خەبات: شادی سلێمانی:- شێف شێنێ، لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٩یە، دەرچووی کۆلێژیی وەرزشە و بە یەکێک لە شێفە دیار و دەست رەنگینەکان ناوبانگی
دەرکردووە. لە دیمانەیەکی رۆژنانەی خەبات دا شێف شێنی باس لە کارەکەی دەکات و وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

*که‌ی دەستت بەکاری شێفاتی کرد؟
لە ساڵی 2022ەوە ده‌ستم كردوه‌ به‌كاری شێف و تا ئێستاش بەردەوامم.

*تۆ هەم دایكیت هەم كاری شێف و رێكلامی و راگه‌یاندنیش دەکەیت، هەموو ئەمانە بۆ تۆ ئه‌سته‌م نییه‌ چۆن كاتەکانت دابه‌شكردووه‌؟
مرۆڤ حەز و خولیایی بۆ هەر شتێک هەبێت بۆ ئەستەم نابێت، لەبەرئەوەی خۆم خولیام بۆ کارەکان هەیە و کاتەکانم بەپێ ئیشەکانم دابەش کردووە لەگەڵ ژیانم، کارەکانم گونجاندووە لەگەڵ كاتەکان، بۆ هەریەک لە کارەکانم کاتم ته‌رخانكردووه‌ هه‌موو ئیشه‌كانم له‌ كات و ساتی خۆی ئه‌نجام ئه‌ده‌م.

*زیاتر حه‌ز ئه‌كه‌یت كاری چێشت لێنان بكه‌یت یاخود شیرینی درووست بكه‌یت؟
خۆم شێفی شیرینیم، بەڵام لە خواردن درووست کردنیش دەتوانم بڵێم زۆر باشم، ئەمەش بە واتای ئەوە شیرینی خۆشترە لام، لەگەڵ دروستکردنیدا ڕاهاتووم و كێشه‌م نییه‌.

*چیت هه‌یه‌ بۆ خانمان تا وابكه‌ن دڵی پیاوه‌كانیان ڕازی بكه‌ن له‌ كاتی ئاماده‌كردنی خواردن، پیاوان زیاتر حه‌ز به‌كام جۆری خواردن ئه‌كه‌ن؟
زۆر گرینگه‌وئافره‌ت گرینگی بە خواردنەکانیان بدەن، دەست ڕەنگینی و کابانی هونەرە، چونکە بەڕاستی خواردنی خۆش و ڕێک و پێک بەشێکی گرنگە لە ژیانی هه‌ر مرۆڤێكدا، پێویستە خانمان له‌گه‌ڵ ڕێك و پێكی ئامادەکردنی خواردنی خۆش و بە تەمام، ڕه‌چاوی پاك و خاوێنی بكەن و ڕازاندنه‌وه‌ی ته‌واو بۆ خواردنه‌كان بكەن، تاكو دڵی پیاوه‌كانیان ڕازی بكه‌ن خۆشیان مورتاح بن كه‌ ئه‌م خواردنانه‌یان پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن، چونکە هەر پیاوە و تەبیعات و جۆرە حەزێکی هەیە، بۆیە من ناتوانم دیاری بکەم حەزیان لە چ خواردنێکە.