
وەیسی سەعید وەیسی
ماوەیەکە بابەتی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بووەتە گەرمترین بابەتی سیاسیی ئێستای کوردستان و عێراق و ناوچەکە، ھەر چەندە پارتی بایکۆتی ھەڵبژاردنی نەکردووە، چونکە ترسی لە ھەڵبژاردن نییە و دامەزرێنەر و پێشڕهوی داهێنانی ههڵبژاردنه له كوردستان، لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 لە شاری كۆیە بۆ یەكەمجار سەرۆک مەسعود بارزانی بوو ڕایگەیاند پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. لەماوەی دووساڵی رابردوودا پارتی ھەوڵی زۆری دا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام بەداخەوە رێگرییەکی زۆر لە بەڕێوەچوونی کرا، بەڵام ئێستا کە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لەبەرژەوەندیی ئەو لایەنە دایە کە رێگری دەکرد، خۆیان وا نیشان دەدەن پەرۆشی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەن، لەکاتێکدا دیزاین کراوە لەبەرژەوەندییان، بۆیە پارتی لە چوارچێوەی بەیانی رەسمیدا رایگەیاند بەشداری لە ھەڵبژاردنێک ناکات کە بە نایاسایی و نادەستووری دیزاین کراو بێت، خەڵکی کوردستان و نێردە دیپلۆماسییەکان و رای گشتی چاک دەزانن ھەمیشە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرددا بوونە، بەبێ ھیچ دەستێوەردانێک و دارشتنێکی پێشوەختە، بۆ ئەمەش گرنگە هەموو ئەو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانەی تایبەت بە پڕۆسەی ههڵبژاردن ئەنجامدراون چارەسەر بكرێن بۆ ئهوهی پڕۆسەكه بە شەفافانە و دوور لەدەستێوەردانی دەرەکی بەڕێوە بچێت، لەم چوارچێوەیەدا گرنگە ھەڵوەستەیەکی خێرا لەسەر چەند خاڵێکدا بکەین:
یەکەم: گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک، بە جۆرێک لەخزمەتی دیموکراسی و شەرعییەتدا بێت، دوور بێت لە ئەجێندای سیاسی، نابێت پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە دەستی نامۆ و دەرەکی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەنێک یەکلا بکرێتەوە.
دووەم: دەبێت ھەڵبژاردن وا بەڕێوەبچێت نوێنەرایەتیی ھەموو پێھاتەکان بکات، مەترسی لەسەر تێکدانی بنەماکانی پێکەوەژیان دروست نەکات، پڕۆسەی سیاسی لە کوردستاندا بێبەھا نەکرێت، گەرەنتی نوێنەرایەتی پێھکاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان بکات، چونکە بە ئاشکرا بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی پێکهاتەکان، بڕیارێکی نادەستوورییە، ئەگەر ئەوە پاساوەکەی نادەستوریبوونییەتی بۆچی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان کورسیی کۆتا هەیە؟ بۆچی ئەمە بۆ دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕەوایە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوا نییە. لەکاتێکدا بوونی پێکھاتەی ئایینی و نەتەوەیی خاڵی بەھێزی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانە.
سێیەم: ھیچ کات پارتی لەھەڵبژاردن نەترساوە، ھەڵبژاردن لەدوای ھەڵبژاردن لیستی یەکەم بووە، بەو پێیەی پارتی حزبی خەڵکە و خەڵکی کوردستان متمانەی پێی ھەیە، بۆیە ھەر بە ھێزی یەکەم دەمێنێتەوە، ڕابردووی پارتی لە داکۆکیکردن و پاراستنی ئاڵا و ناسنامە و خاک و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان جێگای شانازیی کوردستانییانە. دڵنیان تا پارتی هەبێ ئیرادەیان ناشکێت. بۆیە لای خەڵکی کوردستان دەبێت پارتی هەر هەبێ.
بۆیەش پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبووڵ ناکات، دەبێت هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن، تا هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوە بچێت.