ده‌قی دیمانه‌ی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سه‌لام عه‌بدوڵڵا سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی خه‌بات ، هه‌روه‌ها کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ، تایبه‌ت به‌ دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ..

سەلام عەبدوڵڵا

پێوه‌ری ئازادی ڕادەربڕین لە هەر وڵات و کۆمەڵگایەک جیاوازە، وە ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمدا هاتووە، دەکرێت بپرسین ئایا ئەو پێوەرەی لەو ڕاپۆرتەدا بۆ ئازادی هاتووە، پێوەرێکی ڕاستە، بەداخەوە لای ئێمە ئازادی واتێگەیشتوین کە ئازادی واتای هەموو شتێک بوترێت و بکرێت، مادام نازناو و ناسنامەی ڕۆژنامەنوسی هەیە کەواتە دەتوانێت بێ سنور هەرچی ویست بیڵێ و بیکات، خۆی لە هیچ شوێنێک ئازادی چ بۆ تاک چ بۆ ڕۆژنامەوان بێ سنور نیە بەڵکو چوارچێوەیەک هەیە، وە هەندێک لەو ڕێوەشوێنانەی بەرامبەر هەندێک ڕۆژنامەنوسی بەڕێز گیراوەتەبەر ڕەنگە هەر بە هەمان هۆکار بێ کە هەموو شتێک وتراوە، دەبێت ڕۆژنامەنوسیش باوەڕی بە دادگا هەبێ، چاوەرێی دادگا بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان، وە ڕۆژنامەنوس نابێ هەڵپەی هەبێ، بۆ نمونە لە هەموو وڵاتێک هەندێک شوێن هەیە کە هێما دانراوە هی کامێرا و هێمای قەدەغە کە ڕۆژنامەنوسیش ناتوانێ وێنە بگرێ، یا لەه ەموو وڵاتێکی ئازادیش قەدەغەیە بۆ نمونە نوسین و پاڵپشتی بۆ داعش و گروپە تیرۆریستییەکان دەرببڕێت، چونکە ئەوە ناچێتە چوارچێوەی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی.

لای من ئێستاش ئازادی ڕۆژنامەگەری لە پارچەکەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، زۆر باشترە لە زۆر وڵات و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش، زۆر وڵاتی دراوسێ ڕەنگە لەسەر باسی سەرۆک کۆمار زیندانی بکرێیت، بەڵام لە هەرێم جۆرەها تەنانەت ئیهانەش بە بەرپرسان دەکرێ ئەگەر کەسێکیش دەستگیر بکرێ دەوترێ ئازادی سنوردار دەکرێ، لای من مەترسییەک لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی نیە لە هەرێم تائێستاش، بەڵام ڕەنگە پێوەرەکانی ئێمە بۆ ئازادی لای ئەوان زۆر تەواو نەبێ بە بۆچونی من بەلێکتێگەیشتن دەکرێت ئەوەش چارەسەر بکرێ.

بە گشتی لای ئێمە وڵاتی ئێمە جەهەنەمێک نیە بۆ ڕۆژنامەنوسان و وەکو ئەفغانستانی تاڵیبان بێت، یا وەک کۆریای باکور بێت، من لە دیدی خۆمەوە ڕازیم بەو چوارچێوەی ئازادیەی کە هەیە و دەتوانین کاری تێدا بکەین، من وتم دۆزەخ نیە، بەهەشتیش نیە، لەو نێوانەدا ماوەیەکی زۆر هەیە.