خەبات: ژیلا كەریمی:- گۆڤاری تایم، نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵ و زیندانی سیاسی دەستبەسەر لە (زیندانی ئێوین) ی وەك یەكێك لە كەسایەتییە كاریگەرەكانی ساڵی 2024ی هەڵبژارد و لە بابەتێكدا نووسیویەتی كە نێرگز ژیانی خۆی تەرخانكرد بۆ شۆڕشی دژ بە زوڵم و زۆرداری بەرامبەر ئافرەتان و دەنگی تەنانەت لە زیندانیشدا بەرزە و دەگاتە گوێ‌.

لیستی 100 كەسایەتی كاریگەر لە ساڵی 2024 لە شەش بەشدا بڵاوبۆتەوە و ناوی نێرگز محەمەدی لە بەشی ” ڕێبەراندا” هاتووە. ناوی كەسانیتری وەك: یولیا ناوالینا، دۆناڵد تاسك، ویلیام برۆنز، خاویەر میلی و جۆرجیا مێلۆنی لەپاڵ محەمەدی لەو بەشەی لیستەكەی تایمدا هاتووە، گۆڤاری تایم هەر كام لەو 100 كەسایەتییەی لە لایەن كەسێكی ناودار لە هەمان بواردا دەناسێنێت و نێرگز محەمەدی لە لایەن نادیە موراد، كچە كوردی خەڵكی شنگال، چالاكوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی 2018 دەناسێنرێت.

نادیە موراد، نێرگز محەمەدی ئاوا دەناسێنێت:” محەمەدی كەسێكە كە بۆ چەندەها دەیە یارمەتی ئافرەتانی ئێرانی داوە تا بوێری دەنگهەڵبڕین بەرامبەر نادادپەروەری لە خۆیاندا بخوڵقێنن. ناتوانرێت محەمەدی بە قۆڵبەستكردن و كپ كردنی دەنگی لە یەك وڵاتدا بخەیتە چوارچێوەیەكی داخراو” نادیە موراد نووسیویەتی:” خۆزگە ئەو كاتەی كە وەك كچێكی گەنج لە گوندەكانی كوردستان گەورە دەبووم و گەشەم دەكرد، ئاگادار دەبووم كە ئافرەتانی هاوشێوەی نێرگز محەمەدی هەن كە ژیانیان بۆ شۆڕش دژ بە زۆرداری تەرخان كردووە.”

نێرگز محەمەدی 14ی ڕەزبەری ساڵی پار ( 10/ 2023) بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023 و بوو بە دووەم ئافرەتی ئێرانی لە دوای شیرین عیبادی كە لە ساڵی 2003 نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە، محەمەدی لەم ساڵانەی دواییدا بە تۆمەتی جۆراوجۆر و بە هۆكاری چالاكی لە پێناو مافی مرۆڤ دەستبەسەر و دادگایی كراوە و شەش ساڵ زیندانی كرا.

سێ‌ ساڵ لەمەوبەریش دووبارە دەستبەسەر كرا و لەو كاتەوە تا ئێستا بە تۆمەت و فایلی جیاواز بە گشتی بە 12 ساڵ و سێ‌ مانگ زیندانی، 154 قامچی، چوارمانگ پاككردنەوەی شەقامەكان، دوو ساڵ ئیزن نەدان بە چوونە دەرەوە لە وڵات، دوو ساڵ ئیزن نەدان بە بەكارهێنانی مۆبایل، دووجار سزای دارایی، ئیزن نەدان بە هیچ چالاكییەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و دوورخستنەوە سزادراوە.