خەبات: هێمن ئاری:- ڕۆماننووس و چیرۆک نووس و فەرهەنگ نووسی دیاری کورد عەزیز مەلا ئەحمەد ڕەحیم، ناسراوە بە عەزیزی مەلای ڕەش، لە ساڵی 1936 لە گوندی چەغەمیرەیی سەر بە شارەدێی دیبەگە لەدایکبووه، سەرەتای خوێندنی لە حوجرەی مزگەوت بووە و لای باوکی دەستی بەخوێندنی دینی کردووە.
ساڵی 1959 به بڕیارێکی (عەبدولکەریم قاسم) سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق، مەلاکان خولێکی پەروەردەییان بۆ کراوەتەوەو بوونە به مامۆستای سەرەتايی، عەزیزی مەلای ڕەشیش لەو کات وەک مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە، عەزیزی مەلای ڕەش ئێستا لە تەمەنی 88 ساڵیدایە، لە دوای ئەو تەمەنە هێشتا بەردەوامە لە نووسین و خولیایی بۆ خوێندنەوە و کتێب هەیە، لە ساڵی 1979 یەکەم بەرهەمی خۆی بەناوی (پشیلۆکه)، کە کۆمەڵە شیعرێکی منداڵان بووه بڵاوکردووهتەوە، لە دوای ئەوە کۆمەڵێک ڕۆمانی نووسیووە و بڵاوی کردوونەتەوە، ئەمانە بەشێكن لە بەرهەمەكانی: کوێخا سێوێ، خاک و چەوسانەوە، غەواره، حزبی کەران، خاک و کێشەی مان، پل، ژیانی پێغەمبەر.
هەروەها کۆمەڵێ چیرۆکی تايبەت بۆ منداڵان وەک بۆرە و گورگ و بزن، تۆبەی گورگ مەرگە، گورز گورزانێ. لەژیانی خۆیدا خاوەن 26 کتێبی چاپکراوە، مامۆستا عەزیزی مەلای ڕەش له نووسينی ڕۆمانەکانی زیاتر وشە کۆن و فۆلکلۆرییەکانی ناوچەی دەشتی هەولێر بە کاردەهێنێ و ستایلێکی تایبەت بەخۆی هەیە لە نووسینەکانیدا و چێژێکی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێت.
لە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە شازدەمین پێشانگەی نێو دەوڵەتی کتێب لە هەولێر کرایەوە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ڕۆماننووس و چیرۆک نووس عەزیزی مەلای ڕەش، دوای ئەم تەمەنە، یەکێکە لە بە تەمەنترین سەردانیکارانی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب دادەنرێت کە بە مەبەستی کڕینی کتێب سەردانی ئەم پێشانگەیەی کردبێت، وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کۆمەڵێک کتێبی کڕیووە. هیوای تەمەن درێژیی و لەشیاغی بۆ دەخوازین، بەو هیوایەن تەندروست باشبێت بۆ زیاتر خزمەتگەیاندن بە دونیای نووسین و بەرەو پێشبردنی بزاوتی ڕۆشنبیریی کوردی.