خەبات: شاگوڵ سلێمانی:- مامۆستا ڤینۆس ئیسماعیل، مامۆستای کۆلیژی هونەرە جوانەکانی هەولێرە، لەدیمانەیکەدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات، باس لەتێزی ماستەر و دکتۆراکەی دەکات کە لەبواری هونەر بەدەستی هێناوە و دەڵێت: ماستەرەکەم لەسەر تابلۆ و وێنە لیتۆگرافی کوردەکان بوو کە لە لەلایەن رۆژهەڵاتناسەکان لەسەدەی نۆزدەهەم کێشراوە کە لە زۆربەی بوارەکاندایە، وەک کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی و دیمەنی سرووشت و هتد، دەڵێت: تێزی دکتۆراکەشم لەسەر تیۆری وەرگر نووسیووە لە هونەری شێوەکاریی کوردی پۆستمۆدرێنیزم، هەروەها ئەم مامۆستایەی بەشی شێوەکاری باس لە توانای هونەری تاک و بە کۆمەڵ دەکات کە سەری هەڵداوە بە شێوەیەکی کاریگەر و دەڵێت زۆربەیان هاوتەریبوون لەگەڵ ڕەوتە هونەرییەکانی شێوەکاری لە جیهان،ئەوەش دوای ئەوە دێت کە کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد بە ئەزموونی نوێ دوای گەرانەوەیان لە دەرەوەی وڵات، وەکو بازنەی گەیاندن بوون لەم ڕووەوە.
*دەکرێت زیاتر باس لە پسپۆرییەکەت بکەیت، تێزی ماستەر و دکتۆرا لەسەر چی نووسیووە؟
بابەتی ماستەرەکەم لەسەر ئەو تابلۆ و وێنە لیتۆگرافی کوردەکان بوو کە لە لەلایەن رۆژهەڵاتناسەکان لەسەدەی نۆزدەهەم کێشراوە کە لە زۆربەی بوارەکاندایە، وەک کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی و دیمەنی سرووشت و هتد….. ئەگەرچی زۆر لایەنی تر ماوە کە زیاتر توێژینەوەی لەسەر بکرێت لە داهاتوو، بەڵام لە تێزی دکتۆراکەم لەسەر تیۆری وەرگرم نووسیووە لە هونەری شێوەکاریی کوردی پۆستمۆدرێنیزم، گرنگترین خاڵ لە لای من کە بەزمانی شیرینی کوردیمان نووسیووە، ئەوە خاڵێکی ئەرێنییە، چونکە خوێندنەوە لەم بوارە بەزمانی کوردی زۆر کەمە بۆ کارە هونەرییە کوردییەکان، کە میکانیزمێک لەسەر بنەمای ئەم چەمکە نوێیە لەم بوارە درووست دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ چالاککردنی ئەگەرەکانی بینەر لە ڕووی لێکدانەوە و کارکردن و فراوانکردنی هەست و تێگەیشتن و توانای خەیاڵکردن و پڕکردنەوەی مەوداییەکان بە شێوەیەکی کرداری لە کاری هونەری لە داهاتوودا .
*پێناسهیهكی مێژوویی هونەری شێوهكاریی پۆستمۆدرێنیزمان بۆ بکە لە کوردستان؟
مێژوویی هونەر لە کوردستان بە چەندین قۆناغ و گۆڕانکارییەکی جیاواز تێپەڕیووە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، گۆڕانکاری و لادان ڕوویدا لە یاسا و ڕێسا نەریتەکانی هونەری کلاسیکی و تا ڕادەیەک مۆدێرنەش، کە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی چەمکی نوێ پەیوەست بە فیکر و ڕەخنە و تەکنەلۆژیای وێنەکێشان و میتۆد و تێڕوانینی سەردەم، لە بەکارهێنانی تەکنیک و میدیۆمی نوێ و ئامادەکراو، گرنگترین گۆڕانکاری درووست بوو، کە چەندین پڕۆژەی هونەری کوردی پۆستمۆدێرنیزم نوێنەرایەتی خاڵی دەستپێکی نوێکاری کارە هونەرییەکان بوون، ئەم گۆڕانکاریانە وەکو بنەمایەک بوون بۆ سەرەتاکانی ڕەوتی هونەری پۆستمۆدێرنیزم لە کوردستان، هۆکار بوو بۆ لە دایکبوونی گرووپە هونەرییە نوێیەکان، تیایدا چەندین توانای هونەری تاک و بە کۆمەڵ سەری هەڵدا کە بە شێوەیەکی کاریگەر زۆربەیان هاوتەریبوون لەگەڵ ڕەوتە هونەرییەکانی شێوەکاری لە جیهان، چونکە کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد بە ئەزموونی نوێ، دوای گەرانەوەیان لە دەرەوەی وڵات، وەکو بازنەی گەیاندن بوون، بۆ پەیوەندی لە نێوان هونەرمەندانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، هەروەها دەستیان کرد بە دەرکەوتنی ئەزموونەکانیان لەدوای ساڵی (1991)، تاکو ئەمڕۆش ئەم جۆرە چالاکیانە بەردەوامن. جگە لەوەی ئێمە لە کوردستان هونەرمەندی زۆر ڕەسەن و داهێنەرمان هەیە، بەردەوام ئەزموونی نوێ نمایش دەکەن.
