گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە بانكی (TBI)ی عێراقی هاتووەتە ناو پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “هیچ بەربەستێك لەبەردەم ناردنی مووچە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نەماوە و چاوەڕێ دەكەین لە زووترین كاتدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچە بنێرێت.”
گوتەبێژی حکوومەت گوتیشی: “بانكی (TBI)ی عێراقی هاتووەتە ناو پڕۆژەی (هەژماری من).”
هەروەها پێشەوا هەورامانی ئاماژەشی بەوە دا کە (هەژماری من) و بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران یەک ئامانجیان هەیە.
گوتیشی: “سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرپەرشتیارانی پرۆژەی (هەژماری من) کردووە، هاوکاربن لەگەڵ بانکی (TBI) و کارئاسانییان بۆ بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە دەست پێبکات و هیچ فەرمانبەرێک ناچار ناکرێت.”
لەبارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە رایگەیاند: “30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە تێیاندایە 15 ساڵە خزمەت دەکەن، سەرۆکی حکوومەت بە مافی ئەوانی دەزانێت بکرێنە هەمیشەیی و تیمێکی ڕاسپارد لە ماوەی 15 ڕۆژدا پۆلێنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ قسە بکرێت هاوشێوەی ئەو یەک ملیۆن فەرمانبەرەی لە عێراق دامەزراون، ئەوانیش بەپێی یاسا فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.”