
زایەر عەبدوڵڵا
ئێستا ڕەوشی شانۆ و نمایشی شانۆیی لە هەموو دونیا نەوەك بەتەنها لە كوردستان وتەنها تریش لەهەولێر لەپاشەكشەدایە و ئەو گوڕوتینەی سێ دەیەی سەدەی ڕابردوو شانۆ بەخۆیەوە دەیبینی هەنوكە وانەماوە و وەك هەموو بابەتە ژیارییەكانیدی شانۆ و نمایشی شانۆش لە پاشەكشەدایە و تەكنەلۆژیا و تەلەڤزیۆن و ئامرازە تازە پێشكەوتووەكان ئەو جێگە وپێگەیەیان نەهێشتۆتەوە.
ڕاستیەك هەیە دەبێت هەموومان بیسەلمێنین كە شانۆ پیرۆزی خۆی هەیە و بەهەوەنتە و دوو قسەی سەر زارەكی لێرە و لەوێ ئەم پیرۆزییەی ناڕووشێ ولەكەدار نابێت. هەر بۆیە لەبەر ئەم پیرۆزییەی شانۆ، نەوەیێكی بەختەوەر لەڕابردوو،لەساڵانی هەفتاو هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو هاتنە مەیدانەكەو لەشارەكانی كوردستان (هەولێر و كەركوك وسلێمانی ودهۆك)لە بواری شانۆ كەوتنە چالاكی و مەشخەڵی بزوتنەوەی شانۆی كوردیان گرتە دەست و هەنگاو بەهەنگاو قۆناغ بەقۆناغ بە هاوكاری و پشتیوانی جەماوەرە تێنووەكەی هونەری شانۆ،نمایشەكانیان بەرەو كامڵ بوون و سەپاندن و گوتاری جوانناسی نمایشیان خەمڵاند، بەتایبەتی لەهەر دوو دەیەی هەفتاو هەشتاكان كە بەسەردەمی زێڕینی شانۆی كوردی نێوزەد كراوە.
لەم كۆشش و هەوڵ و تەقەڵایانەی ئەوێ ڕۆژێش كە بەڕێنمایی چەند دەرهێنەری تازە دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا و بەدەیان لەئەكتەرە بەهرەدار و خۆڕسك و بەتواناكان بەشدار و هاوئاهەنگ بوون. كە لەونێوەندەدا ژمارەیێك ئەكتەری بەرچاو دەركەوتن و پێشكەوتن لەگەڵیشیاندا هەندێك ئەكتەری كەم بەهرە و كەم توانا دابڕان و لەكاروانەكە بەجێمان و ڕوویان لەكاروپیشە و جۆرە هونەرێكیدی كرد.
با لەسەرەتا لەسەر ئەو مەبدەئە ڕێك بكەوین، كەجەماوەر و بینەری شانۆ بەژمارە زۆرنین لەچاو بینەر و جەماوەری بەرفراوانی تەلەڤزیۆن، جاران شانۆییەك ئەگەر لە هۆڵێكی وەك هۆڵی گەل نمایش كرابێت كە ژمارەی كورسییەكانی نزیكەی (550) كورسی دەبوو، با نمایشەكە دە رۆژی خایاندبێت (10X550 =5،500) كەس واتە نمایشەكە (5،500) كەس بینیویانە،كەچی ئەو بەرهەمە تەمسیلیانەی لەشاشەی T.V كەركوك پەخش دەكرا دەچووە هەموو ماڵێك بەهەزاران و بگرە چەند ملیۆنێك كەس بینەری بوون و دەیانبینی و ئەكتەرەكانیان دەناسی و كارەكتەرەكانیان لەزاكیرە دەمایەوە . ئەمە زۆر گرینگە بۆ ئەوەی بۆمان ڕوون بێتەوە لەبەرچی ئەوكاتە شانۆكاران هەوڵیان دەدا پاش نمایشی بەرهەمەكانیان لەسەر شانۆ،خۆیان بگەیەننە تەلەڤزیۆن و لەوێ وەك تەمسیلیە تۆمار بكەن و هەموو خەڵكی كوردستان بەرهەمەكانیان ببینن. ئاخر فاكتەری بینین لەڕێگەی شاشە و ئەو هەموو بینەرە بەرفراوانە جیاوازە لەوەی ژمارەیێكی دیاری كراو لەبینەر و جەماوەر لە نمایشی شانۆییەك بەرهەمەكە ببینن . گۆتەی ئەوەی زۆربەی ئەكتەرە دیار و بەناو بانگەكان گوایە كە هیچیان پێنامێنێ ڕوو لەتەمسیلی و دراما تەلەڤزیۆنەكان و بەرنامە فوكاهییەكان دەكەن و لەوێ لەسەر سەركەوتنە لەپێشینەكانیان دەخەون.
