نەتەوە یەكگرتووەكان لەژێر هەژموونی زلهێزەكاندا

142
فەرمان محەمەد ـ ئیتاڵیا-زانكۆی بۆڵۆنیا
گرنگترین بابەت كە كۆمەڵەی گەلان و دواتر نەتەوە یەكگرتووەكان بۆی درووست كراون، پرسی پاراستنی ئاشتیی جیهانە، بەڵام ئەمەریكا و ئیسرائیل كۆنترۆڵیان بەسەر ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە و وڵاتانی دیكە ناچار دەكەن بە خزمەتكردنی ستراتیژیی سیاسیی و ئابووریی خۆیان. پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییش هەر بڕیارێك لە دەرەوەی بەرژەوەندییەكانیاندا بێت دەتوانن ڤیتۆی بكەن، بەڵام سكرتێری گشتیی خاوەن بڕیاری دەزگاكەیە و دەستەڵاتێكی ئەخلاقیی هەیە، ئەگەر بڕیاری بەكارهێنانی بدات، تاكە ئەكتەری نادەوڵەتییە لە جیهاندا، كە خاوەنی ئەم جۆرە دەستەڵاتە ئەخلاقییە بێت لەڕووی تەكنیكییەوە و ئەركی پاراستنی ئاشتیی جیهانی پێ سپێردراوە، یان لانیكەم هەوڵدان بۆ پاراستنی ئاشتی، بەڵام شكانەوەی بە ئاراستەی ئەمەریكادا كۆسپی بەردەم كاریگەرییەكەیە لە هەردوو ڕێوشوێنی پێشوەختە و كەمكردنەوەی ململانێكان، كە بووەتە هۆی لایەنگریی ئایدیۆلۆژیی، بێكردەوەیی، خراپ بەكارهێنانی دەستەڵات، بەكارهێنانی ژمارەیەك بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان لەلایەن ئەمەریكاوە، ئەمەش وایكردووە ئەم ڕێكخراوە بێكاریگەر دەربكەوێت.
هۆكارە سەرەكییەكانی شكستی نەتەوە یەكگرتووەكان
كۆمەڵێك هۆكار وایكردووە كە نەتەوە یەكگرتووەكان تەنانەت لە كۆمەڵەی گەلانیش، كە لەكاركەوتووە خراپتر بێت كە ئەمانەن:
یەكەم: دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد، ئەمەریكا كە خۆی لە پێگەی زلهێزدا بینیەوە، وەك بەهێزترین تاكجەمسەری زلهێز نەیدەویست بە هیچ یاسایەكی جیهانییەوە ڕێگریی لێ بكرێت. واتە خۆی لە سەرەوەی یاساكانی نێودەوڵەتییەوە دەبینێت و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ئاشكرا پێشێل دەكات، سەرەڕای كشانەوەی لە چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتیی. دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بەبێ مۆڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و بێ گوێدانە یاساكانی نێودەوڵەتیی هێرشیان بۆ سەر ئەفغانستان، عێراق و لیبیا دەستپێكرد. بەم شێوەیە، نەتەوە یەكگرتووەكان وەك ڕێكخراوێكی ئاساییشی بە كۆمەڵ، كە ئەركی سەرەكیی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی ئەندامەكانیەتی، شكستی هێناوە.
دووەم: دابەزینی بەهای نەتەوە یەكگرتووەكان تا رادەیەكی زۆر پەیوەستە بە بواری ئایدیۆلۆژییەوە. بەپێی ئایدۆلۆژیاكانی نیولیبرالیزم، كە ئەوەندە بە قورسی زاڵبوون بەسەر ساڵانی نەوەدەكان و دەیەی یەكەمی سەدەی بیست و یەكدا، مامەڵەكردن لەگەڵ ئاشتیی و ئاساییشی جیهاندا، ئیتر سەرەكیترین ئەركی نەتەوە یەكگرتووەكان نەبووە. ئایدیۆلۆژییە نوێیەكان بەیارمەتیی ڕێكخراوە ناحكوومیی و ڕێكخراوە ناحكومییە درۆینەكان، ئەركی نەتەوە یەكگرتووەكانیان گۆڕی بۆ چەند پرسێكی لاوەكیی.
