خەبات: سۆلین سلێمان:- لە ئێستادا ڕاگەیاندنی كوردی تا ئاستێكی باش بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، ئافرەتانیش ڕۆڵێكی باشیان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی میدیا و ڕۆژنامەگەری كوردیدا، بەڵام وەك هەمیشە دەوترێت ئایا تەنها بوونی ئافرەت لە میدیادا وەك ژمارە بەسە یان تا چەند توانیویانە بەشدارێكی كارا بن لە ئاڕاستەكردن و دانانی پلانی كاری دەزگا میدیاییەكاندا، لاپەڕەی ئافرەتان لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردیدا ڕای چەند ئافرەتێك لەو بوارەدا وەردەگرێت.
ئاهورا ڕەمەزان ڕۆژنامەنووس و توێژەر لەم بارەیەوە گوتی: لە سەردەمی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری جیهانییەوە تا ئێستا نەتەوەی كورد خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ نەبووە تا لە سایەیدا بیروڕا و بەرهەمی فیكری خۆی چاپ و بڵاوبكاتەوە، بەڵام هزری ئازادی و ژیاندۆستی یارمەتیدەر بووە تاكو مێژوویەكی پڕ لە ڕۆژنامە و گۆڤار و كتێب و چاپكراومان هەبێت. ساڵی 1898 یەكەم ڕۆژنامەی كوردی كە ڕۆژنامەی (كوردستان) بووە و زمانحاڵی ئازادیخواز و ڕۆشنبیری كورد بووە بڵاودەكرێتەوە، ئەم ڕۆژنامەیە ڕۆڵی گرنگ و سەرەكی دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی هزری كوردایەتی و تێگەیشتن لە پرسی نەتەوەیی، لە پاش ڕۆژنامەی كوردستان مۆدێلێكی نوێی خەبات لەلای كورد دەستپێدەكات كە ئەویش خەباتی مەدەنی وشە و ڕستەی نێو ڕۆژنامەكانە، بۆیە مێژووی ڕۆژنامەگەریمان دەوڵەمەندە.
لە كوردستانیش هاوشێوەی جیهان ئافرەتان درەنگتر هاتوونەتە نێو دنیای ڕۆژنامەگەرییەوە، بەڵام بەشداری ژنی كورد لە بواری نووسین و ئەدەبدا بۆ مێژوویەكی زۆر كۆن دەگەڕێتەوە، دەركەوتنی ئافرەت لە ڕۆژنامەگەری كوردیدا بۆ نزیكەی سی ساڵ دوای دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی دەگەڕێتەوە، لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا لە هەردوو ڕۆژنامەی (ژین و ژیاندا) ناوی ئافرەتان دەردەكەوێت، یەكەم نووسین بە ناوی ژنەوە لە ڕۆژنامەگەری كوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٦، بە ناوی (ژن و تەئسیراتی لە حەیاتی مەدەنییەتدا) بە قەڵەمی خاتوو (گوزیدە عەزیز) بەڕێوەبەری قوتابخانەی كچانی سلێمانی، كە لەلاپەڕە ١ی ژمارە ١٣ی ساڵی یەكەمی ڕۆژنامەی (ژیان) بڵاوكراوەتەوە، هەروەها (ڕەوشەن بەدرخان) كە لە نێوان ساڵانی ١٩٠٩ – ١٩٩٢ ژیاوە، یەكەمین ڕۆژنامەنووسی ئافرەتە لە كوردستان، چونكە هاوكارێكی بەردەوامی (جەلادەت بەدرخانی)ی هاوسەری بووە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا. هەروەها خاتوو (ڕەحمە) كچی پیرەمێردی شاعیر ساڵی ١٩٥٤ دوای كۆچی دوایی باوكی ئیمتیازی ڕۆژنامەی (ژین)ی وەرگرتووە.
