خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی:- یادی 62 ساڵەی بوونی پێشمەرگەیەك دەكەینەوە كە هەموو تەمەنی خەبات و تێكۆشانی بۆ كوردستان بووە ئەوەیش سەرۆك مسعود بارزانی یە كە ئومێدی هەموو گەلی كوردستانە، مەسعود مەلا مستەفا بارزانی لە (16/8/1946) لە شاری مەهاباد لە كوردستانی ئێران، لە ژێر ئاڵای كوردستان و لە رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دایك بووە. لە سەردەمی تەمەنی كورتی كۆماری كوردستان لە مەهاباد كە یەكەم كیانی سەربەخۆی كوردی بووە. پاش رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە ساڵی (1947)، بنەماڵەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەل كۆمەڵێك لە پێشمەرگەكان و بنەماڵەكانیان ناچار بوون بگەڕێنەوە كوردستانی عێراق و پاشان لەلایەن رژێمی عێراقەوە هەموویان دوورخرانەوە بۆ شارەكانی خوارووی عێراق، بە تایبەتی (بەغدا و بەسرە)، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی باوكی مەسعود بارزانی ڕێبەری شۆڕشی كورد لەگەڵ هەڤاڵانی بەرەو یەكێتی سۆڤیەت بەڕێكەوتن و تا ساڵی (1958) لەوێ مانەوە.
سەرۆك مسعود بارزانی بەهۆی هۆكاری سیاسی و پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلول خوێندنی ناوەندی تەواو نەكرد و بەغدای بەجێهێشت و لە تەمەنی (16) ساڵی و لە ساڵی (1962) چەكی هەڵگرتووە وچۆتە ریزی پێشمەرگەی كوردستان و رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە شۆڕشی كورد كە لە یانزدەی ئەیلولی (1961) بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی دەستیپێكرد لە تەمەنی لاوێتیدا هزری كوردایەتی دەچێتە ناخی جەنابی مەسعود بارزانی و هۆگری شۆڕش و خەبات دەبێت، بۆیە لە تەمەنی 16 ساڵی لە 20-5-1962 سەرۆك بارزانی پەیوەندی بە بارەگای بارزانیی نەمركرد و دەگاتە ئاواتی پێشمەرگایەتی.
دەربارەی چۆنیەتی بوونی سەرۆك بارزانی بە پێشمەرگە، ئەم چەند دێڕە بۆ خوێنەرانی بەڕێزی رۆژنامەی خەبات دەخەینە ڕوو: سەرۆك مسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد باس لە چوونی بۆ ناو شۆڕش و بوونی بە پێشمەرگە دەكات كە رۆژی 20-5-1962 یەكێك لەو ڕۆژانەی ژیانی كە هەرگێز لە یادی ناچێتەوە، لەو رۆژەدا چۆتە ریزی پێشمەرگەی كوردستان، لەم رووەوە بەرێزیان لە بیرەوەریەكانی نووسیویەتی: ئەندامانی خێزانی ئێمە و هەموو شێخەكانی دیكە، هەموو لە مێرگەسۆر بوون. بۆیە چی ئامۆژگاری و ڕێ پێشاندانێكی هەبووایە هەمووی بە عەلی