خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- لەبەر ئەوەی ڕاهێنەری هۆڵەندی، ئارنی سلۆت، ناوبانگێكی نێودەوڵەتی ئەوتۆی نییە، بۆیە زۆرێك لە هاندەرانی لیڤەرپوول، بۆ یەكەمین جارە گوێیان لە ناوی دەبێت، كە بۆ گرتنەوەی شوێنی یۆرگن كلۆپ، ناوی دەهێندرێت، بەڵام ڤێرجیل ڤان دایكی هاونیشتمانی و كاپتنی لیڤەرپوول، بە بژاردەیەكی گونجاوی دەزانێت. دەزگاكانی ڕاگەیاندنی بەریتانیا، پێشبینی ئەوە دەكەن كە سلۆت، ڕاهێنەری یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، شوێنی كلۆپی ئەڵمانی بگرێتەوە، كە بڕیاری داوە دوای كۆتایی هاتنی وەرزی ئێستا دەستبەرداری پۆستەكەی بێت و پشوو بدات. ڤان دایك، لەم بارەیەوە گوتی: فەلسەفەی سلۆت لە ئەنفێڵد گونجاو دەبێت.
گوتیشی: سلۆت؛ ئێستا یەكێ لە باشترین ڕاهێنەرە هۆڵەندییەكانە، پێم وایە بەهۆی شێوازی یاریكردن و فەلسەفەكەیەوە، دەتوانێت ببێتە ڕاهێنەری داهاتووی لیڤەرپوول، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی من خوێندوومەتەوە، ڕەنگە ڕێكەوتنەكە هێشتا زۆری مابێت تەواو ببێت، با بزانین چ ڕوودەدات. سلۆت وەرزی ڕابردوو پێشەوایەتی فاینۆردی كرد، نازناوی خولی هۆڵەندا بباتەوە، ئەم وەرزەش جامی هۆڵەندای بەدەستهێناوە. سلۆت بە شێوازی هێرشبردن و توانای لەسەر پەرەپێدانی بەهرە لاوەكان ناسراوە، لەلای یاریزانانیش كەسایەتییەكی خۆشەویستی هەیە، ئەوەش هاوشێوەی ئاكارەكانی كلۆپە، كە لە ساڵی 2015ـەوە ڕاهێنەری لیڤەرپوولە و چەندین نازناوی وەك چامپیۆنس لیگ و پریمەرلیگی لەگەڵدا بە دەستهێناوە.