خەبات: تریفە ئازاد:- لە بەرواری 5/5/2023 ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێك لە سەرۆكایەتیی هەرێم و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و ئێران سەردانی كۆماری ئێسلامیی ئێرانی كرد، لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران و بەرپرسانی تری ئێران لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران چەندین كۆبوونەوەی گرینگی ئەنجامدا.

لە سەرەتادا د.زوبێر ڕەسول دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان و پەیوەندییە هەرێمییەكان لە بارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: “سەردانەكەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانێكی پێویست بوو، چونكە دەمێكە بۆشاییەكی ئەمنی و ئاسایشی و دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان هەبوو، وەك چۆن بڵێن بارگرژییەك لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا هەبوو و نامتمانەییەكیش لە پەیوەندیی نێوان هەردوولا هەبوو، بۆیە دەتوانم بڵێم سەردانەكە سەردانێكی پێویست بوو، ئەمەش دەمێكە ئامادەكاری بۆ كراوە هه‌م لە لایەن هەرێمی كوردستان و هەمیش لە لایەن ئێرانەوە، پێشتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانی ئاسایی كردەوە لەگەڵ بەغدا، دواتریش هەنگاوی تر ئەوە بوو لەگەڵ ئێران پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێنەوە.

گوتیشی: دیارە كۆمەڵێك نیگەرانی هەبوون، ئەمەش نیگەرانیی ئاسایشی لە نێوان هەردوو لا بوو، لە دوای ئەم سەردانەش لێكتێگەیشتنی باش دروست دەبێت لە نێوان هەردوولا، دیارە ئێران كۆمەڵێك داوكاری هه‌یه‌ لەوانەیە ئەو داكارییانە بەشێك پەیوەست بن بەوەی كە ئێمە دەتوانین لە ڕوانگەی ستراتیژیی ئێران لە هەرێمی كوردستان بیخوێنینەوە، ئەویش ئەوەیە كە بۆ نموونە هەرێمی كوردستان نەبێتە شوێنی نەیارانی بەتایبەتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی و، خاڵی دووەم ئەوەیە كە هەرێمی كودستان نابێت بێتە هۆی لاسەنگ كردنی ئەو پەیوەندییە سیاسییەی لە نێوان لایەنەكانی عێراق هەیە، چونكە ئێران دەیەوێت هەرێمی كوردستان بەشێك نەبێت لە تێكدانی هاوسەنگی لە نێو ماڵی شیعە، زیاتر لەگەڵ ئەو لایەنانە بێت كە لە ئێران نزیكن، ‌ بەشێكی تری پەیوەستە بەوەی كە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی تر بۆ كرانەوەی زیاتر بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریكا یاخود لەگەڵ وڵاتانی كەنداو یان توركیا.

ئێرانییەكان خۆیان بە نزیكتر لەوانە دەبینن، چونكە ئەگەر سەیری مێژووی پەیوەندییەكان بكەین، ئێرانییەكان یەكەم وڵات بوون نوێنەرایەتیی خۆیان لە هەرێمی كوردستان كردەوە و یەكەم وڵات بوون دانیان بە هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوری نوێی عێراق لە ساڵی 2005. ئێرانییەكان لە زۆر ڕووەوه‌ خۆیان بە نزیكتر ئەبینن، چونكە مێژوویه‌ك لە نێوان ئێران و كوردستان هەبووە، كۆمەڵێك فاكتەر وای كرد كە گرژی دروست بێت و كوژرانی قاسم سلێمانی بووە هۆی موشكباران كردنی ئەو ناوچانە، ئەمەش وای كرد كە بۆشاییەكی گەورە بكەوێتە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران، لەم كاتەوە پەیوەندییەكان تێكچووبوو.

ئەوەشی خستەڕوو” ئێستا سەرۆكی هەرێم پێگەیەكی دیپلۆماسی هەم لە عێراق و هەمیش لە ناوچەكە هه‌یه‌، هەڵسا بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەكان هەم لەگەڵ عێراق و هەمیش لەگەڵ هەرێمی كوردستان و، ئەگەر بتەوێت پەیوەندیی باشت لەگەڵ عێراق هەبێت دەبێت پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێرانیش باش بێت ‌ و، لەم ماوەیە بینیمان هەرێمی كوردستان كرانەوەی هەبوو لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و لەگەڵ توركیا و لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئیتر ئەوەی هەستی پێكرا ئەم بۆشاییە بوو كە لەگەڵ ئێران هەیە، بە سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئێران ئەم بۆشاییە پڕ بووە و، لە بواری میدیایی گرینگی زۆر بە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان درا، كە هیچی كەمتر نەبوو لەگەڵ ئەو سەرۆكانەی كە دێن سەردانی ئێران ئەكەن.

