د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
لەسەروبەندی كۆتاییهاتنی وەرزی سەرما و نزیكبوونەوەی وەرزی كشتوكاڵ دەبێ ئاماژە بەوە بدرێت كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە بایەخەوە لە كەرتی كشتوكاڵ دەڕوانێ و بەرهەمەكەشی هەوڵدان بوو بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران و ناردنە دەرەوەی هەندێك لەو بەرهەمانە و دانانی بەردی بناغەی چەندەها پرۆژی كشتوكاڵی لە ناوچە جیاوازەكان. ئەگەرچی ئاڵنگاری هەن لەبەردەم پرۆسەی كشتوكاڵی هەرێم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر فرەچەشنكردنی داهاتی خۆی و بژێوی خەڵك.
لە كلتوور و فەرهەنگی كوردەواریدا كاركردن پێگە و جێگەیەكی تایبەت و بەرزی هەیە، و ئەوەش بۆ شارستانییەتەكەی دەگەڕێتەوە، کە لە ناوچەیەكی وا هەڵكەوتووە كە خاكێكی بەپیت و دەوڵەمەندی هەیە، و ئایینە دێرینەكەی هاندەری بەهێزی تاكی كوردی بووە بۆ كاركردن تاوەكو بەهۆیەوە بتوانێ تاكێكی بەرهەمهێنەر بێ و لە مشەخۆری و تەمبەڵی و تەنپەروەری بەدوور بێ و ئەوەش لەگەڵ بنەماكانی زانستی دەروونناسیی سەردەم دەگۆنجێ، چونكە بە پێی بنەماكانی ئەم زانستە كاركردن رۆڵێكی بەرچاو لە بۆنیاتی دەروونی و كۆمەڵایەتی مرۆڤ و كۆمەڵگەكەیدا دەگێڕێ، زانستی سایكۆلۆژیای پیشەسازی كە لقێكی پراكتیكیی زانستی دەروونناسییە، گرنگی بە لایەنی كار و بەرهەمهێنان دەدات، و لەم بەینەشدا بایەخ بە ژینگەی فیزیكی وەك ڕووناكی، دەنگ، پلەی گەرما و …هتد، دەدرێت وەك ئەو فاكتەرانەی كاریگەری راستەوخۆیان هەیە لەسەر سایكۆلۆژیای مرۆڤەكان و كاركەران و رێژە و ئاستی بەرهەمهێنانیان.
لە لایەكیترەوە ئەو زانستە بایەخ بە ئەو كێشە و گرفتانە دەدات كە لە میانەی كاری ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی كاركەرەكان دەبنەوە وەك ماندووبوون، دابەزینی مۆڕاڵیانن و ناڕەزایی لە كاركردن، و …هتد. جاران شرۆڤەی جیاواز بۆ ئەم گرفت و كێشانە دەكرا و تەنها بۆ هەندێ فاكتەری تاكلایەنانە دەگەڕێندرایەوە بەڵام ئێستا و لەسەر بنەمای چەندەها توێژینەوەی زانستی زۆرێك لەو شرۆڤانە وەلانراون و پشت بە بنەمای زانستی پێشكەوتوو دەبەسترێت.
ئەگەر جاران تەنها گرنگی بە بەرهەم دەدرا، ئەوەتا ئێستا پێگەی مرۆڤ لە هەموویان گرنگترە، چونكە مرۆڤ بە ئەلەمێنت و تەوەری سەرەكیی گشت چالاكییەكانی زانستی دەروونناسی هەژمار دەكرێت. بەواتایەكیتر ئەوە مرۆڤە كە دەبێ لە میانەی كاركردندا گرنگی پێبدرێت و هەموو لایەنەكانیتر دەبێ لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بن نەك پێچەوانەكەی.
كەم و زیادی فاكتەرەكانی فیزیكی كاریگەری نەرێنیان بەسەر جەستەی كاركەراندا هەیە و لە هەمان كاتدا كاریگەری نەرێنی و خراپیان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانیان هەیە. بۆ نموونە توێژینەوەكان پیشانیان داوە كە بەرزی پلەكانی گەرما یان كەمیی رێژەی رووناكی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كاركردنی مرۆڤەكان و دواتر ئاستی بەرهەمیان هەیە. تەنانەت ڕێژەی ڕووداوی نەخوازراویش زۆرتر دەبن و چەندەها زیانی مادی و گیانی لێدەكەوێتەوە.
