سهرهتا وتار هەڵبژاردن لە هندستان.. (ئامرازێک بۆ دیموکراسی، یان بۆ هندستانێکی هندۆسی یەکدەست؟)
ئازاد جندیانی
هندستان بە پتر لە ملیارێک و چوارسەد ملیۆن کەسەوە ،کە لە ڕیزبەندی دیمۆگرافیای نەتەوەییدا ( ٨٠٪ ) یان هندۆسن و موسڵمانانیش ؛ وەک کەمینە تەنیا دووسەد ملیۆن کەسن، هەر چەندە لەڕووی ئابوورییەوە هیندستان لە ڕیزبەندی پێنجەمین ووڵاتی دەوڵەمەندی دنیایەو کاریش بۆ ئەوە ئەکا لەمساڵدا بگاتە ڕیزبەندی سێهەمین ووڵاتی دەوڵەمەندی جیهان, ڕێژەی هەژاری تیایدا سەرەڕای کەمبوونەوەی ؛ بەڵام هێشتا نزیک بە ٥٪ی دانیشتوانی لەهەژاریدا ئەژین و نزیک بە دووسەد ملیۆن کەس خۆراکی پێویستی ڕۆژانەیان دەست ناکەوێ.
هندستان لە ( ١٥ /٨ /١٩٤٧ ) سەربەخۆیی وەدەستهێناو یەکەمین هەڵبژاردنیشی لە (١٩٥١ و ١٩٥٢ ) دا ئەنجامدا.لە ١٩ ی نیسانی ئەمساڵیشدا هەژدەهەمین هەڵبژاردنی ( لۆک سابها) واتا پەرلەمانی دەستپێکرد ؛ کە شەش هەفتە ئەخایەنێ ، کە ٢٦٠٠ پارت و قەوارەی سیاسی بۆ ئەم هەڵبژاردنە نوێیە خۆیان تۆمارکردووە. ئەو بڕەپارەیەی کە مەزەندە ئەکرێ پارتەکان لەو هەڵبژاردنەدا خەرجی بکەن چواردە ملیارو چوارسەد ملیۆن دۆلار بێ ؛ کە لە هەڵبژاردنی (٢٠١٩ ) دا تەنیا هەشت ملیارو حەفسەد ملیۆن دۆلار بوو.
هەموو ڕاپرسی و پێشبینییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەیە ؛ کە ( ناریندرا مۆدی ) سەرۆک وەزیرانی ئێستا و پارتەکەی (بهاراتیا جاناتا) لەم هەڵبژاردنەدا براوە ئەبن و ( مۆدی ) بۆ خولی سێیەمیش ئەبێتەوە بە سەرۆک وەزیری هندستان ، کە بە ( بهارات ) یش ناودێرە. نەتەوەو ئاینی هندۆسی پشتیوانییەکی فراوان لە ( مۆدیو پارتەکەی ) ئەکەن ؛ کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای ( هندۆتڤا Hindutva) یە کە بیرۆکەی ئەو ئایدۆلۆژیایە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بونیادنراوە کە سێ خەسڵەتی سەرەکی هەن (نەتەوەی هاوبەش – ڕاشترا) (ڕەچەڵەکی هاوبەش – جاتی ) ( کلتور یان شارستانیەتی هاوبەش – سانسکریتی ). ئەو ئایدۆلۆژیا نەتەوە ئاینیە لە دیدی زۆرینەیەکی ڕەهای هندۆسەکان لەسەردەستی (مۆدی ) دا بۆتە بەرنامەیەکەی ئایندەساز بۆ هندستانێک کە زاڵدەستی هندۆسی و ستایلی ژیانی هندۆسی بەرپائەکا . یەکێک لەو بۆچوونەی سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێبەرایەتی ( مۆدی ) بۆتە دیدێکی تەشەنەسەندوو ئەوەیە کە بڕوایان وایە ئەوە؛ کە ( هندستانی کردۆتە هێزێکی جیهانی ئەوتۆ کە ڕۆژاوا بە پەرۆشە لێی نزیک بێتەوه).
هیندستان بەهۆی زۆری دیمۆگرافیاکەیەوە؛ سیستمە سیاسیەکەی وا پێناسە ئەکرێ کە ((گەورەترین ووڵاتە دیموکراتیکەکانی دنیایە)) ؛ بەڵام بەخوێندنەوەو تێگەیشتنێکی سادەش بێ سەبارەت بە (دیموکراسی باو ) کە هەر لە سەربەخۆبوونیەوە لەوێ پەیڕەو ئەکرێ ، ئەوا ئەوەی ئێستا لەوێ ڕووئەدا پرۆسەیە بۆ زاڵکردن و زاڵبوونی نەتەوەو ئاینی زۆرینەو خۆبەخاوەن کردنی بێ هاوبەشی ووڵات و دەوڵەتەکە . لەو پێودانگەدا حکومەتی ( مۆدی ) لە دوو خولی ڕابردوویدا ژمارەیەک یاساو ڕێسای ئەوتۆی دەرچوواندوون و پراکتیزەی کردوون کە هەموو بیرۆکەو کارو کاردانەوەو ڕەفتارێک ، بەهەموو شێوازو ڕەوت و گەمەکانی دیموکراسیشەوە ڕوولە یەکدەستکردنی دەوڵەت و نەتەوەو کۆمەڵگای هندستانە و بونیادنانی شارستانیەتی هندۆسیە، شارستانیەتێک کە بارتەقای ئەو پێکدادانەبێ کە هانتنگتۆن بە ( تامپۆنی شارستانیەتەکان ) ناودێری کردووە. بەوپێیە بڕوا چەمکی هاووڵاتی مۆدێلێکی هیندۆتڤای ئەبێت بەومانایەی هاووڵاتی ڕەسەنی دەوڵەتی هندستان هاووڵاتیەکی هندۆسیەو هیچی تر نا، هەر ئەمەشە وایکردووە پارتی کۆنگرە کە لەسەردەمی گاندیەوە هەیەو دەیان ساڵیش سەرکردایەتی ئەوێی کردووەو فەلسەفەی حوکمڕانیەکەشی فەلسەفەی دەوڵەتی هاووڵاتی بووە بەمانا (( دیموکراسی )ە باوەکە.
بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە نموونە و ئەزموونی خۆزاڵدەستکردنی نەتەوەوئاینی زۆرینەیە و لەو گۆشەیەوە زۆر گونجاوە کە لەگەڵ نموونەی دەوڵەت – نەتەوەو دەوڵەت – تایفەی ( عیراق؛ ئێران ؛ تورکیاو سووریا )بەراووردو پێوانە بکرێ ؛ کە دواجار کۆپیکردنی هەمان ئەو ستایلەیە لە زاڵدەستبوون و خۆسەپاندنی زۆرینەی نەتەوەو ئاینێک.
لە کۆتاییدا هندستانێک کە ئەو هەموو پارەوپول و داهاتی ووڵاتەکەی و تاکەکانی لە کێشمەکێشمی بێنمودی هەڵبژاردندا خەرج ئەکا کە هەر لەم خولی هەڵبژاردنەدا کە هێشتا لە دەستپێکدایە بڕی ( چواردەملیارو چوارسەد ملیۆن دۆلار )ە . بەڵام ڕێژەی بێکاری بەتایبەت لەناو دەرچووانی زانکۆکاندا زۆر بەرزەو پێی چارەسەر ناکرێ ؛ بۆیە بەبەردەوامی دەرچووی زانکۆکان بەرەو ئەمریکاو کەنەدا کۆچ ئەکەن . هاوکات لەو ووڵاتەدا نەک ڕادەی هەژاری بەڵکو ڕادەی برسیەتیش تیایدا زۆر بەرزەو بەپێی ڕاپۆرتی هێندێ دەزگای خێرخوازی هیندستان ، سەرەڕای باش بوونی دۆخی ئابووری ووڵاتەکە، بەڵام هێشتا لەنێوان سەدو پەنجا بۆ دووسەد ملیۆن هاووڵاتی هندستان نانی ڕۆژانەیان دەست ناکەوێ ، ئەمە جگە لەوەی بەبەردەوامی پتر لە دووسەد ملیۆن کەسی سەربەچینی نەفرەت لێکراوان لە خراپترین دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری نەگۆڕدا ئەژین.
ئایا سیستمی دیموکراتیکی هەڵبژاردن لەو جۆرەی لە هندستاندا هەیەو پەیڕەوئەکرێ کارایی ئەوەی هەیە ژیانی سەدان ملیۆن هەژارو بێکار و برسی بگۆڕێ ؟ ئایا ئەتوانێ دۆخی چینایەتی و مرۆیی نەفرەت لێکراوان چارەسەر بکا؟ ئایا ئەوسیستمە دیموکراتیکە، لەدوای سەربەخۆ بوونی دوو دەوڵەتی هندستان و پاکستان ( دواتریش جیابوونەوەی بەنگلادیش لەپاکستان ) بەئەنجامدانی هەژدە خولی هەڵبژاردن؛ بەم خولەی ئێستاشەوە ویستی ئەوەی هەبووە قەیرانی ئەو دووسەد ملیۆن موسڵمانە بەپێی پرنسیپی مافی چارەنووس چارەسەر بکا ،هەڵبەت لەناویاندا نزیک بە پێنج ملیۆن لە تامیلیەکانی هندستان؟
مەگەر ئێستا لەسەردەستی پارتە زاڵە هندۆسیەکەو ڕێبەرایەتی ناریندا مۆدی لایەنگری سەرسەختی ( هیندۆتڤا )هەڵبژاردن تەنیا وەک ئامرازێک نیە بۆ یەکدەستکردنی کۆمەڵگاو دەوڵەت؛ وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی – ئاینی و وەک شارستانیەتێکی هندۆسی؟.
جێی خۆیەتی ئێمەی کورد لە باشوورو پارچەکانی تری کوردستانیشدا؛ هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکانی عیراق ؛ تورکیا ؛ ئێران و سووریا ( کە بە ناڕەوا دەستەواژەی هەڵبژاردنی نیشتمانیشی بۆ بەکار ئەهێنرێ ) لەبەر ڕۆشنایی هەڵبژاردنەکانی هندستان لێک بدەینەوەو بەنموونەی فەلسەفەی دەوڵەتداری نەتەوەی سەردەستەکان وەریبگرین و وەک ئامرازو دەسکەلای زاڵدەستبوونی نەتەوەی زاڵدەست تەماشا بکەین کە ئامانجە ستراتیژیەکەی بۆ هەژمووندارکردنی دەوڵەت – نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستانەو هیچی دەستەواژەو چەمکێکی پڕسەروسەدای وەک دیموکراسی ناتوانێ ڕاستی داگیرکاریەکە بشارێتەوە یان پاساوی بدا.
٢٣ /٤ / ٢٠٢٤