خەبات: سەردار حوسێن:- ئەمڕۆ 126 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ڕۆژنامەی كوردستان، كە لە قاهیرەی پایتەختی میسر یەكەمین ژمارەی لە 22ـی نیسانی ساڵی 1898 دەرچووەو بە دەستپێكی ڕۆژنامەگەریی كوردی هەژمار دەكرێت، بڵاوكراوەیەكی نێو خانەوادەی بەدرخانییەكان بووە یاخود ڕۆژنامەیەكی فەرمی و گشتگیر بووە، لەگەڵ ئەوەیشدا سەرەتایەكی باشە بۆ میدیای كوردی بەگشتی.

ئێستا و دوای ئەم 126 ساڵە، هێشتا میدیای كوردی نەیتوانیووە ببێتە دەسەڵاتی چوارەم، بەداخەوە لە هەندێك قۆناغدا ڕۆژنامەگەریی كوردی لەژێر گوشار و سانسۆری داگیركەرانی كوردستان بووە و لە هەندێك قۆناغدا ڕۆژنامەگەریی شاخ یان باشترە بڵێین قۆناغی نهێنی بووە، وەك ئەوەی بەر لە 4-4-1959 ماوەی دوو ساڵ ڕۆژنامەی خەبات بە نهێنی دەرچووە، لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991ـیش میدیا و ڕۆژنامەگەریی كوردی چووە قۆناغی ئازادیی، كە زۆرجار ئەو ئازادییە ڕەهایەی هەیبووە و گرفتی بۆ خۆی و كۆمەڵگەیش دروستكردووە و ناكرێ ئەوەیش بشارینەوە كە بەڵێ سانسۆر و دەستوەردانیش لە خودی پیشەكە هەبووە.
ئەوەی ئەمڕۆ یادی دەكرێتەوە و بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی ناودێر دەكرێت، زێتر رۆژنامە و گۆڤاری كاغەز دەگرێتەوە، تەنانەت خودی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007 هێندەی ڕێوشوێنی بۆ ڕۆژنامە و گۆڤاری كاغەزی داناوە، هێندە نەپرژاوەتە سەر شاشەی میدیایی و میدیای ئەلیكترۆنی و بەلای سۆشیالمیدیاشدا هەر تێپەڕ نەبووە، بۆیەش داواكارییەكی زۆر لەسەر هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە هەیە.

ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا قسەوباس لەسەر جێگرەوەی میدیای كاغەزیی و یان ڕاستترە بڵێین میدیای ڕاستەقینە دەكرێت، زۆرتریش بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە مرۆڤ جێگرەوەی رۆژنامەی كاغەز و میدیای ڕاستەقینەی دەستكەوتووە و بۆی گرینگ نییە رۆژنامەی كاغەز بمێنێت یان نا، بۆی گرنگ نییە شاشە لە ماڵەكەی هەبێتیان نا، بەڵام ئەم بۆچوونەیش بەو ڕەهاییە ڕاست نییە و سۆشیالمیدیا ئەگەرچی توانیوویەتی لە گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەكان پێش میدیای ڕاستەقینە بكەوێت، بەڵام نەیتوانیووە میسداقیەت و متمانەی تەواو دروست بكات، نەیتوانیووە جێگرەوەیەكی فەرمی میدیای راستەقینە بێت و خۆی لە قەرەی ئەو پرس و باسانە بدات، كە پێویستیان بە وردبوونەوەی ڕاست و دروست هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا ناتوانرێت نكۆڵی لەوە بكرێت كە سۆشیال میدیا لە دروستكردنی ڕای گشتی فاكتەرێكی گرنگ و بەهێز نییە.

“فیلیب مایەر” نووسەری كتێبی (میدیا و رۆژنامەگەری كاغەزیی، كۆتاییەكی حەتمییە) لەمبارەیەوە دەڵێت: لە ساڵی 2043 دوایین رۆژنامەی كاغەز لە جیهان دادەخرێت. هەروەهاش “بیرنار بولییە” نووسەر و شارەزای فەرەنسی لە بواری راگەیاندن، كتێبێكی نووسیووە بەناونیشانی (كۆتایی رۆژنامە و ئاییندەی راگەیاندن)، لەو كتێبەیدا “بیرنار بولییە” دەڵێت: هۆكاری زۆر هەن كە بوونەتە مەترسی لەسەر رۆژنامەی كاغەز، كە دیارترینیان باڵادەستبوونی ئینتەرنێت و كەمبوونەوەی داهاتی ریكلام و ئاگادارییەكانە. ئەو شارەزا فەرەنسییەی بواری راگەیاندن دەشڵێت: نەوەی ئێستا و داهاتووی سەردەم، كەمتر گرنگیی بە خوێندنەوە دەدەن، هەروەها شێوازەكانی خوێندنەوەیش گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە و دەستكەوتنی زانیاری بەخۆڕاییش، كاریگەرترین فاكتەری پاشەكشەی رۆژنامەگەریی كاغەزییە.

