سه‌ره‌تا به‌دواداچوون دوای سەردانیكردنی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكە دەست...

دوای سەردانیكردنی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكە دەست بەخاوێنكردنەوەی بازاڕەكە و لێكۆڵینەوەی ورد لەڕووداوەكە كراوە

178
خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی
لەدوای كاتژمێر 9ی شەوی 6ی مانگ ئاگرێك لە بازاڕی قەیسەری هەولێر كەوتەوەو زیان و زەرەرێكی زۆربەر بازاڕەكە كەوت. دوای گەیشتنی تیمەكانی بەرگری شارستانیی هەولێربە هاوبەشی تیمەكانی شارەوانی و ژینگەپارێزی و پیاوانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و دەزگا ئەمنییەكان بەهەوڵ و كۆششی ئەوان بەماوەی چەند كاتژمێرێك توانرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت لەكۆی چوار هەزار دوكان 228 دوكان و 7 كۆگا سووتان و زیانیان بەركەوتووە.پارێزگای هەولێریش هەر هەمان شەو تا ساتی كوژانەوەی ئاگرەكە لە شوێنی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە بوو هەرلەم بارەیەوە خەبات ئەم بەدواداچوونەی ئامادەكردووە:
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست خەبات كەوتووە هەر هەمان شەو پارێزگاری هەولێردوای كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە كۆبوونەوەی لەگەڵ دامودەزگا خزمەتگوزاریەكان سازكردووەو چەندین ڕێنمایی گرنگ دەرچوون و لایەنەپەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە، تا لیژنەیەكی هونەری پێكبهێنرێت بۆ خەمڵاندنی نۆژەنكردنەوەی ئەو دوكانانەی كە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەكە زیانیان بەركەوتووە.
*لەسەر ڕووداوی ئاگرەكە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕوونیكردوە: دوای ئەوه‌ی كە ڕووداوی ئاگر كەوتنەوەكە ڕوویدا دەمو دەست تیمەكانی بەرگری شارستانی وتیمەكانی شارەوانی و ژینگەپارێزی و پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆو زێرەڤانی و تیمی تەندروستی لەشوێنی ڕووداوەكە ئامادەبوون و بەزووترین كات كۆنتڕۆڵی ئاگرەكەیان كرد.
لەمیانەی بەدواداچوونەكەمان بۆ بازاڕەكە ئێوارەی دوێنێ‌ ئەندازیار كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانی هەولێر بە خەباتی ڕاگەیاند: دوای كۆبوونەمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر لیژنەیەك پێكهات كە بریتی بوو لە لیژنەیەكی تایبەت وەك بەرگریی شارستانی بۆ ئامادەكاری هەر ڕووداو پێشهاتێك كە تایبەتە بەبەرگریی شارستانی، جگە لەوە تیمەكانی ئێمەش وەكو سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێرودەستمانكرد بە هەڵگرتنی هەموو ئەو زێدەڕۆیی و سەرپێچییانەی كە دەبنە هۆكاری ئاگركەوتنەوەو جەخت لە هەڵگرتنی هەموو سەرپێچییەكان كرایەوە و پێكهێنانی تیمێكی ئەندازیاری بۆ دووبارە ئامادەكردنی دەرخستە ونۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە و هاوبەشیكردنی تیمی كارەبای هەولێرو فەرمانگەی ئاوی هەولێر و هەموولایەنە پەیوەندیدارەكان كاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەردەوام لەسەر هێڵ دەبین تا بتوانین بەزووترین كات ئەو بازاڕە خاوێن بكەینەوە.
