مەسروور بارزانی سه‌ركرده‌ی خۆڕاگر لە رۆژانی تەنگانە و سەختدا

195

زەینەب سندی
گەلی كورد ، ئەو نەتەوەیەی كە زیاتر لە یەك سەدەیە بە جۆرها پیلانگێڕی و چەكی كۆمەڵكوژی و سیاسەتی پەراوێزخستن و هەوڵی گۆڕینی شوناسی ڕەسەن و جوگرافیای؛ مافەرەواكانی پێشێڵ کرا و ستەمی گەورەی لێ كراوە، ڕووبەڕووی سەختترین هەڵومەرجی سڕینەوە بووەتەوە بەڕێگەی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال و چەكی قەدەغەكراوی كۆمەڵكوژی كیمیایی و كۆڕەو وئاوارەیی و پەنابەری وڵاتان، هەر كاتێكیش هەنگاوی بەرەو ئامانجە ڕەواكانی ناوە و نزیكبووەتەوە لە خەونەكانی، ئەوە بەڕێگەی پیلانگێریی دەرەكی و نێوخۆیی و پاساوی بێ بنەما هێنانەوە هەوڵی خامۆشكردن یان دروستكردنی ئاستەنگ دراوە تا كاروانی خەباتەكەی بوەستێنێت.

بە هەڵوەستەكردنی حكومڕانییەكەی لەماوەی 32 ساڵەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی لە ئێستادا، رووبەڕووی هەوراز و نشێو و پیلانگێری هەمەچەشن بووەتەوە بە ڕێگەی سیناریۆ و پاساوی جۆراوجۆر، ئیتر هەر لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ بە پاساوی كورسی هەڵبژاردن و ئینجا دواتر بە پاساوی گەندەڵی و دواتر هێنانی تیرۆریستان و شەڕی تیرۆریستان و گەمارۆدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو و دواتر هێرش و پەلاماردانی سەربازی و میلیشیایی و زیاتر چڕبوونەوەی ئەو هەوڵانە لە ماوەی 7 ساڵی رابردوو و هێرشی مووشەكی و شەڕەنگێزی و بابەتی دارایی و ئابووری و خەونی بچووكردنەوەی هەنگاوەكانی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابووری بەڕێگەی ئامرازی دەرەكی و نێوخۆیی وەک ئاماژەیەکی دیار كە دوژمنان و داگیركەران و بەكرێگیراوەكانیان بەدرێژایی مێژوو بەردەوام بوونە لە دروستكردنی ئاستەنگ لە بەردەم كاروانی خەباتی كوردستان بۆ وەدیهێنانی ئامانج ومافەرەواكانی.

هەرێمی كوردستان و كابینەی نۆیەم هەم بەهێز وهەمیش نموونەی خۆراگرییە، بەتایبەت خاوەن سەركردایەتییەكی ژیرانەیە كە زۆر سەركەوتووانە و لەماوەی چەند ساڵی دامەزراندنی كابینەكەی توانی ڕووبەڕووی چەندین قەیران و رووداوی سەخت و دژوار لە نێویاندا ڤایرۆسی كۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی سیاسی و قەیرانسازیی هەندێك حزب و لایەن و ئینجا گەمارۆ بەردەوامە داراییەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق لەلایەك و هێرش و پەلاماردانی دەرەكی بە پاساو و بیانووی بێ بنەما، لەلایەکی تر لە پێناو شكستهێنان بەهەنگاوەكانی حكوومەتی كوردستان لە گشت بوارەكاندا، بەڵام بە پشتیوانی خوا و گەلێكی خۆراگر توانیی ئیدارەی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگانە بكات و ئیرادە و ڕەمز وشكۆمەندییەكانی گەل و نیشتمانەكەی بپارێزێت كە ئەوە ڕەنگدانەوەی بیروباوەری بارزانی و ڕێبازەكەیەتی.

خەونی دوژمنان و ناحەزانی ئەم گەل و قەوارەیە بۆ ئەوە بووە كە خەڵكی كوردستان شكۆ و حكوومەت و ئیرادەی خۆی لە دەست بدات و رۆژ بە رۆژ كاریان لە سەر ئەوە كردووە كە دۆزی كورد بە ڕێگەی جۆراوجۆر لە رووی بیروباوەڕی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری لاواز بكەن، بەتایبەتی لە ماوەی ئەم 5 ساڵەی كابینەی نۆیەمدا. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەنگاری چەندین ئاستەنگ و كۆسپی گەورە بووە، بەڵام بوونی خۆراگرییەكی بێ سنور و ئیرادەیەكی پۆڵایین و پەروەردەی بەڕێزیان لەو قوتابخانە و ڕێبازە كە ڕێبازی كوردبوون و كۆڵنەدانی بارزانییە، فیدراكارانە و خاكەڕایییانە شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەك لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و ئیدارییەوە لە پێناو چەسپاندن مافە ڕەواكانی گەلەكەی و پارێزگاریكردن لە دۆز و ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی ڕەنج و قوربانیدانی دەیان ساڵەیە، هەر بۆیە بەكردەوە و پلانی وردبینانە و ژیرانە كاری كردووە تا قەوارەی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی بە شكۆمەندی و سەرفرازییەوە هاوشێوەی هەموو گەل و نەتەوەكانی ناوچەكە و جیهان بژیت.

