگەڕێتەوە سەرەتا ( 78 ) نوێنەر بۆ ئەندامیەتی هەڵبژێردران لەو كاتەدا تەنها دەسەڵاتی ڕەمزیان هەبوو.

مێژوو
چەمكی پەرلەمانی ئەوروپا لە پەیمانی ڕۆما لە ساڵی ( 1957 ) هاتە ئاراوە .یەكەم هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی حوزەیرانی ( 1979 ) ئەنجام درا لە دوای جەنگی دووەمی جیهان ، ئەم هەڵبژاردنە بە هێزترین ڕاگەیاندنی ئاشتەوایی ئەوروپا بوو بۆ ڕەوینەوەی ئەو مەترسیانەی لەو سەردەمە لە ئارادابوون ، پەیماننامەكانی دواتری ئەوروپا دەسەڵاتی كاریگەری پەرلەمانی ئەوروپایان تۆكمەتر كرد بەتایبەتی پەیماننامەی ( ماستریخت ) ی ساڵی ( 1992 ) و پەیماننامەی ( ئەمستردام ) ی ساڵی ( 1997 ) كە پەرلەمانی ئەوروپای گۆڕی بۆ دامەزراوەیەكی یاسادانان كە ڕۆڵێكی هاوشێوەی پەرلەمانە نیشتمانیەكان ئەنجام بدات ، هەندێك دەسەڵاتی یاسادانان هەیە لە یەكێتی ئەوروپا بە دەزگای چاودێری ڕاوێژكاری دادەنرێت، چاودێری كارەكانی كۆمیسیۆنی ئەوروپا دەكات ، ئەندامەكانی پەسند دەكات ، بەشداری لە داڕشتنی یاساكان دەكات ، ڕێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان و پەیوەستبوونی ئەندامانی نوێ پەسند دەكات ، هەروەها دەسەڵاتی فراوانی هەیە سەبارەت بە بودجەی هاوبەشی یەكێتی ئەوروپا ، پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپا كە لە وەزیرەكانی وڵاتانی ئەندام پێكهاتووە دەستەی یاسادانان پێكدەهێنن.

پێشبینی
لە ڕووی مێژووییەوە پەرلەمانی ئەوروپا بە پارتە ناوەندگەرەكانی ( پارتی گەلی ئەوروپا ، ڕەوتی ڕاست ) و ( هاوپەیمانی پێشكەوتووخواز بۆ سۆسیالیست و دیموكراتەكان ، ڕەوتی چەپ ) و پارتی ڕاستی نوێ ، ڕەوتی ناوەند ) كە لە ساڵی 2019 پەیوەندییان بەم بلۆكە حزبیەوە كرد ، ئەم سێ لایەنە 60% ی كورسیەكانی پەرلەمان پێكدەهێنن ، چاودێرانیش پێشبینی دەكەن ئەم هاوپەیمانیە ژمارەیەكی زۆری كورسی لەدەست بدەن ، بلۆكە گەورەكانی ئەوروپا لە ڕەوتەكانی ناوەڕاستی راست و ناوەڕاستی چەپ دەنگەكانیان لە داكشانە لە بەرامبەردا پشتیوانی دەنگدەران بۆ لیبرالەكان و سەوزەكان و ناسیۆنالیستەكان لە هەڵكشان .ڕاستڕەوی توندڕەو وەك تایبەتمەندییەكی بنەڕەتی دەگەڕێتەوە بۆ دەركەوتەی بەهێزی ڕەوتی ناسیۆنالیزم و سیاسەتی ناسنامە لە سەرانسەری جیهاندا ، دوای چەندین ساڵ كۆنترۆڵكردنی لەلایەن چەپەكانەوە بە كاریگەری پاڵنەری ئابووری . چاودێران پێشبینی دەكەن هەڵبژاردنی داهاتوو جیاواز بێت لە هەڵبژاردنی پێشوو بە هۆكاری ئەوەی لیبرالیزم بەرامبەر ململانێی شوناس لە جیهاندا لە پاشەكشە دایە و دابەزینی ئاستی جەماوەری چەپەكان و سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو فاكتەرێكە بۆ گەشەكردنی ناسیۆنالیزم و سیاسەتی ناسنامە.