*هۆكاری چییه ڕێژهی قوتابی ئافرەت زیاتر دهبیندرێت لهبهشی شێوهكاریی، ههم له کۆلیژ ههم له پهیمانگە، ئایا پەیوەندی بە داهاتوویان هەیە؟
بەشی شێوەکاری بەشێکە بۆ قوتابی بەهرەدار لە بواری هونەری شێوەکاری بۆ ڕەگەزی نێر یان مێ هیچ جیاوازی نییە، بەڵام بەم ساڵانەی کۆتایی ڕێژەکی زیاتر کچان زیاتر ڕوو لەم بەشە دەکەن، ئەمە پەیوەندی بە داهاتووی ئیشکردنیانەوە هەیە، چونکە بە پێی ئەزموونی خۆم چەندین ساڵە قوتابخانە ناحکوومییەکان تەنها داوای مامۆستا ڕەگەزی مێ دەکەن بۆ داینگە و باخچە و بگرە قوتابخانەکانیش، ئەگەرچی ئەمانە دەرچووی بەشی پەروەردەیی هونەری نین، بەڵکو بەشی شێوەکارین، بۆیە دڵنییام و ئاگاداریشم کە کێشەی وانە گوتنەوەیان هەیە، لە لایەکی تر گەنجی ئەمڕۆ دەیەوێت بەشێک بخوێنێت هەڵی کاری بۆ بڕەخسێنێ لە داهاتوو، بە داخەوە چەندین قوتابی کوڕمان هەبووە بەهرەدار بووە، بەڵام لەبەر دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەی بەهرەکەی فەرامۆشکردووە.
*وەکو مامۆستایەک بە ڕای تۆ تا چ ڕادەیەک پەروەردەیی هونەری گرنگی هەیە لە قوتابخانەکاندا؟
فێرکردنی پەروەردەیی هونەری لە قوتابخانەکاندا پێویستییەکە کە بەشداری دەکات لە پەرەپێدانی توانا داهێنەرەکانی قوتابیان و ئەگەری فێربوونی بەهرەیەکی نوێ یان حەزێکی بەسوودیان بۆ دابین دەکات، وایان لێدەکات توانای پێویستییان هەبێت بۆ دەربڕینی خۆیان و بیرۆکەکانیان. بەپێی لێکۆڵینەوەکان وانەی پەروەردەیی هونەری پەرە بە هۆشیاریی هونەری بەهاکانی جوانی قوتابیان زیاد دەکات. هەروەها ئەم بوارە توانای ئەوەی هەیە کە داهێنەرەکان بدۆزێتەوە لەم نەوە نوێیە، جگە لەوەی هۆشیارییەکەی زیاد دەکات دەربارەی چۆنییەتی بنیاتنانی کارێکی هونەری ئاشنابوونی بە زاراوە تەکنیکییەکان دەکات و درووستکردنی خۆشەویستی هونەر بۆ قوتابیانی منداڵ تا ڕادەیەک لە ماڵەوەش دووری دەخاتەوە لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان.
بەڵام گرنگترین خاڵ لە وانەی هونەردا تیشک خستنە سەر خوێندنی ستانداردەکانی جوانکردنی دیمەنی شار و جیاکردنەوەی دیزاین و پەیکەر و وێنە بازاڕییەکانە لە کاری هونەری ئەکادیمی. لە لایەکی تر هونەر دەرفەت بۆ قوتابیان دەڕەخسێنێت بۆ بەکارهێنانی توێژینەوە و تاقیکردنەوە و دۆزینەوە لە ڕێگەی خوێندنی قوتابخانە هونەرییە کۆنەکان و ناسینی ئەو هونەرمەندانەی کە کارە بەناوبانگەکانی جیهانییان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پۆلەکانی پەروەردەیی هونەری بەشدارن لە پەرەپێدانی ڕۆحی گروپ لە نێوان قوتابیان و هاندانیان بۆ هاوکاریکردن و بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی چالاکییەکانی قوتابخانە بە گشتیی، زۆرجار قوتابی کێشەی هەبووە لە ڕێگەی وانەی هونەرەوە چارەسەرکراوە.