لە پاش ساڵانی 50ی سەدەی ڕابردوو، قۆناغێكی نوێ لە ڕۆژنامەگەری بۆ ئافرەتانی كورد دەستپێدەكات، لە شەستەكان بەدواوە ژمارەی ئافرەتانی نووسەر بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەبێت، تەنانەت لەم قۆناغەدا ئافرەتان دەبنە خاوەنی ڕۆژنامە و بڵاوكراوەی تایبەت بە خۆیان، یەكێك لەو بڵاوكراوانەش گۆڤاری (دەنگی ژن) بووە، كە ساڵی ١٩٦٢ لەلایەن یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە شاخ دەركراوە و ڕۆڵێكی بەرچاوی گێڕاوە لە داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان و هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان و كۆمەڵگە.

هێرۆ مەولودی ڕۆژنامەنوس و پەیامنێر بە لاپەڕەی ئافرەتانی ڕاگەیاند: گەرچی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی خانمان كە ڕاگەیاندن زۆرتر بووە، بەڵام تا ئێستاش متمانەی تەواو لە بواری ڕۆژنامەوانی بە خانمان وەك پیویست نەدراوە ڕاستە لە میدیاكان خانمان وەك بێژەر و پەیامنێر بەرچاون و دیارن، بەڵام بە دەگمەن لە بواری ڕۆژنامەگەری ئەو دەرفەتە بە خانمان دراوە كە لە ناوەندی بڕیاردانی دەزگایەكی میدیایی بن. هەروەها دەڵێت: بە بڕوای من تا ئێستا ئەو ڕەوتە پیاوسالارییە هەر ماوە و خانمانی بە تواناش زۆرن كە ڕێگەیان پێبدرێ بۆ ئەوەی بڕیاریان بە دەست بێت لە میدیاكان بە هەر سێكیان بینراو و بیسراو و نووسراو. لەگەڵ ئەوەشدا گرتنی مایكێك یا خوێندنەوەی هەواڵ لە سەر شاشە ئەویش زۆرجار كە تەنیا بۆ ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری دەزگاكەیە نەبۆتە هۆكار بۆ ئەوەی بڵێین خانمان كاریگەرن. تا ئێستاش لەگەڵ كەسە سیاسی و كاریگەرەكان هەر ڕێگا بە پیاو دراوە چ بۆ پانێلێك یا بۆ وتووێژێك كە بە دەگمەن میدیای كوردی ڕێگەی بە خانمان داوە. بێشك بە تەنیا هەر گلەیی لە دەزگاگان نییە، خودی خانمانیش لە بوارەكەدا قووڵ نەبوونەتەوە و زۆر كەمن ئەو خانمانەی میدیاكارن وەك شرۆڤەكار و كەسی كاریگەر لە میدیا خۆیان دەربخەن.
زۆر جار ئەوەی دیارە و ناوبانگی دەركردووە ڕەنگە تەنیا كاریگەری ڕواڵەتی بووبێت و بە دەگمەن بووە و بە گشتی نییە، بەڵام زۆر زۆر كەمن ئەوانەی كە بە هۆی كاریگەری هزری یا قەڵەمەكەیەوە ناوبانگی هەبێت، قەڵەمی خانمان كاتێك كاریگەری دەبێت، كە لە ژێر هەستی دەروونی خۆی بێت. ئەو كاتەی دەتوانێ بە قەڵەمەكەی ئەو ئازارانە بنووسێت و بە تەواوی مانا پێداگری لە سەر مافەكانی هاوڕەگەزی خۆی بكات. لە دونیای سەرمایەداری ئەمڕۆ كە خانمان تەواو بە كار هاتوون بۆ سیستەمی سەرمایەداری و ڕێكلام، بوونی قەڵەمی خانمان گرنگە ئەگەر بەو مەرجانەی سەرەوە بێت، بەڵام بە دەگمەن ئەو خانمانە سەركەوتوو دەبن و هەمیشە دژایەتیان كراوە. ئەگەر لە كوردستانیش باس بكەم دەگمەنە و زۆر كەمە.