شەعبان دا بۆ دەناردین، كاروباری وا ڕێك خستبووین كە ئیدریس جێنیشینی بێ و هەموو بە فەرمانی ئەو بجووڵێینەوە و ڕای سپاردین كە من و ئیدریس هەمیشە لە ناو خۆماندا كۆك بین و هاریكاری لەگەڵ یەكتردا بكەین و بە گوێرەی ئەو ڕستەیەی ئەو بجووڵێینەوە كە بە دەمی خۆی فەرمووبووی و بە ئێمەیان ڕاگەیاند بوو، ئەویش ئەوە بوو: (دەبێ ئیدریس و مسعود گیانێك بن لە دوو جەستە دا)، لەسەری پێویست كردبووین لەهەر چییەكدا پێویست بوو پرس و ڕاوێژ بە شێخ بابۆی ماممان بكەین، ئەگەر بەرژەوەندییەكیش پێویستی كرد، ئەو واتە شێخ بابۆ بگەڕێتەوە بۆ شێخ ئەحمەد و پرس بەو بكا). لە رێگەی عەلی شەعبانەوە داوام لە باوكم كرد رێگەم بدات بكەومە پاڵی، بەڵام ئەو رازی نەبوو. من لەوكاتە 15ساڵان بووم. ئەو لەسەر ئەوە سوور بوو كە لەگەڵ ئیدریس بم، منیش بە فەرمانیم كرد. بارەكە بەو جۆرە مایەوە تا باوكم هات بۆ گەلیی نەهلە، ئەو كاتە تكاكەم لیێ دووبارە كردەوە، كە بچم و بكەومە پاڵی و نامەیەكەم بۆ نووسی و ئارەزووی زۆری خۆمم تێدا دەربڕی كە لەگەڵی بم. وەڵامی ئەوە بوو پاش ئەوەی ئیدریسی برام ڕازی بێ رێگە دەدا، بە مەرجێ مامم شێخ بابۆ و مستەفا عەبدوڵڵا ڕازی بن، پاشانیش بریاری یەكجاریی دایە دەستی شێخ ئەحمەد، زۆرم بە ئیدریس وت تا ڕازیم كرد، ئیدریس لەگەڵ شێخ بابۆ چوون بۆ لای شێخ ئەحمەد تا ئیزن و ڕوخسەتم بۆ لێ وەربگرن. لەو ماوەیەدا كە ئەوان لە ماڵ نەبوون و چوون بۆ لای شێخ ئەحمەد كە دوو ڕۆژی خایاند، من هەمیشە دڵم لە ناو پەراسووەكانمدا زیاد لێی دەدا و تەپەتەپیی بوو. دڵە كوتەم پێ كەوتبوو، دەترسام شێخ ئەحمەد ڕازی نەبێ و ڕێگەم نەدا، چونكە نەمدەزانی ئەگەر ڕێگەم نەدا و بڵێ: نە من چی بكەم، وامدەزانی ئەوە ئیتر كۆتایی هەموو شتێكە بۆ من، بەڵام خواستی خوا بەدەنگمەوە هات و ئاواتەكەی بۆ هێنامەدی و مامم و ئیدریس ڕێیان دام بڕۆم. ئیدریس نامەیەكی بۆ باوكم نووسی تیایدا باسی كرد كەوا هەموو ڕازی بوون بەوەی بكەومە پاڵی و داوای لێ كرد هەموو زانیارییەكی پێویستی لەبارەی ئەوەوە بداتێ كە كەی و كوێی پێ باشە بمنێرێ بۆ ئەوێ. بارزانیش عوزێر دۆڵەمەریی نارد بۆ ناوچەیەكی دیاری لە نێوان ناوچەی ڕێزان و ئالكە كە لەو شوێنەدا پردێ بەسەر زێوە هەیە، ئیتر ئەو لەوێوە بمبا بۆ لای. لەگەڵ محەمەد مستەفا دا كە یەكێك بوو لە پاسەوانەكانی خۆمان لە زێ پەڕیمەوە ئەو بەر، هەر كە چاوم بە عوزێر و كۆمەڵی پێشمەرگە كەوت كە هەموو ناسیاوی خۆم بوون شادمانییەكی زۆری وا دایگرتم بۆم باس ناكرێ.