زانستی دەروونناسی پیشەسازی هەوڵ دەدات بە پشتبەستن بە توێژینەوەی زانستی هۆكاری چەندەها كێشەی وەك ناڕەزایەتی لە كاركردن، دابەزینی مۆڕاڵی كاركەران، و یان هەستكردن بە ماندوویەتی و … هتد، بزانێ و بەهەمان شێوە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو فاكتەرانە بدات كە دەبن بە هۆكاری ئەو گرفتانە. دەرەنجامی هەندێ لەم توێژینەوانە شتێكی سەیر و نوێمان پێدەڵێن. بەشێكی ئەو ئەنجامانە دەریدەخەن كە باب و باپیرانمان، بەر لەوەی كە زانستی سایكۆلۆژیا لەدایك بووبێ، بە هەندێ لەو فاكتەرە نەرێنی و خراپانەیان زانیوە و بە ڕێگەی تایبەت هەوڵی چارەسەركردنیان داوە.
بەو پێیەی كۆمەڵگەی كوردەواری كۆمەڵگەیەكی كشتوكاڵی بووە و لەسەر بنەمای رێنماییەكانی ئایینی زەردەشتی بایەخێكی زۆر بەو لایەنەی ژیانی مرۆڤ دراوە، هەوڵدراوە بەشێك لەو گیر و گرفتانە چارەسەر بكرێت. بۆ نموونە چاككردنی ئەو ئامێر و كەلوپەل و كەرەستانەی كار، كە خراپ بوونە و دەبوون بە سەرچاوەی زیانگەیاندن بە مرۆڤەكان و رووداوی ناخۆشی وەك برینداركردن یان ماندووكردنی مرۆڤەكان. بە هەمان شێوەش هەوڵیانداوە لە ڕێگەی جیاوازی كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی ئاستی ماندووبوون كەم بكەنەوە و مۆڕاڵی خۆیان بەرزتر بكەنەوە و ڕێژەی ناڕەزایی لە كاركردن كەمتر بكەنەوە. بۆ نموونە باب و باپیرانمان زانیویانە كە هەندێ كار لە هەندێكیتر جۆش و خرۆشی مرۆڤ زیاتر دەكەن، و بە تایبەت كاری كشتوكاڵی یەكێكە لەو كار و پیشە پیرۆزانەی مرۆڤی كورد هاندەدەن بۆ زیاتر كاركردن، چونكە كارێكی هەمەچەشن و ورووژێنەر بووە بۆیان. هەمان ئەو شتەی كە توێژینەوەكانی نوێی دەروونناسی لە ئێستادا پێیگەیشتوون.
لە لایەكیترەوە تاكی كورد لە ڕابردوودا و زوو هەستی بەوە كردووە كە كاری بە كۆمەڵ پاڵنەرێكی بەهێزە و دەبێتە هۆكاری ئەوەی مرۆڤ كەمتر یان لانیكەم درەنگتر هەست بە ماندووبوون بكات. بۆیە دەبینین كە زۆربەی كارە كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەكانی خۆی، وەك چرو بڕینەوە بۆ ئاژەڵەكانیان، چاندن و دروێنەی برنج و گەنم و جۆ و نۆك و … هتد، بە كۆمەڵ و شێوەی هەرەوەزی (زبارە) ئەنجامداوە، و زۆر جار لەو كارانەدا هەندێ كەس هەبووە بە گۆرانی و حەیران گۆتنەوە مۆڕاڵی كاركەرانی بەرزتركردووە و ئاستی ماندوویێتی ئەوانی كەمكردووە. هەمان ئەو ئەنجامانەی كە تازە بە تازە توێژینەوەكانی زانستی لە وڵاتانی پێشكەوتوو پێیگەیشتوون. چونكە باب و باپیرانمان بە ئەزموونی خۆیان ئەو ڕاستییەیان بۆ دەركەوتبوو كە ژینگەی كار و ئەو فاكتەرە تایبەت و كۆمەڵایەتی و تاكەکەسییانە كە دەبن بە هۆكاری بەرزكردنی مۆراڵ و كەمتركردنی ماندووبوون لە گەرمای تاقەت پڕووكێنی هاوین و سەرمای زستان، و تام و چێژوەرگرتن لە كاركردندا، چین. بۆیە دەبینین لە میانەی كاركردندا كەسانێك هەبوونە چ بە دەنگ یان قسەی خۆش، و یان وەرگرتنی پشوویەكی نێو كاتژمێری لە نێو كاركردندا، و یان بەهێزتركردنی پەیوەندی نێوان خۆیان ویستوویانە رێگە لە دابەزینی توانای كاركردنی خۆیان بگرن و ئاستی كار و بەرهەمهێنانیان زیاتر بكەن.