ڕەنگە ئەم بۆچوونە بۆ وڵاتی ئێمەیش ڕاست و دروست بێت، بەڵام ئاسانیش تێناپەڕێت، چونكە میدیای ڕاستەقینە وەك بەڵگەی سەلمێنەری ڕووداوەكان و بنەمای ئەو زانیارییانە هەژمار دەكرێن، كە لەم وڵات یان ئەو شوێنە ڕوودەدەن و دەبنە بەشێكیش لە ئەرشیف و مێژوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لایەنە دەروونییەكەی خوێنەر و چێژوەرگرتن و سوودوەرگرتنە لە خوێندنەوەی رۆژنامەیەك یاخود گۆڤارێك یان دانیشتن بەدیار شاشەیەكەوە، میسداقیەتی زۆرتر دەدات بەدەستەوەو گومان لەسەر حەقیقەتی ڕووداوەكان كەمتر دەكاتەوە.

ئەوەی ئێستا زۆرتر پێویستە لەم بۆنەیەدا تیشكی بخرێتەسەر و كاری جدیی لەسەر بكرێت، خۆگونجاندنی میدیای ڕاستەقینە و میدیای ئەلیكترۆنییە، رەنگە لۆژیكیترین بۆچوون ئەوە بێت، كە میدیای ڕاستەقینە لە پاڵ چاپی كاغەز و شاشەدا، پێگەی تایبەت بەخۆیان لە میدیای ئەلیكترۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەبێت، بەڵام هەڕەمەكییانە ئیشی لەسەر نەكەن و میكانیزمێكی تۆكمەتریان بۆ میدیا ئەلیكترۆنییەكەیان هەبێت و ئەو هەنگاوەش لە میدیای ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستانیش بەدی دەكرێت، بەڵام هەڕەمەكییانە ئیشی لەسەر كراوە، بۆ نموونە: پێگەی ئەلیكترۆنی ڕۆژنامەیەكی كوردی لە میدیای نوێدا، هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ پێگەیەكی ئەلیكترۆنی بازرگان یان كەسایەتییەكی سیاسی و تەنانەت كۆمەڵایەتیش، هەموویان بە یەك تایتڵ و ستایل هەواڵ و زانیاری بڵاودەكەنەوە، خوێنەر و بینەر هیچ جیاوازییەك لەنێوان پێگەی ئەلیكترۆنی كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی یاخود كۆمپانیایەكی بازرگانی یان ڕۆژنامەیەكی سیاسی نابینێت، چونكە هەوڵ نەدراوە كەسانی پسپۆر و تایبەتمەند و خاوەن ئەزموون لە كاری میدیایی بكرێنە ڕاوێژكار، تا بتوانن سەرنجی بینەر و خوێنەر ڕابكێشن و حەزی ئەوەی بۆ دروست بكەن، كە لە ڕێگەی پێگە ئەلیكترۆنییەكەوە چاوەڕوانی بینینی شاشە و چاپە كاغەزییەكەش بێت.

ڕاستە شاشە و چاپەمەنی كاغەز پاشەكشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و بەگشتی زۆرینەیان بینەر و خوێنەر و تیراژیشیان كەمبۆتەوە و بەشێكیان لە وەشاندنیش وەستاون، بەڵام هەندێكیان بەجۆرێك خۆیان گونجاندووە، كە بتوانن قەرەبووی كەمبوونەوەی تیراژ یاخود كەمبوونەوەی بینەر و خوێنەر بكەنەوە، بۆ نموونە: رۆژنامەی (The Sun) مالیزی وێڕای تەكنیكێكی نوێ، بڕیارێكی بوێرانەی داوە و بە پێچەوانەی ئەو رۆژنامانەی تیراژیان كەمكردۆتەوە، ڕۆژنامەی (The Sun) لە 100 دانەوە تیراژەكەی كردۆتە 300 هەزار دانە، لە پێگەی ئەلیكترۆنی خۆیدا تەنیا رێكلام بۆ خۆی دەكات، سیستەمی دابەشكردنی رۆژنامەكەی گۆڕیووە و وایكردووە بگاتە زۆرترین شوێنی وڵاتەكە، بەڵام بەخۆڕایی دابەشی دەكات و نرخی لەسەر رۆژنامەكە سڕیوەتەوە، بەم هەنگاوەیش توانیوویەتی سەرنجی بازرگان و خاوەنكارانی وڵاتەكە ڕابكێشێت و زۆرترین رێكلام بەدەست بهێنێت و بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر بڵاوكردنەوە رێكلام لە ڕۆژنامەكەدا، هەروا نرخی رێكلامەكانی بەرزتر دەكاتەوە، بە قسەی ئەنجوومەنی كارگێڕی (The Sun) داهاتی ئەو رێكلامانە سێ هێندەی ئەو داهاتەیە، كە پێشتر لە فرۆشی رۆژنامەكە دەستی دەكەوت.

هەموو ئەو هەوڵ و بۆچوونانەیش كە بۆ باشتركردنی بارودۆخی میدیاكار و ڕۆنامەوان و دەزگای میدیایی لە هەرێمی كوردستان لە ئارادان، مەبەستییانە ئەم قۆناغەی ئێستای میدیای كوردی لە “فەوزا” تێپەڕێنن و میدیا بەشێك نەبێت لە دروستكردنی كێشە و ئاریشە، بەڵكو بەشێك بێت لە چارەسەر، بەڵام ئایا ئەم هەوڵانە تاچەند لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستان دەگونجێت و تاچەندیش كەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون لە دروستكردنی بڕیاری دروست و یاسای گشتگیر بەشدار دەبن، ئەوەیان تا ئێستا دیار نییە و هێشتا وەك پێویست خاوەندارێتی نەكراوە.