شەوی 19-20ی ئایاری 1962 مان هەمووی بە ڕێگەبڕینەوە بردە سەر. بۆ سبەینێی ڕۆژی دوایی كەوتینە سەركەوتن بەچیای پێرسدا تا گەیشتینە لووتكەی كە سەری ئامادە. بۆ عەسریێ ئەو رۆژە گەیشتینە كانیا تۆزی واتە كانی چنار لە گەلیی بێخەمە، لە ڕێگەدا تووشی چەندین كۆمەڵ و دەستە پێشمەرگە دەبووین ڕوویان گەش و پڕ بوو لە مژدە و خۆشی و باوەڕ بەخۆكردن. دیمەنێكی زۆر جوانی بەسام بوو لەوە پێش شتی وام نەدیبوو، كە بەلایاندا تێپەڕ دەبووم سەرەڕای باوەڕ و هیوا، شانازیش دڵ و دەروونی هەموو دەگرتمەوە. كاتژمێر 6ی عەسری 20ی ئایار گەیشتمە بارەگای باوكم، بەڵام ئەو بەخۆی لەوێ نەبوو، چووبوو بۆ بەسەركردنەوەی بارودۆخی ناوچەی بێخمە، كە گەڕایەوە و چاوم هاتە خوار، سەرنجم دا باوكم كە چەند بە دیتنم شادمان بوو. یەكەم شت هەواڵی تەندروستیی شێخ ئەحمەد و مامم بابۆ لێ پرسیم، پاشان كەوتە پرسیاركردن لەبارەی ئەندامانی تری خێزانەوە و یەكەیەكە ناوی دەهێنان، منیش وەڵامم دەدایەوە و پاشان سڵاوی ئەوانم پێ دەگەیاند. كەواتە ڕۆژی چوونە ناو شۆڕشی من رۆژی بیستی ئایاری ساڵی شەست و دوو، ئەم ڕۆژە مێژوویەكی تیشكنە لە ژیانمدا. باسی ئەو خۆشییەم بۆ ناكرێ كە لەو كاتەدا دڵ و دەروونمی گرتەوە. دیمەنی ئەو لەشكرە رێكخراو و سیلاح شۆڕەم زۆر پێ سەیر بوو. هەرچیم دی لە سەرووی ئەوە بوو كە خەیاڵم لێ دەكردەوە. ڕۆژی بیستی ئایاری ساڵی شەشت و دوو ڕۆژانەی ژیانم كە هەرگیز لە یادم ناچنەوە، لەو ڕۆژەدا بوو لە ڕیزی پێشمەرگەی كوردستاندا بووم بەجەنگاوەر، هیوا زۆر گەورەیە كە تا دوا رۆژی ژیانم هەروا بمێنم و هەر پێشمەرگە بم”.بۆیە سەرۆك بارزانی هەمیشە شانازی بە پێشمەرگایەتی خۆی دەكات ئەو چەكەی بۆ بەرگری كوردستان و رێبازی باوكی بارزانیی نەمر لە شان كردووە و بەرێزیان دەیفەرموو: لەو رۆژەوەی چەكم كردۆتە شانم لە 20ی ئایاری 1962 چاوەڕوان نەبووم تا ئەمڕۆ بژیم، بەڵام كە چەكم كردە شانم ئامانجم ئەوە بوو كوردستانی سەربەخۆ ببینم.
هەروەك لە وێنەكانی جەنابی سەرۆك لە تەمەنی لاویەتی دیارە كە گەنجێكی لێهاتوو و بوونی بە پێشمەرگایەتی قبووڵ كردووە چونكە دەیزانی ئامانجی پێشمەرگایەتی خزمەتكردن بە كوردستان و خەڵكی كوردستانە، بۆیە هەمیشە جەنابی سەرۆك بارزانی خۆی بە پێشمەرگەی كوردستان دەزانێ، سەرۆك مسعود بارزانی ئاماژە بەوەدەکات، کە تا ئێستاش بیرهاتنی سات بەساتی چۆنیەتی رۆیشتنم بەرەو بەرەی پێشمەرگە و بارەگای بارزانی بۆ من خۆشی بەخشە و بەشێكە لە یادەوەریە هەرەخۆشەكانی ژیانم.