لە لایەكی تریش سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی هەموو جومگە سەرەكییەكانی وڵاتی ئێرانی كرد، نەك هەر لەگەڵ سەرۆك كۆمار دیدار بكات، بەڵكو لەگەڵ هەموو وەزیر و گەورە بەرپرسانی ئێران كۆبووە، چونكە سیاسەتی ئێران تەنها لە ڕێگای حكوومەت دانانیشێت، ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران دادەنرێت، كە هەریەكە لە سوپای پاسداران و ئیتلاعات ڕۆڵیان تێدا هەیە، سەرۆكی هەرێم بە وردی ئەم جومگانەی كە پێویست بوو لێیان نزیك بێتەوە و لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ بكات، ئەم تەوەرانە بوو، هەم ئەو بەرەی كە نزیكە لە ڕابەر، هەمیش ئەو دامەزراوانەی كە نزیكن لە حكوومەت، بۆیە من پێم وایە لەمەودوا لە بەردەم قۆناغێكی نوێین لەبەردەم پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران، لەگەڵ ئەوەش مەرج نییە هەموو كێشەكان چارەسەر بن، چونكە كۆمەڵێك فاكتەری زۆر هەن تەحه‌كوم بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا دەكەن و، ئاسانیش نییە بڵێین ئەم سەردانە هەموو ناكۆكییەكان سفر ئەكاتەوە، بەڵام ئەتوانم بڵێم بەشێكی زۆری ئەو ناكۆكییانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست ببوو، لێك تێگەیشتنی نوێ دروست ئەبێت، بۆیە دەكرێت لە ئایندە لێكەوتەكانی ببینن لەسەر هەرێمی كوردستان، خاڵێكی تر ئەوەیە كە پێگەی هەرێمی كوردستان هەرچەندە پێگەیەكی نادەوڵەتییە، بەڵام ڕۆڵێكی زۆری لە دابینكردنی ئاسایشی دەبێت، بۆ نموونە ئێران وەك بەشێك لە ئاسایشی ناوخۆ سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و، كاریگەری هەیە لەسەر پرسی كورد و كۆمەڵێك پرسی تری ئەمنی لە ئێرانیش، بۆیە هەرێمی كوردستان هەم دەتوانێت فاكتەری سەقامگیری بێت هەمیش دەتوانێت فاكتەری ناسەقامگیری بێت، بۆیە پێگەی هەرێمی كوردستان گرینگە بۆ ئێران و، بۆ توركیا و وڵاتانی تریش. بەشێك لەم گرینگیدانەی دامەزراوە فەرمییەكانی ئێران بە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم درا، لەم پێگەیەوە بەشێك لەم پێگە دیپلۆماسییە و كاراكتەری سەرۆكی هەرێم لەئاستی نێودەوڵەتی و ئاستی هەرێمی به‌گشتی پەیوەستە بە پێگەی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵێك لە ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوچەكەدا.

د.شاری نانەكەلی شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی لە بارەی سەردانەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆككۆماری ئێران و گەورە بەرپرسانی ئێران، لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ” گومان لەوەدا نییە كەسایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەمیش لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق بگرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كەسێكی دیپلۆماتكارە و كەسایەتی تایبەتە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و، لە بواری چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ‌ و هەرێمی و، هەروەها لە نێوان هەرێم و دەوڵەتی ناوەند كە ڕوویداوە تا وەكو ئێستا ڕۆڵی سەرەكی هەبووە بۆ یەكلایی كردنەوە و چاسەركردنی كێشەكان بە هەموو ئامرازە ئاشتەواییەكانی كە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی ئاماژەی پێ دەدات، لە ڕابردوودا ئەو ناكۆكییانەی كە لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوو ڕۆڵی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگا پەنجەی لە هەموو پێشهاتەكان و لە چارەسەركردنی گرفتەكان دیارە و، چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و، ئێستاش دەبینن بە سەردانێكی فەرمی له‌ ئێرانه‌. وڵاتان و ده‌وڵه‌تی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشه‌وه‌ زۆر بە گرینگییەوە دەڕوانە ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چونكە وەك هەموو سەردانەكانی تر پێشبینی ئەوە دەكرێت كە ئەو گرفتانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە بە كاریگەریی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر عێراق ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت كە كێشەكان به‌ ئیجابی چارەسەر بكرێن.