د. لانە تەڵعەت بەرێوەبەری نەخۆشخانەی عەتایای ئیماراتی
خەبات: ئاشتی شەهباز:- نه‌خۆشخانه‌ی عه‌تایا‌ی ئیماراتی بۆ له دایكبوون و منداڵان له مانگی 11/ 2022 له ناحیه‌ی به‌حركه‌ي سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕووی نه‌خۆشان كرایه‌وه و كه‌وتۆته پشت بنكه‌ی ته‌ندروستی به‌حركه. به‌شه‌كانی نەخۆشخانەی عەتایا پێكهاتوون له به‌شی (راوێژكاریی ئافره‌تان و راوێژكاری له‌دایكبوون، سۆنا‌ر، تاقیگه، تیشك، له‌دایكبوون و نه‌شته‌رگه‌ری، بانكی خوێن )، هه‌روه‌ها به‌شی منداڵه ناكامه‌كانیشی هەیە، لەم نەخۆشخانەیەدا 26 پزیشكی پسپۆری ئافره‌تان ونیشته‌جێی دێرین و ستافێك لە كارمه‌ندان كار ده‌كه‌ن.
دكتۆره لانه ته‌ڵعه‌ت سامان به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی عەتایای ئیماراتی گوتی: له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه لۆدێكی زۆر له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی له دایكبوونی فێركاریی هه‌ولێر كه‌می كردووه و به‌و هۆیه‌وه زۆرێك له ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئافره‌تان و منداڵبوون چاره‌سه‌ر بووە.
دكتۆرە لانه تەڵعەت سامان دەڵێت: به‌هۆی نه‌بوونی به‌شی چاودێری چڕ هه‌ندێجار ناچار ده‌بین نه‌خۆشه‌كان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوونی هه‌ولێر بكه‌ین.
بەڕێوەبەری نه‌خۆشخانه‌ی عەتایای ئیماراتی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: به‌هۆی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی پزیشكی و ته‌ندروستی له به‌شه جیاوازه‌كان، وه‌ك میزه‌ڕۆ و به‌شی هه‌ناو و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی و نه‌شته‌رگه‌ری سارد و نەشتەرگەری حاڵەتی كتوپڕیشی لێ ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه 24 كاتژمێر كراوه‌یە و جگه له نه‌خۆشییه‌كانی ئافره‌تان و منداڵبوون لە ناوچه‌یه‌كی دەرەوەی شار وه‌ك ناحیه‌ی به‌حركه، تاڕاده‌یه‌كی باش خزمه‌تێكی پێویستی دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یە و دەوروبەری بەگشتی كردووه.
ئەو دەشڵێت: له‌گه‌ڵ نه‌بوونی هه‌ندێك له ئامێری پێویست بۆ به‌شی منداڵه ناكامه‌كان و ئامێری سۆنا‌ر بۆ ناو هۆڵی له‌دایكبوونی سرووشتی وه‌ك نموونه، چونكه تەنیا دوو دانه‌مان هه‌یه، هەروەهاش نه‌بوونی به‌شی چاودێری چڕ، كە زۆرجار ئێمه ناچار ده‌كات ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی گوشاری خوێن یان شه‌كره‌یان هه‌یه، ناتوانین لێره چاره‌سه‌ریان بكه‌ین و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوونی هه‌ولێریان دەكەین، چونكە ئه‌وه‌یان له‌توانای ئێمه‌دا نییه.
دكتۆره لانه تەڵعەت لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی له خزمه‌تگوزارییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه كرد و گوتی: رۆژانه نزیكه‌ی تا 50 نه‌خۆش سه‌ردانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه ده‌كات و زیاتر له 10 ئافره‌تی دووگیان بۆ له‌دایكبوون سه‌ردانی ده‌كات.
بەپێی ئامارەكانی نەخۆشخانەكە له مانگێكدا له نه‌خۆشخانه‌ی عه‌تایا‌ی ئیماراتی 2213 هاووڵاتی سەردانی بەشی راوێژكارییان كردووه، له به‌شی سۆنا‌ر 1230 سۆنه‌ر بۆ نه‌خۆشان كراوه، له‌باره‌ی منداڵانی له دایكبوو به شێوه‌یه‌كی سرووشتی 223 منداڵ لەوێ لەدایكبوونە، ژماره‌ی پشكنینه‌كانی تاقیگه 2130 پشكنین ئه‌نجامدراوه و 329 نه‌خۆش سه‌ردانی به‌شی بانكی خۆێنیان كردووه، هه‌روه‌هاش 207 منداڵ به نه‌شته‌رگه‌ری لە نەخۆشخانەی عەتایای ئیماراتی بۆ ئافرەتان و منداڵان لەدایكبوونە.