ئەو سەركردەیە لە تەمەنی لاویەتی شانازی گەورەی بە پێشمەرگایەتی دەكرد و وەك پێشمەرگەكانی دیكە بووە و هەرگیز جیاوازی نەبووە لە پێشمەرگەكانی دیكە، دەربارەی پێشمەرگایەتی خۆی چەند جار جەنابی سەرۆك فەرموویەتی: “لە ساڵی شەست دوو بوومە پێشمەرگە و چەكم لە شان كرد، پاسەوانیم كردوە و ئاوم هێناوە، هەرچیەك پێشمەرگە دەیكرد، منیش كردوومە”. واتە ئەو (جەنابی سەرۆك) هەمیشە بێ جیاواز بووە لەگەڵ پێشمەرگەكانی دیكەی هاوسەنگەری، هەر ئەركێكی پێشمەرگایەتی بۆیان دیاری دەكرد ئەو ئەنجامی دەدا. بۆیە سەرۆك بارزانی هەردەم شانازی بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەكات و لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكاندا دا دەفەرموو: بارزانیی نەمر فێری كردین، كە پێشمەرگە بوون و ژیان بە رۆحیەتی پێشمەرگەوە بۆ خزمەتكردنی گەل، گەورەترین شانازی و دەوڵەمەندییە. كاتی جەنابی سەرۆك بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەرگرت لە بیرمانە جەنابیان فەرمووی: “ئەو رۆژەی كە بووم بە پێشمەرگە لە دوای بارزانیی نەمرەوە چەكم هەڵگرت وام دەزانی گەورەترین شانازیم بەركەوت، ئێستاش كە پۆستی سەرۆكی هەرێم وەردەگرم ، بۆ ئەوەیە كە خزمەتی ئێوە بكەم، ئەمەش هەر درێژە پێدانی پێشمەرگایەتییە بۆ من”. واتە جەنابی سەرۆك پێشمەرگایەتی لە هەموو پلە و پایەك گرنگتر و پیرۆزتر دەزانێ. هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی تەنها شتێ كە لای نەگۆڕاوە پێشمەرگایەتی بووە، وەك جەنابیان دەفەرمووێ: “لە هەموو هەوراز و نشێویەكانی قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و گۆڕانكارییەكان لە ئەرك و بەرپرسیاریەتیدا تاكە شتێ، كە لەلام نەگۆڕ بووە ئەو روحی پێشمەرگایەتی بووە).
هەروەها سەرۆك بارزانی دەفەرمووێ: ( لە هەر پلە و پایەیەكدا بم هەر پێشمەرگە و خزمەتكاری كوردستانم)، بۆیە جەنابیان هەمیشە پێشمەرگایەتی و ئەركی پێشمەرگایەتی لە لای زۆر گرنگ و پیرۆز بووە، بۆیە هەردەم سەرۆك بارزانی خۆی بە پێشمەرگەی قوتابخانەی بارزانیی نەمر دەزانی كە هەمیشە باوكی ڕێنیشاندەری ژیان و خەباتی بوو، لەم رووەوە جەنابیان فەرموویەتی: ( ئەزموونی پێشمەرگایەتی بۆ من گەورەترین قوتابخانە بووە و لەو قوتابخانەیەشدا ئێمەی پێشمەرگە مامۆستایەكی گەورەی وەك بارزانیی نەمرمان هەبووە. ئامۆژگاریەكانی بارزانیی نەمر چ وەك باوكێك و چ وەك رابەرێك ڕێنیشاندەری ژیان و خەباتم بووە. دەتوانم بڵێم هەوێنی خۆڕاگری و ورە بەرزیمان لە خەباتدا ئەم ئامۆژگارییەی باوكم بوو ( لە شكستدا نائومێد نەبین و لە سەركەوتندا لەخۆبایی نەبین).