سێیەم : ئەم هۆكارەپەیوەندیی بە بواری دارایییەوە هەیە. لەگەڵ فراوانبوونی ئەركی نەتەوە یەكگرتووەكان، بانكی نێودەوڵەتیی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە بۆ ئەوەی بە كردەوە هەموو شتێك لەخۆ بگرێت، بەڵام ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، ملیاردێر، بەخشەرانی كەرتی تایبەت و بەرژەوەندییە تایبەتەكان بە سادەیی دەستیان خستە ناو UN و دەستیان كرد بە دیكتەكردنی ئەجێندای نوێ، هەژموونی ئابووریی، تاڵانكردن و ئیستغلالكردن، كە دەبوو UN بەشێوەیەكی سەربەخۆ كارەكانی بكات، نەك پشت بە ویست و خەیاڵی ملیاردێرەكان ببەستێت.
لێرەدا بەڕوونیی هەیمەنەی ملیاردێر و كۆمپانیا گەورەكانی دونیا دەبینین، كە چ هەژموون و كاریگەریییان بەسەر بریاری نەتەوە یەكگرتوەكاندا هەیە.دوای جەنگی دووەمی جیهانیی، ئەمەریكا سەركردایەتی هەوڵەكانی كرد بۆ دامەزراندنی سیستەمی بریتۆن وۆدز، سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانكی جیهانیی. هەروەها ئەمەریكا هەژموونی دامەزراوەیی لە كەرتی ئابووریی و دارایی نێودەوڵەتیدا هەیە بە سوودوەرگرتن لە پێگەی دۆلار، وەك دراوی گەورەی یەدەگی نێودەوڵەتیی، بەمەش هەژموونی دۆلاری ئەمەریكیی، دەبێتە سەرچاوەی سەرەكیی ناسەقامگیریی و نادڵنیایی ئابووریی جیهان.
هەژموونی تەكنەلۆژیی وەك هۆكاری چوارەم ئاماژەی پێ دەدرێت. ئەمەریكا بە كەڵك وەرگرتن لە پێگەی لاوازیی وڵاتانی دیكەوە، بەناوی پاراستنی خاوەنداریی فیكریی، هەوڵی سنوورداركردنی تەكنەلۆژیای ئەمڕۆیی دەدات و هەوڵدەدات گەشەسەندنی زانستیی، تەكنەلۆژیی و ئابووریی وڵاتانی دیكە ڕابگرێت، بە تایبەت وڵاتانی تازەپێگەیشتوو.
چەند پرسێك و
بێتوانایی نەتەوە یەكگرتوەكان
لەسەر گەورەترین پرسی سەر هەسارەكە، شەڕێك كە لەنێوان دوو وڵاتدا بە كۆی ژمارەی دانیشتووانەكەی 200 ملیۆن كەسەوە، پێی ناوەتە ناو ساڵی دووەمی خۆیەوە، كە یەكێكیان خاوەنی گەورەترین جبەخانەی چەكی ئەتۆمییە و هەڕەشەی بەكارهێنانی دەكات و نەتەوە یەكگرتووەكانیش تەماشاكارە.ئێستا بەهۆی شەڕی تازەی ئیسرائیل-فەلەستین و كەڵەكەبوونی ڕەخنە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەشێكی زۆر لە سیاسیی و بیرمەندانی جیهان، پێیانوایە كە نەتەوە یەكگرتووەكان هەمووی قسەكردنە و هیچ كردارێكی ئەرێنیی نییە. هەرچەندە زۆرینەی وڵاتانی ناو نەتەوە یەكگرتووەكان خوازیاری ئاگربەستن، بەڵام زلهێزەكان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا دژی ئەوەن. لەبەر ئەوەی لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا زۆر بەهێزن، ئەو دەزگەیە دەسەڵاتی سەپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە و ئیسرائیلیش نەتەوە یەكگرتووەكانی كۆنترۆڵكردووە.
پرسیارێك
دەكرێ بپرسین: ئایا لە كۆتاییدا نەتەوە یەكگرتووەكان دەستەڵاتی وەستاندنی ئەم شەڕە هەنوكەییەی دەبێت؟ئیسرائیل هەرگیز بەڵێن و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان جێبەجێ ناكات، ئەگەر بەپێی ستراتیژیی و تاكتیكەكانی خۆی پلانی بۆ دانەندرێت.
بەم شێوەیە تەواوی سیستەمی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرەو دابەزین چوو و كۆتاییمان بە دۆخێك هێنا، كە سەرۆكی تاكە دامەزراوەی نێودەوڵەتیی كە تا ئێستا مرۆڤایەتی درووستی كردووە، كە ڕۆڵی پاراستنی ئاشتیی جیهانییە، بووەتە تەماشاكار، بەهەمان شێوە كاریگەریی لەسەر بابەتی شەڕ و ئاشتیی وەك هەر كەسێكی دیكە لە 7.7ملیار دانیشتووی هەسارەكەمان هەیە.