دوای ئەوەی سەردانی ئەو بازاڕەمان كرد هەموو دوكانداران زۆر دڵگران بوون بەو كارەساتە سەرەتا هەندرێن وەرتی سەرۆكی سەندیكای زێڕنگرانی هەولێر گوتی: سووتانی ئەو بازاڕە لە كاتژمێر 9 چل و پێنج خولەك بوو، هەمان كات پەیوەندییان پێوە كردم وبەزووترین كات گەیشتمە شوێنی ڕووداوەكە و هەوڵمدا ژمارەیەك لە ستافی زێڕنگران كۆبكەمەوە كە پێك هاتبوو لە تیمێكی 16 كەسی بە هاوكاری ئاسایش و هێزی زێرەڤانی و پۆلیس و نەهێشتنی تاوان و خەڵكی خۆمان و خودی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر هاوكارییەكی تەواوی دوكاندارانی كردو پەیوەندییەكی دەنگیم بۆ هەموو زێڕنگران نارد تا پاسەوانی دوكانەكانیان بكەن و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن باسی ئەوەم كرد كە نەهێڵن خەڵكی بیانی تێكەڵ ئەو جەنجاڵییە بن و هەمیشە لەخەمی هەموو دوكاندارانی بەزازەكان بووم خەمی زێڕنگرەكانم بوو بەداخەو ژمارەیەك دوكانی زێڕنگران سووتا و نزیكەی پێنچ دواكانی زێڕنگر دوكانەكانیان بە زێِڕەوە سووتاو زەرەر و زیانی زۆریان پیكەوت و سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و پارێزگاری هەولێر دەكەم كە خەمخۆر و پاڵپشتی تەواوی خۆیان دەربڕی.
دواتر ئیدریس خاوەنی سێ‌ دوكانی بەزازی بوو زەره‌رو زیانێكی زۆری بەركەوتووە گووتی: زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە خەمخۆری من بوون بۆ ئەو ڕووداوە زۆر شوكری خودای گەورە دەكەم و سوپاسی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێرو هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم، چەندین كەسی دیكە پاڵپشتی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو ڕووداوە، هیودارم كە حكومەتی هەرێم ئاوڕمان لێ‌ بداتەوە و سوپاسی بێ‌ پایانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكەم كە خەمخۆری میللەتە.
دوكاندار كەنعان حەسەن گووتی: زۆر سوپاسی پیاوانی ئاسایش و هەموو هێزەكان دەكەم كە خەمخۆرانە لەو شەودا هاوكاری و پاڵپشتی تەواوی دوكاندارانی ئەو بازاڕەیان كرد .
بەدەنگەوه‌ هاتنی سەرۆكی حكومەت بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ شوێنی ڕووداوەكە
*دوای ئەوەی كە ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە ڕوویدا ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە شوێنی ڕووداوەكەو گوێی لە گرفت و داواكارییەكانی خاوەن دوكانە زەرەر مەندبووەكان گرت،چوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆشوێنی ڕوداوەكە بۆلە نزیكەوە ئاگاداربوون بوولە ڕووداوەكەو گوێگرتن لە زیانلێكەوتووان و خاوەن دوكانەكان، سەرۆكی حكوومەت بەڵینی نۆژەنكردنەوەی دوكانەكان و چاككردنەوەی بازاڕەكەی پێدان كە ئەمە داواكاری سەرەكی كاسبكارانیش بوو. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بە زووترین كات بە كاری پێویستی خۆیان هەستن وبەڕێزیان داوای لە دوكانداران بەگشتی كرد كە ڕێككارەكانی سەلامەتی جێبەجێ‌ بكەن بۆ ئەوەی چیترئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە وتیمەكانی خزمەتگوزاری و تیمەكانی شارەوانی و تیمەكانی پارێزگاو بەرگری شارستانی و هەموو ئەو تیمانەی كە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە كار بكەن. لەسەر ڕۆشنایی ئەو سەردانەی بەڕێزیان لەپارێزگا كۆبوونەوەی فراوان سازكراو لە ئێستاشدا دەستكراوە بە ڕێكارەكانی نۆژەنكردنەوەی دوكانەكان و تەواوی بازاڕی قەیسەری.