ئەم ئامۆژگارییەی بارزانی نەمر هەمیشە لەبەرچاوم بووە و دەبێت و فاكتەرێكی بەهێزی بەردەوامییە”.سەرۆك مەسعود بارزانی، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لە وەڵامی پرسیارێكدا (دا باوكی تۆ، مستەفا بارزانی، بەناوبانگترین سەركردەی كورد بوو؟)، سەرۆك بارزانی لە وەڵامدا گوتی: “بەڵێ ئەو سەركردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی دەكرد، ئەو كاتە من پەیوەندیم بە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە كرد، تەمەنم تەنها 16 ساڵ بوو، لەو كاتەوە تاكو ئێستا من پێشمەرگەم، هیچ گوندێك، شاخ و دۆڵێك نەماوە من پێیدا نەڕۆیشتبم، هەموو هەوڵەكانیشم بۆ ئەوە بووە، كە دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێنم، لەو رۆژەی ئەو دەوڵەتەش رادەگەیەندرێت، من هیچ پۆستێكی سیاسیم نابێت، چونكە ئەوكاتە ئامانجەكەمان بەدیهاتووە”.هەمیشە خۆشی و ئاواتی سەرۆك بارزانی بینین و هاوسەنگەر كردنی پێشمەرگە بووە وەك سەرۆك بارزانی دەفەرمووێ: “خۆشترین ساتی ژیانم دانیشتن و بینینی پێشمەرگە ئازیزەكانە”، هەروەها بەرێزیان دەڵێ: “دەبێ هەموومان شانازی بە خەبات و رابردووی پێشمەرگەوە بكەین”، هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكان دەفەرمووێ: “پێشمەرگەی قارەمان تەنها بەرگری لە گەل و نیشتمان دەكات ، بەڕاستی بوونەتە هێمای مەردایەتی و وڵاتپارێزی، پێشمەرگە ساڵەهایە بە شاخەوەن، بۆ ئەوەی ڕۆژێكی وا بۆ نەتەوەی كورد دابین بكەن”.
سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ برای سەركردەی نەمر شەهید ئیدریس بارزانی هەردەم لەیاد، دوایی كۆچی باوكیان ( بارزانی نەمر) رابەرایەتی شۆڕشی گوڵانیان كرد و ئەم رابەرییە درێژە پێدەری رابەرایەتی باوكیان بووە و لە گەڵ پێشمەرگەكان بەشداریان لە شۆڕشی گوڵان كرد و سەركەوتنیان بەدەستهێنا، بۆیە ئەم رۆژە لە ساییەی خەباتی ئەو بەرێزانەیە: لەبەر ئەمەیە ئەمڕۆ جەنابی سەرۆك بارزانی، خۆی بە هەمان پێشمەرگەی دوێنی دەزانی و پێشمەرگە چەند ماندوو و خەباتكارن و چەند قارەمانن. لەم رووەوە جەنابی دەفەرمووێ: “پێشمەرگە قارەمانەكان جێگای ئیفتخاری ئێمەن، سەڕەرای هەموو زەحمەت و ناخۆشی و تاڵی ژیان، دلیرانە دیفاع لە شەڕەف و كەرامەتی میللەتەكەمان دەكەن و هێرشەكانی دوژمن تێكدەشكنێن”. سەرۆك بارزانی هەمیشە ئاواتی تەنها پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگە بووە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمەی گەلی كوردستان پێویستە هەموومان شانازی بە سەرۆكمان بكەین، كە لە رووی دیبلۆمات و ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی چەند سەنگ و كاریزمای هەیە، هەمیشە یەك ریز و تەبایی و ئاشتی بۆ ماڵی كورد خوازیارە، بۆیە لە هەر بۆنە و یادێكدا و هەمیشە بە بەردەوامی جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی میحورەكانی پێشمەرگە دەكات و مۆراڵ و ورە دەداتە سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەدا دووپاتی كردووە كە پرسی كورد بەردەوام بەرەوە پێشەوە دەچێت، لەم رووەوە بەرێزیان دەفەرمووێ:(ئێستا لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی زۆری هێزی پێشمەرگە و تێكڕای چین و توێژەكانی گەلەكەمان، پرسی كورد پێشڤەچوونی زۆری بەخۆوە بینیوە، پەنا بەخوا و بە پشت بەستن بە هێز و ئیرادەی گەل دەسكەوتی زیاتریش بەدەست دێت، لەم بەینەدا ئەوەی پێویستە ئەوەیە كە گشت لایەكمان گیانی خەباتی پێشمەرگانە لە ناو خۆماندا بپارێزین و بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەكی تر دابنێن).
