خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- ماوەیەك بوو نرخی گۆشتی سوور لەبازاڕەكانی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببوەوە و نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروست كردبوو نرخەكەش گەیشتە نێوان 19بۆ 21 هەزار دینار، بۆیە هاووڵاتیان ڕوویان لە كڕینی مریشك كردبوو كە ماوەیەك ئەویش نرخی گران ببوو، بەڵام لە ڕۆژی 27/3 بەبڕیاری ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردە بەڕێژەی % 50 كەمكرایەوە و دیارە ئەو بڕیارە كاریگەری باشی لەسەر دابەزینی گۆشتی سور دەبێت و جێگەی دڵخۆشی هاووڵاتیانە، وەك ڕۆژنامەی خەبات لەسەر بڕیارە گرنگەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەدواداچوونەمان ئەنجامدا:
بڕیارێكی گرنگ و پڕ لەبایەخبوو
سەرەتا (نەوزاد شێخ كامیل) بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم سەبارەت بەو بڕیارە گرنگە ڕوونیكردەوە: دیارە ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەجێی خۆیدا بوو جگە لەوەش بڕیارێكی یەكجار گرنگ بوو بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان، ئەگەرچی نرخی گۆشتی سوور بەر لە بڕیارەكە بەرز بوو هۆكارەكەشی بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە: یەكیان پەیوەندی بەدەرەوە هەیەو ئەوی دیكەیشیان پەیوەندی بەناوەوە هەیە ئەوی یەكەمیان نرخی ئاژەڵ لەدەرەوە گرانبووە بەتایبەتی لەو دوو وڵاتەی كە ئاژەڵی لێ دەهێنرێتو كە دوو بەربەستیان بۆ دروست كردبووین یەكێكیان بۆ هەر تەنێك ئاژەڵ كە لە وڵاتی توركیاوە دێتە كوردستان بڕی 145 دۆلاریان زیادكردووە ئەوی دیكەیش وڵاتی ئێران لە مانگی 12 ی پار ساڵەوە هەموو ترانزێتێكی ئاژەڵیان ڕاگرتووە بەبیانووی مەترسی هەبوونی نەخۆشییە ڤایرۆسیەكان ناهێڵێت ئاژەڵی دیكە بێتە وڵاتەكەیانەوە ئەو هۆكارانە وای كردووە كە خستنە ڕوو لەبازاڕەكاندا كەم بێت وخواستیش زیاد دەبێت ونرخەكەش گران دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو بارودۆخەش بە سووپاسەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕۆژی 27 مانگی ڕابردوو بڕیارێكی گرنگیدا بۆ چارەسەركردنی ئەو بارودۆخەو كەمكردنەوەی ڕسومات و باج لەسەر هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو ئەویش بەداشكاندنی %50 ، ئەگەرچی پێشتر بەس تەنها باجەكە 118 دۆلاربوو دوای دەرچوونی بڕیارەكە باجەكە كەم دەبێتەوە ئەو بڕیارە وا دەكات كە ئەو كۆمپانیایانەی كە ئاژەڵ هاوردە دەكەن دڵخۆش بن بەو بڕیارە و كاریگەری باشی بۆ سەر بازاڕەكانی كوردستان دەبێت و لەڕۆژی 29ی هەمان مانگ بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم
بڕیاڕێكە لەكات و ساتی خۆیدا بوو
دواتر هەر دەربارەی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی ڕسومات و باج لەسەر هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو (فیراس سددیق) بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ گووتی: لەكات و ساتێكی باش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە گرنگەی دا، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هەمیشە ئامانجی سەرەكی خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستانە و هەمیشە بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەركردووە تا خزمەتی هەموو چین و توێژێكی كوردستان بكات ئەو بڕیارە گرنگەش كەكەمكردنەوەی ڕسومات و باج بوو بۆ %50 ئامانجی كەمكردنەوەو داشكاندنی نرخی گۆشتی سورە لە كوردستان، هەروەها ئامانجێكی دیكەیشی هەیە كە پەرە پێدانە بە بڕۆژە ناوخۆكانی كوردستانە و بەرەو پێشەوەبردنی سامانی ئاژەڵە لە كوردستاندا و بڕیارەكە تەنها بۆ ئەو ئاژەڵانە نیە كە لە سەربڕخانەكاندا سەردەبڕێن بۆ دەست كەوتنی گۆشتی سوور بەلكو بگرە بۆ ئەو ئاژەڵانەشە كە لە پڕۆژە نەوخۆییەكانیش دان، لەهەمان كاتیش ئاسانكاریەكی تەواوە بۆ ئەو كۆمپانیانەی كە ئاژەڵ هاوردەی كوردستان دەكەن و ئومێد دەكەین كە نرخی گۆشتی سوور چیتر بەرز نەبێتەوە لە بازاڕەكانی كوردستان و ئەگەر چی چەند ساڵە لە كوردستان ولە ناوچەكانی دیكەیش وەك لە وڵاتانی وەك سوریاو توركیاو ئێران و عێراقیش واتا لە زۆربەی ولاتان ئاژەڵی بچوكیان هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرد و بڕیارەكەش ڕێگری لە بەرز بوونەوەی نرخی گۆشت دەكات و ئاستی بەرهەمهێنانی پڕۆژەكان زۆر زیادیان كردووەو هەوڵِەكانی حكومەتی هەرێم بەرەوپێشەوە بردنی پڕۆژەكانی ئاژەڵە لەكوردستاندا.
فیراس سددیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ
دواتر (هۆگر عەلی) بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر گووتی: دەركردنی بڕیارە گرنگەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاردانەوەی زۆرباشی هەبوو بۆ هەرزانكردنی نرخی گۆشتی سوور، بەتایبەتی بۆ ئەو كۆمپانیا و بازرگانانەی كە ئاژەڵی زیندوو هاوردە دەكەن كاردانەوەی دوای چەند ڕۆژێكی دیكە دەردەكەوێت، دواتر كە نرخەكانمان لە قەسابخانەی هەولێر وەرگرت ئینجا بەدواداچوون لەسەر نرخەكان دەكەین ولەگەڵ هەموو گۆشت فرۆشەكان قسە دەكەین تا بە گوێرەی ئەو نرخەی كە دیاریكراوە گۆشت بفرۆشن و هەر گۆشت فرۆشێكیش سەرپێچی بكات ئەوا ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.