د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
دەمارگیری (التعصب یان prejudice) یان وەك هەندێ سەرچاوە بە چەمكی (پێش بڕیار) ناوی دەبەن، یەكێكە لەو بابەتانەی لە سایكۆلۆژیا بە گشتی و سایكۆلۆژیای كۆمەڵایەتی جێگەی تایبەتی هەیە و چەندەها زانا توێژینەوەی بەپێز و تاقیكردنەوە و بیردۆزییان لەبارەیەوە داناوە و چەندەها پێناسەی بۆ كراوە. فەرهەنگی ئۆكسفۆرد ئەو چەمكە بەم شێوەیە پێناسە دەكات كە بریتییە لە حەزنەكردنێكی بێ بنەما و پێشوەختە بۆ شتێك یان كەسێك یان گرووپێك بەتایبەت پەیوەندار بە نەژاد یان ئایین یان رەگەز.
فاكتەری جیاوازی وەك سایكۆلۆژی، كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی یان بایۆلۆژیكی كاریگەرییان بەسەر دروستبوونی دەمارگیری و پێشبڕیارەوە هەیە. هەندێ زانا پێیانوایە دەمارگیری بەرهەمی ئەو دژایەتی و ناكۆكییانەن كە لە نێوان گرووپەكان دروست دەبێ، كە لە ئەنجامی هەوڵی هەر یەكەیان بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی هاوبەشە، لە كاتێكدا بوار بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بۆ هەموو ئەو گرووپانە لەبار نییە. لەو كاتەدایە كە ئەو گرووپانە بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیك دابەش دەبن بەسەر دوو گرووپ: گرووپێك خۆیی و پێی دەڵێن: “ئێمە”. گرووپی دژبەر كە پێی دەگوترێت: “ئەوان”. ئەم جۆرە پۆلێنكردنە سەرەتای دروستبوونی ناكۆكییەكان و پەیدابوونی دەمارگیرییە. زیادەرۆیی نییە گەر بڵێین لە جیهاندا كەس و نەتەوە نییە ئەوەندەی كورد زیانی لەو بابەتەوە دیبێ.
بە تێكڕا دەمارگیری ئاراستەیەكی پەڕگیرە، كە پێكهاتەكانی زانەكی(مەعریفی)، سۆزداری و رەفتاری لەخۆ دەگرێ. گۆردۆن ئەلپۆرت، زانای سایكۆلۆژی، پێی وایە پێكهاتەی رەفتاریی دەمارگیری بە پێنج قۆناغدا تێپەڕ دەبێ: قۆناغی یەكەم: قۆناغی ناوزڕاندنە و، بەكارهێنانی قسەی ناشیاو و گاڵتەجاڕی لە دژی لایەنی بەرانبەر. وەك ئەوەی لانیكەم لە هەزار ساڵی رابردوو دژ بە كورد دەگوترێت، كە كورد لە نەوەی جندۆكەكانن و، هتد. لەسەردەمی بەعسی رووخاو بە پێشمەرگەیان دەگوت (مخرب یان هارب) و، لەم دواییەش ئەو قسە و قەسەلۆكانە هەن وەك ئەوەی دەگوترێت هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە، كە هیچ بنەما و بەڵگەیەكی نییە و تەنها بۆختانێكە بە هەرێمەكەمان لكێنراوە تا بەهانە خۆشكردن بێ بۆ بە ئامانجگرتنی و لەباربردنی ئەم دەستكەوتە. ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر ئەو وڵاتەی ئەم پروپاگندەیەی بڵاوكردووەتەوە خۆی ژێربەژێر پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، تا ڕادەیەك كە ئیسرائیل ئاگاداری هەنگاو بە هەنگاوی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەتی و هێڕشەكانی كە تەنها شانۆگەرییەكی سیاسی و تەكتیكی لەشكەرین، تەنها بۆ رازیكردنی لایەنگرانی خۆیانە و خۆڵ لە چاوكردنی كەسانی ترە و، بەڵگەش بۆ ئەم ئاخاوتنە ئەوەیە كە ئەو هێڕشانە تا ئێستا بە قەد سەری دەرزییەک زیانی بە ئیسرائیل نەگەیاندووە، چونكە ئەو وڵاتە بوێری ئەوەی نییە كە هێرش بكاتە سەر وڵاتێكی وەك ئیسرائیل كە چەندین وڵاتی وەك ئەمریكا و ئەورووپا پشتیوانی لێ دەكەن.
لە قۆناغی دووەم: دوورەپەرێزی دێت، كە خۆی لە شێوەی ئەو خۆدوورخستنەوەیە دەبینێ كە بە درێژایی ساڵانێكی زۆر، بۆ نموونە لە سەردەمی رژێمی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ لە دژی نەتەوەی كورد پەیڕەو دەكرا و ئێستاشی لەگەڵدابێ كەم و زیاد هەستی پێ دەكرێت.
قۆناغی سێیەمی: دەمارگیری، قۆناغی رەگەزپەرستی یان جیاكارییە، كە تیایدا لایەنی داگیركاری كوردستان، خەڵكی كوردی لە بچووكترین مافە سەرەتاییە مادی، شارستانی، كەلتووری، كۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بێبەش دەكرد. ئەو قۆناغەی كە ئێستاش وەك سەردەمی بەعس تا ڕادەیەك هەستی پێ دەكرێت و، وەك جەنابی سەرۆك بارزانی لە ماوەی رابردوودا لە پەیامێكی خۆیدا ئاماژەی پێ دەدات كە: “هێشتان بیرۆكەی شۆڤینییەت دژ بە كورد هەستی پێ دەكرێت” و دەست بەسەر دەسەڵاتدا گرتن بە تاكڕەوی عێراق بەرەو خراپتر دەبات.