بۆیە سەرۆك بارزانی بۆ BBC كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان رێفراندۆم ئەنجام دا و سەركەوتوو بۆیە و هیچ كاتیش پەشیمان نابم لەمباریەوە دەڵێت: من گوتوومە پەشیمان نیمە و هەرگیزیش پەشیمان نابم. دووبارەش دەیڵێمەوە لە دەنگی سێ میلیۆن دەنگدەر پەشیمان نابمەوە. رێفراندۆم سەركەوتوو بوو چونكە زیاتر لە ٩٣% خەڵكی دەنگی (بەڵێ)یان بە سەربەخۆیی. سەرۆك بارزانی لە 26ـی11ـی2017 دەفەرموو ڕیفراندۆم دەنگی ئاشتیانەی گەلە بۆیە دەڵێت: ڕیفراندۆم دەنگی ڕەوا و ئاشتیانەی گەلە و بە هیچ یاسا و حكوومەتێك ئەو دەنگە ئاشتیانەیە هەڵناوەشێتەوە. ئەوەی كە كۆسپی بۆ ئەو دەستكەوتە مەزنە دروست كردووە خیانەتی تاقمێك بوو كە پشتیان لەگەلی كوردستان كرد و كەركووكیان فرۆشت و ڕادەستیان كرد و ئەگەر خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر نەبا ئێستا گەلی كوردستان لە دۆخێكی تر دا بوو. سەرۆك بارزانی لە چاوپێكەوتنێك بۆ كەناڵی CNN كە پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێكشاند و چیایەكانی كوردستان پاڵپشتی ئێمەنە لەمباریەوە دەفەرموو: من دڵخۆشم نەك پێچەوانەكەی، ئەوەی جێی سەرسوڕمان و نیگەرانیە ئەوەیە كە دوای ئەوەی پێشمەرگە شكۆ و ئەفسانەی داعشی تێكشكاند، وامان زانی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوانەی خۆیان بە هاوڕێی ئێمە دەزانی، پاڵپشتمان دەكەن، یان ئەگەر پاڵپشتمان نەكەن بێ دەنگ دەبن، بەڵام بەداخەوە، دەركەوت ئێمە تەنها چیاكانمان هەیە، لە بەرامبەر ئەوان نەك تەنها پاڵپشتیان نەكردین، بەداخەوە پێشمەرگە بە چەكەكانی ئەوان شەهید دەكرێن، ئەوانیش بە بێ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكیان هەبێت تەماشا دەكەن. ئەمە زۆر نیگەرانم دەكات.
بۆیە هەمیشە سەرۆك بارزانی شانازی دەكات كە لە تەمەنی لاوێتییەوە پێشمەرگەیە و دەفەرموو: شانازی دەكەم كە بەشدارێكی سەرەكیی دانانی بناغەی دیموكراسی و ئاشتیم لە وڵاتەكەماندا، شانازی دەكەم هەر لە لاوێتییەوە پێشمەرگەی ئازادیی گەل و وڵاتەكەی خۆمم. ئێمە فێر نەبووین لە ژێر زوڵم و زۆرداریدا بژین، ئێمە فێربووین بمرین بۆ ئەوەی بژین.هەتا لە ژیاندا مابم من خۆم بە پێشمەرگەی نیشتیمانەكەم و هەموو گەلی كوردستان دادەنێم. هەموو گەلی كوردستان لای من خۆشەویستە، هەموو تەمەنی خۆشم بۆ ئەو گەل و وڵاتە تەرخانكرد و، هەمیشە ئەوەم بە ئەرك تەماشاكردووە و لە هەموو شتێكیش زیاتر شانازی پێوە دەكەم. ئەوەی بۆ من گرنگە هەڵسەنگاندنی پێشمەرگە و خێزانی شەهیدان و خەڵكی خاوەن ویژدانی وڵاتەكەمە.
