نێچیرڤان بارزانی و هیوایەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

374

ئەڤین بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانی، یەکێکە لە سەرکردە ناودارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هەمیشە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانی دەدا بە وتارە نەرم و نیان و هێمنانەی خۆی، هەر بۆیە نەک تەنها لەناو کورد دا، بەڵکو لە ناو لە عێراق و ناوچەکەشدا کەسێکی باشە و ڕێزی لێدەگرین، لە دوایین سەردانەکەیدا بۆ بەغدا دەرکەوت هێز و لایەنە شیعەکان زۆر باش هەستیان بە ڕۆڵ و هێزی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، هێزەکانی شیعە لە بەغدا باش دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان فاکتەری چارەسەری کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جاریش باسی ئەمەی کردووە کە ئەوان دەیانەوێت هەموو کێشەکان لەسەر بنەمایی دەستوور چارەسەر بکەن.

لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پەیامەی بە بەرپرسانی عێراق دا، کە ئەگەر بارودۆخی عێراق ئارام بێت، پێویستە هەموو کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکرێت، بە هێزەکانی شیعەش وت ڕێز لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگرن، بوێری و هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێم جارێکی دیکە نیشانیدا کە بەبێ ئەو حزبە، هیچ کێشەیەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر ناکرێت، و ئێستا هەموو هێزەکانی عێراق باش دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی هەموو خەڵک و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

پارتی خەباتی بۆ مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی تری هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها هەموویان بینین کە پارتی چەند گەورەیە، پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی، ڕایانگەیاند، پێویستە کورسی پێکهاتەکان بۆیان بگەڕێتەوە و پێویستە ڕێز لە ئیرادەیان بگیرێت، بەڵام بەشێک لە هێزە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە دەیبینن، ئەگەر 11 کورسی پێکهاتەکان نەبێت، بۆیان زۆر باش دەبێت، ئەمەش نیشانەی لاوازی و بێدەسەڵاتی ئەو هێزانەیە.

هێزە شیعەکان لە بەغدا باشتر لە جاران دەزانن، ئەگەر ڕێز لە داخوازییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگیرێت، ئەگەر هەوڵی ئەوە بدەن کورد لە ڕێگەی هەندێک فشارەوە داواکارییەکانی قبوڵ بکەن، ئەوا عێراقیش تووشی کارەساتی گەورە دەبێت، لە کۆتاییدا سەرکردەکان لە عێراق دەڵێن بەهێزی هەرێمی کوردستان واتە بەهێزی عێراقە، بۆیان ڕوون بووەتەوە، بە پلاندانان و گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان ئەوان سەرکەوتوو نابن، چونکە پارتی و خەڵکی کوردستان ئیرادەیەکی زۆر بەهێزیان هەیە و ساڵانێک لە دژی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری خەباتیان کرد و ڕەتیکردەوە چەوساندنەوە بکرێت بەهۆی ئەمەوە بەرپرسانی بەغدا ناچار بوون هەڵوێستی خۆی بیگۆڕن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیازی ڕوون و ئاشکرای هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق دەربڕی، لە هەمان کاتیشدا هۆشداری دایە بەرپرسانی بەغدا، کە دانوستاندن تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە نیشانی دا کە سەرکردەی ڕۆژانی سەختە و دەتوانێت دەرگای داخراوەکان بیکاتەوە، ئەویش ئەو هیوا لەدەستچووانە بۆ هەموو عێراق دەگەڕێنێتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشکاوانە رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان تەنیا داوای مافە ڕەواکانی خۆی دەکات.