قۆناغی چوارەم: قۆناغی هێرشی فیزیكییە، كە خۆی لە توندوتیژی لە دژی گرووپ یان نەتەوە یان بەرژەوەندییەكانیدا دەبینێ. وەك ئەو تاوانانەی كە رژێمی پێشووتر دژ بە نەتەوەی كورد ئەنجامی دا و ئێستاشی لەگەڵدابێ جارناجار پیادەدەكرێت. وەك رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر نموونەی نوێی ئەو قۆناغە لە رەفتاری داگیركەرانی كوردستان بوو، كە هیچی كەمتر نەبوو لە ئەنفالە بەدناوەكەی بەعسییەكان، تەنها ئەوە نەبێ كە ئەنفال لە سەدەی بیستەم و هێڕشەكەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بە پاڵپشتی هێزێكی دەرەكی و لە سەدەی بیست و یەكەم ئەنجامدرا.
قۆناغی پێنجەم: قۆناغی لەنێوبردنی یەكجارەكیی بەرانبەرە، كە بەبێ جیاوازی لە نێوان ئەندامانی نەتەوە و گرووپی دیكە ئەنجام دەدرێت. وەك ئەوەی سەدام لە سەردەمی خۆی لەگەڵ كورد كردی و، تەنانەت هیچ جیاوازییەكی نەكرد و هەندێ لە كەس و ئەوانەی كە جاشی خۆشی بوون و خزمەتی بەعسیان كردبوو لەسێدارەی دا و لەنێوی بردن. یان ئەوانەی لە سەردەمی ئێستادا خزمەتی داگیركەرانی كوردیان كردووە و بوون بە دەمڕاستی ئەوان و دژایەتیی قوتی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی كوردستانیانیان دەكرد، بەڵام لە ئایندەدا هەر لە لایەن نەیارانی كوردستانەوە دەخرێنە زبڵدانی مێژوو و تەنها ریسوایی و ڕووڕەشییان بۆ دەمێنێتەوە.
ئەگەرچی هەندێ لە توێژینەوەكان پێیانوایە كە هەندێ جۆری دەمارگیری زۆر ناخایەنێت، وەك دەمارگیریی ئەمریكییەكان دژ بە ژاپۆنییەكان لە كاتی جەنگی دووەمی جیهانی و دوای هێڕشەكەی ژاپۆنییەكان بۆ سەر (پۆل هابر)، بەڵام پێدەچێ دەمارگیریی نەتەوەكانی دژ بە كورد زۆری خایاند و، ئەویش زیاتر لای هەندێ كەس و گرووپ و بەتایبەت لایەنی سیاسی. بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو كەس و لایەنانە دژ بە كەمە نەتەوەكانی وەك كورد زۆرداری و توندوتیژی دەكەن، بەڵام هەمان ئەو كەس و لایەنانە لە بەرانبەر لایەنەكانی دەستڕۆیشتوو و زلهێز ماستاوچییەتی دەكەن و ناوێرن لە دژی ئەوان بوەستن و، لە لایەكی ترەوە حەز بە پاراستنی بەها كۆنە كلاسیكەکانی خۆیان دەكەن و ملكەچی ئەو جۆرە بەهایانەن و نایانەوێ خۆیان بگۆڕن.
پسپۆڕانی دەروونناسی پێیانوایە كە یەكتر ناسینی نەتەوەكان ڕۆڵێكی بەرچاو لە كەمكردنی دەمارگیریی نەتەوەیی و نەژادپەرستی دەگێڕێ. بۆیەش لێرەدا لە جێگەی خۆیەتی ڕەخنە لەوانە بگیرێت كە بەناوی ئیسلامەوە لە نێو جەرگەی میللەتی كورد پەیدا بوونە و لە جیاتی ئەوەی كە بۆ ئەم میللەتە ببن بە دەرچەیەك بۆ رزگاربوون لەو دەمارگیرییەی كە هەڵقوڵاوی كەلتوور و فەرهەنگی وڵاتانی بەناو ئیسلامییە لە دژی نەتەوەكانی كوردستان، بۆ بەدەستهێنانی چەند دەستكەوتێكی كورتمەودا، ئەركی سەرەكیی خۆیانیان لەبیركردووە و بوونەتە ئامرازی دەستی نەیارانی كورد بۆ لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمەكەمان، لە كاتێكدا كە ئەوان دەبوایە ببن بە دەنگی ڕەسەنی كورد بۆ گوێچكەكانی ئەوانەی لە ژێر سێبەری ناوی ئیسلام دژایەتیی میللەتێك دەكەن، كە بە گەواهیی مێژوو، زۆر خزمەتی ئیسلامی كردووە و زیاتر لە هەر كەس و نەتەوەیەك تەنانەت ئیسرائیلیش ئێش و ئازاریان بەدەست وڵاتانی بەناو ئیسلامەوە چێشتووە.
دەبێ ئەو وڵاتانە لەیاد نەكەن كە ئێمە میللەتێكی زیندووین و وەك هەر نەتەوەیەكی تر مافی خۆمانە دان بە مافە ڕەواكانمان بنرێت و لەو دەمارگرژییەی سەدان ساڵە دژمان پیادەدەكرێت دوور بین تاوەكو پێكەوە و شان بە شانی وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگانە ببین كە بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتوون، وەك تیرۆر، گۆڕانی كەشوهەوا، و هتد و، لەو بەینەشدا ببین بە جێگەی شانازیی مرۆڤایەتی و بەها مرۆیییەكانی.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