جارێ لەلای هێروە دەمەوێ بپرسم،كامانەن ئەو ئەكتەرە كوردانەی بەڕێگای نمایشی شانۆیی بەم شێوە فراوانە ناو و ناوبانگیان دەركردوە و بوونەتە ئەستێرە و لەناو خەڵك و لەشوێنە گشتیەكان دەناسرێنەوە، كێ دەتوانی ناوی ئەو ئەكتەرە شانۆكارانەم بۆ بژمێری كەلەڕێگای نمایشی شانۆ بوونەتە ئەستێرە و لە ناو سەرجەم كۆمەڵانی خەڵك دەناسرێنەوە .
گەر خۆمان نائاگا نەكەین، دەبێت ئەوە بسەلمێنین كە هەموو ئەو ئەكتەرە بەناوبانگانەی لەناو میللەتەكەمان ناسراون و بەناوی كارەكتەرێك دەناسرێنەوە، بەرێگەی نمایشی شانۆ نەبووە بەڵكو بەڕێگەی شاشەی تەلەڤزیۆن بووە .
لەهەولێر شانۆگەری (هەبوو نەبوو) چەندین ڕۆژ لەسەر یەك لەسەر شانۆ نمایش كرا، بەڵام دواتر كەلەتەلەڤزیۆن پێشاندراو بینەرە سەرتانسەریەكە بینی ئینجا سەعدون یونس بە (ڕەجەب) و سەلام كۆیی بە(عەزە قۆڵبڕ) و عەلی ئەحمەد بە(حیكایەت خوان) و ئاواز مەحمود بە(ناسكە) وخەلیل یابە بە (میر) و بەندە بە (ئۆمەر چاوچنۆك) ناسراین،لە دراما تەلەڤزیۆنەكانی تریش كەلەدوای نمایشی شانۆ تۆماردەكران، جەلال بەیار بە (سەبریە قیت) و فەیسەڵ محەمەد ساڵح بە (بلەی سوڕ گوم) و سوبحی كۆیی بە (ڕەشۆی چڵمن) و ئیبراهیم حەكیم بە (كابرای خۆشناو) و سەباح عەبدولڕەحمان بە (حەمەدەمین) ناسران . وەرە شاری سلێمانی لە شاشەی تەلەڤزیۆنەوە نەوەك سەر شانۆ، مستەفا ئەحمەد بە (وەست عەلی ) و حاجی مەكی عەبدوڵڵا بە (عەلیە فەندی) و ئەحمەد سالار بە( میرزا ) و عومەر چاوشین بە (باجی ئایشێ ) و عومەری كەریم ئاغا بە (خولە چەخماخە) و كەمال سابیر بە (حاجی پلاسكۆ) ناسران، لەكەركوكیش و لەشاشەی تەلەڤزیۆنەوە عەلی كەریم بە (سامانی كوڕی ئاغا) و جیهاد دڵپاك بە (رۆستەمی نەوت فرۆش) و جەلیل زەنگەنە بە (بلە شێت) ناسران. من لەپیرۆزی و گەورەیی شانۆ كەم ناكەمەوە،بەڵام ئەوە ڕاستییە و دەبێت هەموومان بەویژدانەوە بیسەلمێنین .
