د. سامان سۆرانی
دەوترێ، ئەوەی ڕابردووی نەبێ، ئێستا و ئایندەی نابێ. پێویستە ئێمە لە ڕابردوو فێربین، گرینگیدان بە میراتی فەرهەنگی، کە پشکدارە لە گەڵاڵەکردنی کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان بەو ژینگەیەی، کە تێیدا دەژین و گرێدانی تاك بە ناوەڕۆکی ئەو شارستانییەتە، کە لەسەر خاکی كوردستان بە درێژایی هەزاران ساڵ دامەزراوە و ئاشناکردنیان بەو ئەزموونە کەڵەکەبووانە، دەزوویەکی باریکە، کە ڕابردوو لە ئێستا جیا دەکاتەوە و ئەوەش ئاشکرا دەکات، کەوا هەموو ڕووداوێکی مێژوویی گرینگیی خۆی هەیە بۆ نەخشاندنی هێماکانی ئایندەمان.
کاتێ مێژوو دەبێتە لە پێشینەکانی تاك، سۆزداری بۆ ئاسەوار دەبێتە واقیع، چونکە ئەوەی زانراوە، سروشتی مرۆڤ ناگۆڕێت، بەڵام ئاسەوارەکان لەوانەیە سەرساممان بکەن، کاتێ گەواهی لە ڕابردوو دەکەن و چەمکێکی نوێی مرۆڤایەتیمان پێ دەبەخشن، لێرەدایە ویست و ئارەزوو بۆ کنە و پشکنین و شرۆڤەکردنی میراتی باوباپیرانمان درووست دەبێت، وەکو تاکە ڕێگەیەك بۆ دۆزینەوەی ئەوەی، کە ئێمە کێین و چۆن چیڕۆکمان بگێڕینەوە و بە چ شێوەیەك چوارچێوەی کات بۆ بنیاتنانەوەی مێژوو دیاری بکەین.
چونکە ئەو میکانیزمە تێگەیشتنمان لە ڕابردوو و لە مێژوو و ڕێڕەومان بەرەوە پێشکەوتن بۆ ئاسان دەکات و ئێمە بە خاك و ڕەگ و ڕیشەمانەوە گرێ دەدات و بەڵگەی پێویست دەخاتە بەردەستمان بۆ داڕشتنەوەی مێژوو و مرۆڤایەتیمان، گەلان و نەتەوەکان میرات و کەلەپوور و ئاسەواری خۆیان بە پیرۆز دەزانن و بە سەرچاوەیەکی نێشتمانی دادەنێن، کە پێویستە بپارێزرێن و گرینگییەکی لە ڕادەبەردەریان پێ بدرێ، چونکە ئاسەوار و میرات مێژووی بوونی نەتەوە تۆمار دەکات.
بۆیە پێویستە کار لەسەر ئامادەکردنی ستراتیژێکی گشتگیر بکرێت، نەتەنها بە زیندووکردنەوەی میراتی کوردستان و پاراستنی، بەڵکو بە پێدانی بەهایەکی مەعنەوی بەو میراتە، تا لە ڕێگەیەوە گەل ڕوحی نیشتمانی و هەستی كوردستانی بوونی پێ بگات و لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە بوونی خۆی بسەلمێنێ، جێ بەجێکردنی ستراتیژێكی لەو شێوەیە تەنها لە چوارچێوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار قەتیس نابێت، بەڵکو پێویستی بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکومەت و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانە.
نابێت رۆڵی میدیا كوردستانییەکان و دامەزراوە میدیاییەکانی تر لە یاد بکەین، کە دەتوانن لە ڕێگەی ئیمکانیاتی بینراو و بیستراو و نووسراوەوە گرینگی ئەو ستراتیژە بەرجەستە بکەن و بەردەوام ڕێکلام بۆ فەرهەنگی پاراستنی شوێنەوار بکەن، وەکو سەرچاوەیەکی نیشتمانی، کە پێویستە بپارێزرێن، زاناکان گرنگییەکی زۆریان بە هەڵۆی گوڵەکان نەدا، کە لەگەڵ ئێسك و پروسکەکانی نیاندرتاڵەکان دەردەکەوت، کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر لەگەڵ دە سکلێتی ئێسك دۆزرایەوە، بەڵام دۆزینەوەی ئەم دواییەی ئێسکەبەندییەکی نوێ چەند مانگێک لەمەوبەر ئەو دڵنیاییەی قووڵتر کردەوە کە بوونی هەڵۆی گوڵەکان ڕێکەوت نەبووە، هەروەها سەرلێشێواوی دەربارەی جۆری هۆشیاری نیاندرتاڵ ڕەوێنرایەوە و بە پێویست زانرا دووبارە پێداچوونەوە بە کێوی بوون یان کێوی نەبوونی نیاندرتاڵ بکرێتەوە.
ئەم ئەشکەوتە یەکەمین هەڵکۆڵینەکانی نیاندرتاڵەکانی لە پەنجاکان تا شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە، کە لەلایەن شوێنەوارناسی ئەمریکی ڕاڵف سلۆکی و تیمەکەی، کە سەر بە زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکایە، ئەنجامدرا، لەم دواییەدا ژمارەیەك لە زانایانی زانکۆی کامبریج ئێسکە سکلێتێکی نوێی مرۆڤی نیاندرتاڵیان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان دۆزییەوە و مێژووەکەیان بۆ ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا گەڕاندەوە و ناویان نا (شانەدەر زێد) کەواتە ئەو کەللـەسەرەی ژنە نیاندەرتاڵ، کە ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، بووە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیهان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان.