غەیدا بێروخی نووسەر و ماموستای زانكۆ بەو شێوەیە ڕای خۆی خستەڕوو: ئافرەتان ئەو تاكانەن كە بەشدارن لە ئامرازەكانی ڕاگەیاندن، ئامرازی ڕاگەیاندن بریتین لە ئامرازی پەیوەندی كۆمەڵایەتی یاخود كەرەستەی بەكارهاتوو لە خەزنكردن و پێشكەشكردنی داتا و زانیاری، ڕۆڵی ئافرەت لە ڕۆژنامەگەریدا خۆی لە چوار تەوەردا دەبینێت وەكو ئازادی ڕۆژنامەگەری، فرەچەشنی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن، سەربەخۆیی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن و سەلامەتی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن. هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەیە كە ئافرەت لە هەموو بوارەكان پێشبكەوێت و ڕۆڵی كارا بگێڕێت لە كۆمەڵگەدا بەو باوەڕەی كە ئافرەت هاوبەشی سەرەكییە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی پێشكەوتن و گەشەسەندن، هەر بۆیەش ئافرەت ڕۆڵی باشی گێڕاوە لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریدا كە زۆر بە زیرەكی و بوێرانە كارەكانی خۆی ئەنجامداوە لە گەیاندنی ڕاستیەكان و ڕوماڵكردنی ڕووداوەكانی ژیان بە خۆشی و ناخۆشییەوە و نمونەی زۆری ئافرەتی بوێرمان هەیە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا. لە پاڵ ئەوەشدا بڵاوكردنەوەی زانیاری و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە هەموو بارودۆخێكی ژیان بە تایبەتی توێژی ئافرەت.
نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئافرەت شان بەشانی پیاوان هاتوونەتە مەیدانی كاركردن و كارەكەیان زۆر بەجوانی ئەنجامداوە وەكو هەر بوارێكی تر تیایدا سەركەوتووبوون هەبوونی ئافرەت لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریدا كاریگەری بەرچاوی هەیە لە گەیاندنی دەنگی ئافرەت، چونكە ئافرەت زیاتر دەتوانێت لە بارودۆخ و كێشەكانی ئافرەت تێبگات و دەتوانێ داكۆكیكارێكی سەرسەختی ئافرەت بێت لە گەیاندنی ڕاستیەكان و كار بۆ بەرژەوەندی ئافرەت بكات و ڕێگە نەدات ڕاستیەكان بشێوینرێن یاخود وێنەی ئافرەت ناشیرین بكرێت و ببێتە قوربانی دەستی كۆمەڵگای دواكەوتوو كە تیایدا پیاوسالاری سەروەرە.
دلڤین شەماڵ نووسەر و ئەندامی مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەڵێت: لە ئێستادا ڕاگەیاندنی كوردی تا ئاستێكی باش بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، ئافرەتانیش ڕۆڵێكی باشیان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی میدیا و ڕۆژنامەگەری كوردیدا، هەڵبەت پێویستە زیاتر لە ژمارە پێگە و شوێنی بوونی ئافرەت لە دەزگاكانمان بەلاوە گرنگ بێت، میدیا كە بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێت، كار لە هەموو جومگەكانی ئەو كۆمەڵگەیە دەكات و هۆیەكی بەهێزە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو وڵاتە، بۆیە بەشداری ئافرەتان لەم دەسەڵاتە كاریگەری بەرچاو دروستدەكات لە كۆمەڵگەكەدا. ئەكرێ بڵێین میدیای كوردی پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە سەر ئەو ڕۆڵەی ئافرەتان دەیگێڕن، لە هەمان كاتیشدا پێویستی بە بەرجەستەبوونی زیاتری ڕۆڵی ئافرەت هەیە، چونكە تا ئیستاش بەربەست لە بەردەم ئافرەتی كورد هەیە و ناتوانێت بە ئازادییەكی تەواو هەنگاوەكانی بنێت و ریَِگری لێدەكرێت و لە هەر هەنگاوێكیدا كۆمەڵێك ئاستەنگ و كێشەی بۆ دێتە پێش، بۆیە دەبینین جۆرێك ترس هەیە و ئافرەتان ناتوانن بە ئاسوودەیی و هەموو تواناوە بێنە نێو ئەو بوارەوە.