لەهەموو دونیا میتۆدی ڕەخنە لەسەر بنەما زانستییەكەی دەنووسرێت و خاڵ لەسەر پیتەكان دادەنرێت و لایەنە ڕووناك و تاریكەكانی نمایش دەست نیشان دەكرێت،بەداخەوە لەلای ئێمە لەمەش بەدبەخت و سەرلێشێواوین . هەیە دەنوسێ و بەدەستی ڕاست و چەپ حوكم دەردەكات و بەگشتگیری دەنووسێت و تەڕو ووشك بەیەكەوە دەسوتێنێ و وەك فەرماندەی سەربازی ئەمر بەسەر سەربازدا بكا ئاوا فەرمان بەسەر ئەكتەردا دەكات، بەو دەڵێ بەهرەكەت پووكایتەوە، بەوی تریان دەڵێ لەسەر سەركەوتنەكانی پێشووت مەخەوە و بڕۆ واز بینە،ئەم گشتگیریە لە نووسینی ڕەخنەدا زۆر ترسناك و كارەساتە، وەرە جورئەتی ئەوەت نەبێت واز لە گشتگیری بێنیت و خاڵ بخەیتە سەر پیت و بەناو ئاماژە بەئەو ئەكتەرەرانە بكەیت كە دەڵێی بەهرەكانیان پووكایتەوە و لەكاروان بەجێماون . تا بەجورئەتەوە ڕەخنە نەنووسرێ بەدەیان و سەدان نووسینی وەها كەئەوراقەكان تێكەڵ دەكات و گشتگیرە نابێتە هەتووان بۆ دەردو برینی شانۆ و شانۆكاران و ئەكتەران .
دەنووسن كە ئەكتەرێك بەكارەكتەرێك ناسرایەوە و ناوبانگی دەركرد ئیدی لەسەر ئەم سەركەوتنە بەتەمبەڵی دەنوێت و وادەزانێت ئیتر تەواو . ئەمەش ڕاست نیە هەر ئەو دەیان ئەكتەرەی كوردستان لەسلێمانی و هەولێر و كەركوك بەناوی كارەكتەرێك ناسراون پاشتر كاری زۆرتر و باشتر و جدی تریان كردووە و بە كارەكتەری تریش شۆرەتیان وەرگرتووە و دەناسرێنەوە. ئەوە مستەفا ئەحمەد لە دوای وەستا عەلی بە خولە پیزە و مستەرەكەی بەرنامەی بەرنامە و چەند كارەكتەری تریش دەناسرێتەوە،عەلی كەریم بەكارەكتەری (هەڵۆ ) و جیهاد دڵپاك بە (مامۆستا هێمن) و سەعدون یونس بە (جەلیلی خەریتەچی ) و سەلام كۆیی بە (حاجی یادگار) و سەباح عەبدولڕەحمان بە (بەكۆ) وبەندە بە (تەهالۆك و جەوهەر ئاغا) ناسران و كاریگەریشیان لەسەر بینەران دانا .
یان گوایە ئەو ئەكتەرانەی كەلەسەر شانۆ هیچیان پێ نەما و پوكانەوە و كۆتاییان پێهاتووە ئیدی ڕوو لەتاكە دەروازەكە واتە تەلەڤزیۆن و بەرنامە تەرفیهییەكان و دراماكان دەكەن . پەكوو لەو بێئینسافیەی،ئاخر ویژدانتان بێت ئەكتەر هەیە هەر نەچۆتە سەر شانۆ كەچی لەڕێگای دراما تەلەڤزیۆنەكان بەناوبانگ بووە و ئێستا ڕەقەمە، یەكێك لەوانە (ئوسامە جەمیل)ـە . ئینجا یەكێكی وەك (ماهیر حەسەن) كە پێشتر لەچەندین شانۆیی بەشدار بووە چ لە قۆناغی قوتابیەتی یاخود دواتر بەڵام بەم شێوەیە بەناوبانگ نەبوو تا لەبەرنامەی (كەشكۆڵ)ـی تیڤی و بەرنامە كۆمیدییەكانی تیپی ڕەنگاڵە دەركەوت،یان (ئەحمەد جۆڵا) لەبەرنامەی بەرنامە و كارەكۆمیدییەكانی دی ناوبانگی دەركرد،ئینجا هەردووكیان وەك دوو ئەستێرەی تەلەڤزیۆنی ڕوویان لەشانۆ كردەوە و بەدووان چەندین شانۆیی سەركەوتوو پڕ فرۆشتنی بلیتییان پێشكەشكرد و گرەوەكەیان بردەوە. ئاخر چونكە ئەستێرەی بەناوبانگی شاشەی تەلەڤزیۆن بوون . هەروەك شانۆیی (بابلۆ) كە لەسلێمانی و هەولێر ئەم هەموو جەماوەرە بەرفراوانە و ئەو هەموو ڕۆژە بەبلیتی (8) هەزار دینار بۆ هەرنەفەرێك نمایش كرا،هۆكاری سەركەوتنەكەی بەپلەی یەك بۆ (ڕێشان حەمۆ)ـی كۆمیدی و ئەستێرەی ڕیكلامی شاشەكانی تەلەڤزیۆن دەگەڕێتەوە. هەردوور نەڕۆین ئەمساڵ لەڕۆژی جیهانی شانۆ لەشاری هەولێر هەردوو ئەستێرەی كۆمیدی كە تەنها لەشاشە و سۆسیال میدیا دەركەوتوون، عەلی عەبدولباقی (عەبۆ) و هێمن (مام سەعید) كەباوەڕناكەم پێشتر وەك ئەكتەر بەشدارییان لەنمایشی شانۆیی كردبێت، ئەمساڵ بوونە ئەكتەری شانۆ و لە شانۆگەری (ئەوهام بەسەر هات) بەشدار بوون و جەماوەری خۆشیان هەبوو.