ئەوەی گرنگە كە ئاماژەی پێ بكەین ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە، ئەویش هەنگاوە گرنگ و ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەمە چ لە ڕووی ئاوەدانی و ئابووری و ئیداری و بەتایبەتی پرۆسەی چاكسازییە كە لەگەڵ یەكەم هەنگاویدا، دوژمنان و ناحەزان لە هەموو لایەكەوە پەلاماریان دا، چونكە نەیاران باش دەیانزانی کە ئەو هەنگاوانەی كابینەی نۆیەم، هەرێمی كوردستان لە گشت ڕوویەكەوە لە قۆناغێك بۆ قۆناغێكی پێشكەوتووتر دەبات، بۆیە ڕووی چەك و مووشەك و چڕكردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەكانیان بەرەو ئەم حكوومەتە و خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و بەتایبەتی پەلاماردانی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی كە حزب و كەسانێك لە نێو پرۆسەی حكومڕانی هاوبەش بوون، پشتیان لەم ئەزموون و حكوومەتە كرد و ئاگریان خۆش دەکرد، بەڵام خۆراگریی هاووڵاتیان و باوەڕی بەهێزیان بە سەرۆک حکوومەت و دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە، کە توانییان بە ئیرادەیەكی چیائاسا دژی ستەمی نەیارانی كورد وەستایەوە و چۆكی بە دوژمنان و پیلانەکانیان دانا.

ئەو شەڕەی كە نەیارانی كورد لە عێراق لەڕووی ئابووری و سیاسی و بەرێگەی دادگایەكی نادەستووری دژی خەڵكی كوردستان دەستیان پێكردووە، خۆراگری و بەرپرسیارێتی و ئەركێكی قورسە كە مەسرور بارزانی و كابینەی نۆیەم بەرانبەر هەموو ئەو پێشێلكاری و ستەمكارییانەی نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق بووەتەوە، بەتایبەتی كە هەر هەنگاوێكی خۆراگرانەی گەلەكەمان رۆژ بە رۆژ زیاتر دوژمنان و نەیارانی بێ ئومێد دەكات، چونكە حكوومەتی كوردستان لەگەڵ هەر پیلانگێڕی و كۆسپێكدا وەڵامی گونجاو و بریاری وردبینانە و ژیرانە دەدات و هیچ بیانوو و پاساوێكیان بۆ نەهێشتووەتەوە ئەوەش وایكردووە كە دەسەڵاتدارانی بەغدا رۆژ بە رۆژ زیاتر تووشی بێ ئومێدی و شكستی پیلانەكانیان ببینن و لە هەماكاتیشدا هەنگاوەكانی حكوومەتی كوردستان ئەو راستییەی بۆ هەموو دونیان سەلماند كە چەندە ڕاشكاو و شەفاف و ڕاستگۆیە و چەندە هەنگاوەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانە بەڕێگەی دەستوور لەگەڵ هەموو ئەو كارە دوژمنكارانە و ئاستەنگانەی هەندێك كەس و لایەن لە عێراق دژ بە هەرێمی كوردستان پەیڕەویان كردووە.

سەڕەرای ئه‌و ڕه‌وشه‌ خراپه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا به‌ سه‌ر هەرێمی کوردستاندا سه‌پێنرابوو و، گه‌مارۆی سیاسی و گوشاری قورس له‌ سه‌ر گه‌لی كورد به‌ شێوه‌ی نا دەستووری لەلایەن دادگای فیدڕاڵی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام خۆڕاگریی و هەوڵ و ماندوبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بە هەوڵ و کردار دۆخی سەختی دارایی تێپەڕاند و ئاسته‌نگ و كۆسپه‌كانی تێشكاند، ئه‌وه‌ جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی دامه‌زراندنی كابینه‌ی نۆیه‌م و كارنامه‌ی كار و به‌رنامه‌كانی له‌ ڕووی ئیداری و چاكسازی له‌ گشت بواره‌كاندا ، شه‌و و ڕۆژی خسته‌سه‌ریه‌ك له‌ پێناو خزمه‌تكردن به‌ هه‌موو كوردستانییان هه‌ر له‌ زاخۆوه‌ تا هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ر ئه‌و خۆراگری و ئیراده‌ به‌هێزەی‌ سه‌رۆكی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان بوو كه‌ شكستی به ‌خه‌ونی نه‌یارانی كوردستان هێنا.

بۆیە، ئیتر دوژمنان باش لەو راستییە گەیشتوون كە كوردستانێك بە خوێن و خۆراگری بەردی بناغەی دانرابێت، ئەوا ئەستەمە بە مووشەك و گەمارۆدان و پیلانگێڕی و بەكارهێنانی بەكرێگیراوی نێوخۆیی و سیاسەتی برسیكردن، دەستبەرداری خاك و نیشتیمانەكەی بێت و بەدڵنیاییەوە ئەو ئیرادە و خۆراگرییە لە نێو ناوچەیەكی پڕكێشە و ململانێ و عێراقێكی ئاڵۆزدا، بە پشتیوانی خوا و گەلێكی خۆڕاگر و سەركردایەتیی ژیرانەی بارزانی، هەر بە شكۆمەندیی و سەركەوتووانە بەرەو قۆناغێكی تری ئاسوودەیی و سەقامگیری و گەشەسەندن هەنگاو دەنێت.