سهرهتا وتار هاتنی ئۆردۆگان بۆ بەغدا و هەولێر؛ كێشەكان چارەسەر دەكات؟
كاروان محەمەد سینو
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی4ـی2024 ڕەجەب تەیب ئۆردۆگان بەسەردانێكی فەرمی بگاتە بەغدا و دواتر سەردانی هەوڵێر بكات، لەم ڕووەوە رۆژی هەینی ڕابردوو 19ـی4ـی2024 ڕەجەب تەیب ئوردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئەستەنبوڵ دووپاتی كردەوە كە رۆژی دووشەممە 22ـی4ـی2024 سەردانی بەغدا و هەولێر دەكات و گوتی:”ئەم سەردانەمان دواخرابوو… و ئێمە گوتومانبوو، هەركە هەڵبژاردنەكانی توركیا تەواو بوون، ئێمە سەردانەكە ئەنجام دەدەین”. هەروەها سەرۆكی توركیا گوتی:”لەبەغدا لەگەڵ عەبدوللەتیف ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبینەوە و پاشان سەردانی هەولێر دەكەم…. لە هەولێر دەرفەتی ئەوەمان دەبێت كە باس و گفتوگۆ لە كێشەكانی باكوری عێراق بكەین و هەروەها ئەو كێشانەی كە پیوەستن بە حكومەتی ناوەند، هەڵبەت ئەم گفتوگۆیانەشمان لە ژێر چەتری پیوەندییەگشتییەكانی توركیا – عێراق؛ دەبێت”.
بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ و بەدواداچوون و لێدوانی ماجد ئەللجماوی باڵیۆزی عێراق لە توركیا، گوایە لەم سەردانەی ئۆردۆگان بۆ بەغدا نزیكەی 37 یاداشتنامەی لێكگەییشتن لە بواری جوداجودا لەنێوان توركیا و بەغدا ئیمزا دەكرێ و لە هەموویان گرنگتر بریتییە لە لێكگەیشتنی (پلانی ستراتیجی) كە پێنج لێژنەی جودا لێیەوە سەرهەڵدەدەن (لێژنەی ئەولەهی (امنی)، لێژنەی ئاو، لێژنەی ئابووری، لێژنەی وزە، لێژنەی گواستنەوە.. هەروەك ماجد ئەللجماوی باڵیۆزی عێراق لە توركیا ئاماژەی پێكردووە.
بەڕێزان.. وێرای ئەوەی ئیمزاكردنی چەند یاداشتنامە و لێك گەیشتن و پەرەپێدان و هاوئاهەنگی دیپلۆماسی و پەیوەندییەكان ئەنجامی سەردانەكەی ئۆردۆگان دەبن، بەڵام پێموایە چوار مەلەفی سەرەكی هەیە كە ئۆردۆگان لە بەغدا جەخت و گەنگەشەی لەسەر دەكات. ئەوانیش:
یەكەم: مەلەفی ئەمنی و عەسكەری سەر سنوری نێوان توركیا و عێراق.
دووەم: مەلەفی پڕۆژەی پەرەسەندن (مشروع التنمیە). كە بریتییە لە پڕوژەی بەستنەوەی عێراق و وڵاتان كەنداو و توركیا بە ئەوروپاوە لە ڕێگای هێلێكی شەمەندەفەر كە لە خاڵی (فیشخابورەوە داخڵی ولاتی توركیا دەبێت بێ ئەوەی بە خاكی هەرێمی كوردستادا بڕوات؟!) ئەگەرچی ئەمە هێشتا بیرۆكە و پڕۆژەیە، بەڵام جێگای هەڵوەستەیە ئەگەر بەشداری بە هەرێمی كوردستان نەكرێت لەم پڕۆژەیەدا. بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان لەم پڕۆژەیەدا بوونی خۆی هەبێت وەك هەرێمێكی فیدڕاڵیی لە عێراقێكی فیدڕاڵیدا؟!!.
سێیەم: مەلەفی ئاو.. بێگومان ئێستا و لە داهاتوودا ئاو بۆوەتە؛ و دەبێتە كاڵا و خواست و پێداویستییەكی زۆر گرنگ (گرنگتر لە نەوت) كە ژیان و بوونی مرۆڤ لەسەری بەند دەبێت. بۆیە لە ئێستاوە توركیا و عێراق دەخوازن نەخشەڕێگا و رێكەوتنێكی بنەڕەتی بۆ ئەم مەلەفە فەراهەم بكەن.
چوارەم: مەلەفی ناردنی نەوتی عێراق بەنێو بۆڕی عێراق – توركیا، كە هەڵبەت ئەم مەلەفە زیاتر لە بەرژەوەندی توركیا دایە بەرلەوەی لە بەرژەوەندی عێراقدابێت. لەبەرئەوەی توركیا دەبێتە خاوەن داهاتێكی جێگیر لەئەنجامی تێپەربوونی نەوتی عێراق بەخاكەكەیدا.
خوێنەری ئازیز.. گەنگەشە و تاوتۆكردن و رێكەوتن لەسەر ئەم چوار خاڵە ئەرك و كارێكی ئاسان و ئاسا نییە، لەبەرئەوەی مەلەفەكان بەهەمانڕێژە لەبەرژەوەندی هەردوو لادا نییە و لەوانەیە هەر مەلەفێك بەڕێژەیەك (زیاتر یان كەمرت) لەبەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكراودابێت. هەروەها هەرلایەنێك بەجودا زاڵە لەسەر فاكتەر و كاریگەرییەكانی مەلەفێك لە مەلەفەكان، بۆیە لەوانەیە لایەنێك مەلەفێك وەكو گوشار بۆ مەلەفێكی دیكە بەكار بهێنێت. بۆ نموونە عێراق كە زاڵە بەر فاكتەرەكانی مەلەفی ئەمنی و عەسكەری سەر سنوور و مەلەفی هەناردەكردنی نەوت، دوورنییە مساومە گوشار لەسەر مەلفەی ئاو بكات. لەلایەكی دیكەشەوە، توركیا كە زاڵە بەسەر فاكتەر و كاریگەرییەكانی مەلەف ئاو و ڕێگری كردن لە پڕۆژەی پەرەسەندن (مشروع التنمیە)، ئەویش گوشار دەكاتە سەر مەفەكانی دیكە وەكو مەلەفی ئەمنی و عەسكەری بۆ نموونە. كەوات دەبێت مەلەفەكان و بەرژەوەندییەكان لەخزمەت و بەرژەوەندی هەموو لایەك بێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەگینا دۆخەكە ئاڵوزتر دەبێت.
بەڵام هاتنی ئۆردۆگان بۆ بەغدا و هەولێر هەڵبەت سەنگ و گرنگی خۆی هەیە و نەخشەرێگایەك بۆ كێشەكان دیاری دەكات و دەبێتە هۆكاری شكاندنی بەستەڵەكی كێشە و پەیوەندنییەكانی نێوان توركیا و عێراق؛ ئەو دوو وڵاتەی كە هەردەم پەیوەندییەكانی نێوانیان لە ئاستێكی پێوستدا نەبووە.
هەرێمی كوردستان كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی توركیا، بێگومان بوونی كوردستان لە چوارچێوەی دانوستانەكانی نێوان توركیا و عێراق، فاكتەرێكی ئەرێنی و ڕاست و تەندروستە لە سەركەوتنی دانوستانەكان و دۆزیینەوەی رێگەچارەی بنەڕەتی و تەندروست بۆ كێشەكان.