مەبەستمە بڵێم ..ئێمەی نەوەی شانۆی حەفتاكان و هەشتاكان سەدان جار شەونخونیمان كێشاوە و ماندوو هیلاك بووین و گەنجێتیمان لەسەردانا ئینجا بەم ناوبانگ و شۆرەتە گەیشتوین و زۆربەشمان لەكاری هونەری نواندن بەردەوامین و بەخششمان هەیە،ناكرێت بەبێ ویژدانی ئەو هەموو ساڵە ئەو هەموو قوربانییە زەڕبی سفر بكرێت و پێمان بڵێن : بۆ ماڵەوە .
ئاخر پێداگیریەكەو چەكوشەكەش هەر لەسەرسەری ئەكتەرە بەناوبانگەكانی هەولێرە. وەك ئەوەی لەشارەكانی تر ڕۆژانە لەچوارپێنج هۆڵ نمایشی شانۆ هەبێت و بەدەیان شێواز و میتۆد و تەكنیك ئەكتەرەكانیان پەروەردە كردبێت و جەماوەریان خەنی كردبێت،نازانم بۆ خۆڵی دوور دەرمانە . ئاخر ڕەوتی شانۆ لە هەموو هەرێم لە كزی و لەپاشەكشەدایە و هیچ حەفت و هەشتی پێناوێ و ئیتر بەسە قسە فڕێدان و داڕشتنی ڕستە لەدوای ڕستە بەناوی ڕەخنەوە كەمێكیش سكتان بەشانۆ و شانۆكاران بسوتێ .
گەورەترین ئالەنگارییە لەهەرێمێكی پێنج ملیۆنی ئێمەدا نەتوانین ناوی (10) ڕەخنەگر بژمێرین، ڕەوشەكە بۆیە گوناحە كەهەر چەندە مێشكت بكوشیت ناتوانی لەحاڵی حازردا ناوی ئەو ڕەخنەگرانە بنووسی كەلەپەنجەكانی یەك دەست تێپەڕناكەن بەتایبەتی لە هەولێرمخابن هەردوو ڕەخنەگر و نیومان هەیە،كەچی ئێمە . ئێمەی ئەكتەرە دیارو درەوشاوە و بەناوبانگەكان یەك سوپا دەبین نەوەك بیست دانە .ئاخر هەڵسانەوەی شانۆ و باری گلاوی شانۆ تەنیا لەسەر شانی ئەكتەرەكان نیە،ئەدی ڕۆڵی ڕەخنەگری ڕۆشنبیر و نوێگەر لەسەر میتۆد و شێوازی شانۆ لە دونیادا لەكوێی ئەم موعادەلەدایە،ئا ئەمە كارەساتە گەورەكەیە،خۆ ڕاستە دەبێت بۆهەڵسانەوە و باری شكستی شانۆ نەوەیەكی تازەی شانۆیی وەك ئەكتەر پەروەردە بكەین كە بڕوایان بەشانۆ و فەلسەفەی كاری شانۆیی هەبێت، بەڵام دەبێت و زۆریش زەروورە نەوەیەكی تازەش لە بواری ڕەخنە پەروەردە بكرێت و گرێی ئەوەیان نەبێت كە لەڕابردوو ئەكتەری فاشیل بوون و ئێستا پڕبدەنە ڕەخنە نووسی و ناولەخۆیان بنێن ڕەخنەگر.