چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە

خەبات: عەلی بانیشاری:- بەپێی پلانێك كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری شارەكە دایڕشتووە، چاوەرێ دەكرێت ژمارەی گەشتیاری ساڵانەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە 800 هەزار گەشتیارەوە بۆ ملیۆنێك گەشتیار بەرزبێتەوە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگاكە دەڵێت: لە چەندین ڕێگەوە خەریكی بەبازاڕكردین بۆ ناوچە گەشتیارییەكان تاوەكو زۆرترین گەشتیار ڕوو لە سەیرانگا و هاوینەهەوارەكانی هەڵەبجە بكەن، سروشتی هەڵەبجە و ناوچە گەشتیارییەكانی بەشێوەیەك هەڵكەوتووە لە هەر چوار وەرزەكەی ساڵ گەشتیار ڕووی تێدەكات.

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا 58 هەزار و 862 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان كردووە و پێشبینی دەكەین تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ ئەگەر باری دارایی هاووڵاتیان وەكو ئێستا باش بێت، نزیكەی میلۆنێك گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكان بكەن.

گوتیشی: وەكو گەشتوگوزاری هەڵەبجە بەردەوامی لە ڕێگەی لیژنەكانمان سەردانی ناوچە گەشتیارییەكان و چاوێریان دەكەین و ڕێنماییان پێدەدەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەن و گرانفرۆشی نەكەن و كەپر و میوانخانە و باخ و دوكانەكانیان بە پاكوخاوێنی ڕابگرن، لەلایەكی تریشەوە لە ڕێگەی كەناڵە جیاجیاكانەوە ماركێتین بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە دەكەین و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانیش هەماهەنگی تەواومان هەیە بۆ پاكڕاگرتنی سەیرانگا و هاوینەهەوارەكان. ئاماژەی بەوەشدا، زۆرینەی خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان پابەندن بە ڕێنماییەكان و بەو نرخەی بۆ شوێنە گەشتیارییەكان دیاریكراوە.

چیا قاسم ڕاشیگەیاند: توانامان هەیە ساڵانە بە ئاسانی پێداویستی ملیۆنێك گەشتیار پڕ بكەینەوە و لە ڕووی بوونی چێشتخانە و بەرووبوومی خۆماڵی و گەراج و باخ و كەپر هیچ كێشەیەكمان نییە، ((بەڵام هۆتێلی پێویستمان بۆ ئەو ژمارەیە لە گەشتیار نییە تاوەكو تێیدا بمێننەوە))، لە ساڵی 2022، داهاتی ڕاستەوخۆی كەرتی گەشتیاری لە پارێزگای هەڵەبجە 57 ملیۆن دینار بووە، لە ساڵی 2023 زیادیكردووە بۆ نزیكەی 100 ملیۆن دینار. بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: پلانمان هەیە بۆ ئەمساڵ داهاتی ڕاستەوخۆ كە لە ڕێگەی ڕسووماتەوەیە بۆ 150 ملیۆن دینار زیاد بكەین.

ئەو باس لە كەمی ئەو داهاتە دەكات كە ساڵانە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە خەرج دەكرێت و دەڵێت: 15%ـی داهاتی گەشتیاری هەڵەبجە بۆ بەڕێوەبەرایەتییمان خەرج دەكرێت، ساڵی ڕابردوو لە كۆی نزیكەی 100 ملیۆن دیناری داهات، تەنیا 12 ملیۆن دینارمان بۆ خەرج كراوە. ((ئێمە بەو بڕە پارە كەمە ناتوانین هیچ پڕۆژەیەك بۆ ناوچە گەشتیارییەكان ئەنجام بدەین)).

چیا قاسم داواشیكرد، ساڵانە بودجەیەكی تایبەت بۆ گەشتوگوزاری هەڵەبجە خەرج بكرێت تاوەكو بتوانن چالاكی و فیستیڤاڵی گەشتیاری پێ ئەنجام بدەن و ژمارەی گەشتیاری بۆ ناوچەكە پێ زیاد بكەن و ژمارەی نوێ لە هاتنی گەشتیار تۆمار بكەن، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ساڵی ڕابردوو نزیكەی 800 هەزار گەشتیار سەردانی خاڵە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگاكەیان كردووە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هەر گەشتیار كە ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە دەكات 15 بۆ 20 هەزار دینار خەرج بكات، داهاتی ناڕاستەوخۆی كەرتی گەشتیاری هەڵەبجە ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 12 ملیار دینار. بەوتەی چیا قاسم، ساڵی ڕابردوو تەنیا داهاتی فیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، نزیكەی دوو ملیار دینار بووە.

لەبارەی گرفتی كارەبای نیشتیمانی لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی: ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە 24 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیان نییە و هەندێك كات بۆ دابینكردنی كارەبا پەنا بۆ مۆلیدە دەبەن، ئەوەش گرفتی دروستكردووە، چونكە لە بەشێك لە ناوچە گەشتیارییەكان كاتژمێر 11ـی شەو كارەبای نیشتیمانی دەكوژێتەوە گەشتیار ناچارە بخەوێت. ((ناكرێت مانگی تەمووز بێت و بە مۆلیدە كار بكەیت. لە هیچ شوێنێكی دونیا نەبووە ناوچەی گەشتیاری كارەبای نیشتیمانی نەبێت)).

زۆرترین گەشتیاری ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە، گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، بە پلەی دووەم گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی كوردستانن. چیا قاسم دەڵێت: جگەلە گەشتیارانی ناوخۆ و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، گەشتیاری بیانیش ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە دەكەن و لە باكووری كوردستانیشەوە ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو لە گەشتیار سەردانی هاوینەهەوارەكانی سنووری هەڵەبجە دەكەن، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، 36 ناوچەی گەشتیاری لە سنووری پارێزگاكە هەیە.