خەبات: سولین سلێمان:- ئارام ڕەزا ئەو لاوە پاڵەوانەیە کە بەشداری چەندین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق كردووە و توانیویەتی ئەنجامی زۆرباش بەدەست بهێنێت، لەم دیمانەیەدا بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات باسی لە چالاكی و چەند پرسێكی تایبەت بە لەشجوانی كرد.

*سەرەتای دەسپێکی تۆ بۆ ناو یاری لەشجوانی چۆن بوو؟
لە منداڵیەوە خولیایەکی زۆرم بۆ وەرزش هەبوو، چ لە یاری کۆنفۆ و یاری تایکواندۆ، دواتر لە تەمەنی 15 ساڵی، خولیای لەشجوانی بووم و حەزم بە لەشی ئەستێرەکانی بۆدی بۆڵدینگ بوو، بۆیە ئەوکاتی بڕیارمدا ئەو وەرزشە بكەم، هەڵگرتنی قورسایی شارەزاییەکی پێویستە لە ژێر سەرپەرشتیاری ڕاهێنەران یاخود کەسانی بە ئەزموون.

*ئەو پاڵەوانێتیانە چین کە بەشداریت تێدا کردوون؟
بەشداریم لە سێ پاڵەوانێتیدا کردووە، لە پاڵەوانێتی سلێمانی ئەو کاتی تەمەنم 18 ساڵ بوو، توانیم پلەی سێیەم بەدەست بهێنم لە ساڵی 2015 و لە پاڵەوانێتی کوردستان دووبارە توانیم پلەی سێیەم بەدەستوبهێنم کە لە ساڵی 2016 بەڕێوەچوو، پاشان لە ساڵی 2019 لە پاڵەوانێتی عێراق بەشدار بووم بەهەمان شێوە پلەی سێیەمم بەدەست هێنا.

*سەنتەرە وەرزشییەکانی ئێستا چۆن دەبینیت؟
ئەو سەنتەرانەی کەلە ئێستادا هەن بەداخەوە کەسانی بە ئەزموونیان زۆر کەم تێدایە، کە شارەزایی تەواویان هەبێت لە بواری لەشجوانیی شێوازێکی تەندروست، ئامۆژگاری من بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بێنە ناو ئەو وەرزشە، پەلەیان نەبێت، تەندروستی خۆتان لە پێش خەونەکەتانەوە بێت.