ســــەرۆك بارزانی هەردەم خۆی بە پێشمەرگەی دەزانی و پێشمەرگایەیەتی لە هەموو پۆستێك گەورەتر دەزانی بۆیە دەفەرمووێ: پێشمەرگەی سەربەخۆییم و ئەوەیش لە هەموو پۆستێك گەورەتر دەزانم و هەر كەس بڕوای بەو ئامانجە هەبێت هەڤاڵ و برای ئێمەیە. هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان بە كوڕ و كچ و كەسی خۆم دەزانم. هەموو گەلانی ناوچەكەش بە دراوسێ و دۆستی خۆمان دادەنێین. پابەندبوونی خۆیشمان بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئاشتی و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دووپات دەكەینەوە. ئەگەر یادتان بێت لەكاتی هەڵبژاردەنەكانی كە بۆ بانگهێشتی رێفراندۆم لە وەڵامی مامۆستایەكی ئایینی كە خۆی بە خوڵامی پێشمەرگە زانی سەرۆك بارزانی لە وەڵامی مامۆستایەكی ئایینی، كە بەدەنگی بەرز گوتی:(دەبێ كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت و، خۆم بە خوڵامی پێشمەرگە دەزانم) سەرۆك بارزانییش گوتی: (ئەو مەلایەی كە خۆی بە خوڵامی پێشمەرگە بزانێ منیش خۆم بە خوڵامی ئەو مەلایە دەزانم، بۆیە سەرۆك بارزانی یەكەم خۆی بە پێشمەرگە دەزانی و خەونی ئەو سەربەخۆیی گەلی كوردستانە بۆیە جەنابیان دەفەرمووێ: ئەركی من و خەونی من سەربەخۆیی گەلی كوردستانە نەك سەرۆكایەتیكردنی. لە یۆبیلی 50 ساڵەی بوونی بە پێشمەرگایەتی جەنابی سەرۆك بارزان، بەرێزیان نوسیویەتی: “لەم بۆنەیەدا جێگەی خۆیەتی سەری رێز و نەوازش بۆ سەرجەم ئەو پێشمەرگانە دابنوێنم كە گیانیان بۆ سەربەرزیی گەل و نیشتمانیان بەخت كرد، یادی هەموو هەڤاڵان و هاوسەنگەرانم بەخێر و ئەمڕۆ لە هەر جێیەك بن رێزم بۆیان هەیە و ئاواتم سەركەوتن و بەردەوامییانە).
ئەمڕۆ لە كاتێك دا یادی62ساڵەی بوونی سەرۆك بارزانی بە پێشمەرگە دەكەینەوە، ئەمڕۆ یادی رۆژانی داستانەكان و نەبەردەكان ئەو سەركردەیە دەكەینەوە، كە چەند قارەمان بووە و یاد رۆژەكانی قارەمانیەتی سەرۆك بارزانی دەكەینەوە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان و راپەرین و هەتا ئەمڕۆ كە هەمیشە خۆی بە پێشمەرگە زانییوە و هەمیشە ئاواتی سەرۆك بارزانی ئاواتی هەموو خەڵكی كوردستان بووە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان، لەكاتێكدا یادی 62 ساڵەی پێشمەرگایەتی سەرۆك بارزانی، پیرۆزە یادی رۆژی پێشمەرگەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتن بۆ جەنابیان دەخوازین لە خەبات و تێكۆشان و هەموو بوارێكی دیكەدا.