سهرهتا وتار لە ئاوێنەی مێژووی کوردایەتی و شۆڕشگێڕییەوە بۆ ناسینی بارزانیی نەمر بڕوانن
سوورە مەرگەیی
ئەوانەی لە دەرەوەی مێژووی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی بڕیار دەدەن، خەجاڵەتی پێدەشتی ئێستا دەبن و لە سورکی هەزار بە هەزاری داهاتووش هەڵدەدێرێن، بۆیە لە پەرۆشیمەوە بە نەیارانی رێبازی بارزانیی نەمر دەڵێم: دژایەتی رێبازی بارزانیی نەمر بە هەر پاساو و بیانوویەک؛ دەرچوونە لە خەتی شۆڕشگێڕی و شاڕێی خەباتی رزگاری نیشتیمانی، دەرچوونیش لە خەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی رزگاری نیشتیمانی کارێکی خۆکوژییە، وەک ئامۆژگاریش بە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەڵێم: سووربوونتان لەسەر بەدیهێنانی خەونی شۆڤێنیانە و درێژەدانتان بە سیاسەتی داگیرکاری و چەوسانەوەی زیاتری کورد, وزەی شۆڕشگێڕی زیاتر و قوربانیدانی بەردەوام بە شوێنکەوتووانی رێبازی بارزانیی نەمر دەبەخشێ، ئێ کە ئەوە سرووشتی شوێنکەوتووانی رێبازی بارزانیی نەمر بێ، ئێوە بۆچی تێناگەن و لە ئاست مێژووی ئەو رێبازە کرنۆشی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی نابەن و خۆتان لە خەجاڵەتی ئێستا و هەڵدێری هەزار بە هەزاری داهاتوو ناپارێزن؟!
ئێوەی نەیار و ئەوانی داگیرکەر ئەگەر لە ئاوێنەی مێژوودا بۆ ناسینی بارزانی نەمر بگەڕێن، جگە لە گەورەیی و سەرکەوتنی ئەو ماڵباتە و بچووکی و شکستی خۆتان زیاتر شتێکی تر نابینن، فەرموون هەر لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلامی بارزان بەدەستی تورکە کەمالییەکان و هاوکاری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان و، پشتیوانی کۆماری کوردستان و رێڕیەوە مێژووییە شا تاسێنەکەی ئاوی (ئاراس) و، شۆڕشی ئەیلوول و هەستانەوەکەی دوای پیلانە شوومەکەی جەزائیر، تا دەگاتە هەڵوێست و رابەرایەتی کردنی پرسی سەربەخۆیی ئێستای سەرۆک بارزانی، هەموو پەند و وانەن بۆ ئێوە و ئەوانەش، کە لە داهاتوودا بەتەمای دژایەتی رێبازی بارزانی نەمرن، لە شکست و خەجاڵەتی بەردەم مێژوو زیاتر دەستکەوتێکی تریان نابێ، ئەرێ پێمناڵێن لە دژایەتی ماڵباتی بارزانی نەمر چیتان بەچی کرد و چیتان دەستکەوت؟! کوا ئەو خەونەی بە ئومێدی بینینی دەیان جار لە پێخەفی پیلانگێڕی و هاوپەیمانێتی ئاشکرا و نهێنی دوژمنانی کورد و داگیرکاری کوردستان بۆی چوونە خەوی قووڵەوە.
ئێ کەوایە کورد گوتەنی زیانەکانتان لە نیوەی بگەڕێننەوە، هێشتا کات ماوە و مێژووش لەبەر دەستە، تەنها بە هەڵدانەوەی چەند لاپەڕیەکی مێژوو هەم خۆتان لە بچووکی و شکستی زیاتر دەپارێزن و هەم ئێستا ئاشت دەکەنەوە و هەمیش لە داهاتوودا سەربڵند دەردەکەون.