خەبات: ڕۆشنا عەلی:- لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات هەینی قادر بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە، دەربارەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە بە نیازن لە پڕۆژەی بنیاد نانی تواناكان ئەنجامی بدەن لە چوار چێوەی كۆنفڕانسی سەرپەرشتیاری وپرسی یەدەگە كانی سەرپەرشتیاران و گەڕانەوەی پسپۆڕی پەروەردەیی ئاماژەی بەچەند خاڵێك كرد:
*سەرەتا دەربارەی ئەوەی كەئایا ئامانج لەو كۆنفڕانسە چییە كە بەنیازن ئەنجامی بدەن؟ئەو بەڕێوەبەرە بۆخەبات گوتی:ئامانجمان لەو كۆنفڕانسەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە كە پێداچوونەوە و هەموواركردنەوەیەك لە بەرنامەی بنیاد نانی تواناكان بكەین وەك دەزانرێت هەموو پڕۆژەیەكی نوێ پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە،جا پێداچوونەوەكان لەسەر ئاستی ستانداردەكان و نمرەكان و ماوەی نمرەكان و ئاستەكان” بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو پڕۆسەیە ماوەیەكە چۆتە بواری جێبەجێكردن ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بە ساڵ زیاتر جێگای خۆی دەگرێت لە هەوڵداین بەو كۆنفڕانسە كەم و كوڕییەكانی چارەسەر بكەین و پڕۆسەكە شوێنی خۆی بگرێت.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا گۆڕانكارییەكی جەوهەری وەهای تێدا دەكرێت كە پێویستی بەو كۆنفڕانسە بێت یان شتی نوێی بۆزیاد دەكرێت؟ئەو بەڕیوەبەرەی وەزارەتی پەروەردە گوتی:هەر بەرنامەیەك كە ماوەی چەند ساڵیك كاری لەسەر دەكرێت بێگومان كەم و كوڕی تێدا پەیدا دەبێت ئەو كەم و كوڕیانە ئێمە دەستنیشانمان كردووە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەییەوە لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە ڕاپۆرت بۆمان هاتووە دەیخەینە بەرنامەی كۆنفڕانس و گفتوگۆی لەسەر دەكەین ئەوانەی پێویستی بە دەسكاریكردنە دەیكەین.
*دەربارەی ئەو پرسەشی كە زۆر باسی لێوە دەكرێت و بۆتە كێشەی قوتابخانەكان كە پسپۆڕییە ئایا هیوایەك هەیە لەم كۆنفڕانسە پسپۆڕی بگەڕیتەوە؟ مامۆستا هەینی لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوانیش هەستییان بەو كەلێنە كردووەو ئەو گوتی:دەربارەی پسپۆڕی ئێمە هەستمان كرد لە ماوەی ئەو ساڵانە ی كە ئەم پڕۆسەیەی تێدا بەڕێوە دەبرێت پسپۆڕی فەرامۆشكراوە لەو كۆنفراسە بەشێكی داواكاری ئەوەیە بە هەرجۆرێك بێت هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی بدرێت ئێمەش هەوڵ دەدەین گونجاندنێك لەو نێوانەدا بكەین هەم هەڵسەنگاندنی دەرەكی بەردەوامی پێبدەین هەم ئەو پسپۆڕییە ی لە ناودا جێگا بكەینەوە.
*دەربارەی ئەوەشی سەرپەرشتیارانی یەدەگ بەردەوام پرسیار لە چارەنوسی خۆیان دەكەن ئایا چارەنوسییان چی دەبێت؟ لەم بارەیەوە مامۆستا هەینی قادر بۆ خەبات گوتی:سەرپەرشتیارە یەدەگەكان ئێمە فەرمانمان هەیە كەوا بەشێكی دیكەیان دابنێین بە نیازیشین لە پشووی هاوین كۆبوونەوەی تایبەت بەوپرسە بكەین، بەڵام ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران هەیە” بەڵام من دەڵێم با گەشبین بن دڵنیام كەوا ژمارەیەك لەوانە بەسەر دەكەون بەپێی پێویستی پەروەردەی قەزاكان.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا یەكێتی مامۆستایان داوایانكردووە ماوەی یەدەگی سەرپەرشتیارانی یەدەگ تا پێنچ ساڵ درێژ بكرێتەوە ئایا بۆچوونەكەیان لەلایەن وەزارەتەوە بەهەند وەردەگیرێت؟لەم بارەیەوە ئەو بەڕیوەبەرە بۆ خەبات گوتی:خۆی سێ ساڵە، بەڵام یەكێتی مامۆستایان وەك بەرگریكاری مامۆستایان ئەو داوایەیان كردووە ،بەڵام تاچەند جێبەجێی دەكرێت ئەوە دەبێت ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری لەسەر بدات ئێمەش دەیخەینە بەرنامەی دانیشتنەكانەوە هەر بابەتێك لەبەرژەوەندی مامۆستایان و پرۆسەی پەروەردە بیت بە دڵنیاییەوە ئەنجامی دەدەین.