خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا، ئەو ڕاپۆرتانەیان ڕەت كردەوە، كە باسیان لەوە دەكرد، ئەفسانەی تۆپی پێی فەرەنسی، زەینەدین زێدان، شوێنی تۆماس تۆخێل دەگرێتەوە و دەبێتە ڕاهێنەری بایرن میونخ لە وەرزی داهاتوودا. ڕۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی باسی لەوە كردبوو، زێدان نزیكە لەوە ببێتە ڕاهێنەری یانە باڤارییەكە، بە تایبەتی دوای ئەوەی، یولیان ناگلسمان، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، گرێبەستەكەی تاكو مۆندیالی 2026 درێژ كردەوە. سەرچاوەكان ڕوونیان كردووەتەوە، هیچ ڕێككەوتنێكی نزیك لە نێوان زێدان و بایرن میونخدا نییە، فلۆریان بلیتنبێرگ، پەیامنێری (X)یش دووپاتی كردووەتەوە، دەنگۆیەكان لەبارەی ئەم پرسەوە ڕاست نین و ئەو هەواڵانەی بڵاویش كراوەنەتەوە، ورد نین، سەرچاوەیەكی تریش دەڵێت، ڕاهێنەری ئیتاڵی، ڕۆبرتۆ دی زێربی، ڕاهێنەری یانەی برایتۆنی ئینگلیزی، بووەتە پێشنۆرەیەكی نوێ بۆ یانەی بایرن میونخ، بەتایبەتی دوای ئەوەی ناگلسمان، گرێبەستەكەی لەگەڵ مانشافت درێژ كردەوە و چاپی ئەلۆنسۆش مانەوەی خۆی لەگەڵ بایەر لیڤەركوزن ڕاگەیاند.