بنەماکانی مەرجەعی دیموکراتی و مەرجەعی حزبی

209

سوورە مەرگەیی
ئەگەر دوور لە هاشوهووشی چەواشەکاری و موزایەدەی سیاسی شیکارییەک بۆ بنەماکانی دیموکراتی بکەین، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە تا ئەم ساتەوەختەش عێراقییە شۆڤێنییەکان بە سوننە و شیعەوە، نە لە دیموکراتی گەیشتوون، نە بڕواشیان بە دیموکراتی هەیە، ئەوە لە کاتێکدایە بۆ وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە مەزهەبی وەک عێراق، تەنها دیموکراتی دەتوانێ ببێتە چەتری ئارامی و پێکەوەژیان و، هەموو نەتەوە و مەزهەب و بیروڕا جیاوازەکان بتوانن بە ئازادی و، بێ ترس و دڵەڕاوکێ مومارەسەی مافەکانی خۆیان بکەن، دیموکراتیش کاتێک کامڵ دەبێ و پێدەگات، کە ئاسوودەیی بۆ کۆمەڵگا فەراهەم بکات و ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر بیروبۆچوونە جیاوازەکان بڕەوێنێتەوە، ئەوەش کاتێک دەچێتە بواری جێبەجێ کردن، کە سیاسییەکان چی بۆ خۆیان بە حەڵاڵ دەزانن، بۆ بەرانبەرەکەشیانی بە حەڵاڵ بزانن، ئەوەی لە خۆیانی حەرام دەکەن، دەکرێ لە بەرانبەرەکەشیانی حەرام بکەن، ئەگەر ئەوە نەکرێ و باڵادەستیی هێز و بە زەبروزەنگ سنوور بۆ ئازادی و بیروبۆچوونە جیاوازەکان دابنرێ، ئەوا وڵات وەک ئێستای عێراق دەبێتە میلیشیاخانە و ئەو میلیشیایانەش بۆ بەرژەوەندیی دەستە و گرووپێکی دیاریکراو بەکار دەهێنرێن، ئەوەش پڕۆسەی سیاسی بەرەو پاوانکاری و دەسەڵاتی خۆسەپاندن دەبات و وڵات دەخاتە ناو ئەو گێژاو و هەڵدێرەی ئێستا عێراق تێی کەوتووە.

لە سیستەمی دیموکراتی راستەقینەدا دەبێ یاسا ببێتە مەرجەع و بۆ چارەسەری کێشە و ئاڵنگارییەکان پەنا ببرێتە بەر یاسا، بەڵام لە عێراقدا گرووپ و میلیشیاکان بە شێوەیەک باڵادەست بوون، کە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ئاڵنگارییەکان نەک پەنا نابرێتە بەر یاسا، بەڵکوو پەنا دەبرێتە بەر هێزی میلیشیایی و لە زۆر حاڵەتدا وڵاتێکی هەرێمیش لە بەرژەوەندیی خۆی میلیشیاکان دەجووڵێنێ و زۆر جاران کێشە و ئاڵنگارییەکان قووڵتر و ئاڵۆزتر دەکات.

جا چۆن ژیانی دیموکراتی پێویستی بە مەرجەعبوونی یاسا هەیە و دیموکراتی بەبێ مەرجەعبوونی یاسا دەبێتە پاشکۆی هێزی میلیشیایی و سەرەڕۆییی سیاسەتی خۆسەپاندن، وەک ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ، لە ژیانی حزبایەتی و بەتایبەتیش لە قۆناغی رزگاریی نیشتمانی، حزب پێویستی بە مەرجەعێکی سەربەخۆخواز هەیە، کە هێز لە ئیرادەی شۆڕشگێڕی و خواستی گەلە ژێردەستەکەی وەربگرێ، ئەگەر ئەوە نەکرێ و کەسی مەرجەع مەرجەکانی مەرجەعبوونی خۆی نەپارێزی و دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بە بێژینگی بەرژەوەندیی گشتی و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا نەکات، ئەوکات کەسی مەرجەع، مەرجەعبوونی خۆی لەدەست دەدات، بەوەش ئەو حزبە دەکەوێتە ناو گێژاوی پاراستنی بەرژەوەندیی کەسی و ژاوەژاوی سیاسی، لەو حاڵەتەشدا حزب یەکبڕیاری خۆی لەدەست دەدا و بە شێوەیەک تووشی پەرتبوون و کوتلە و کوتلەبازی دەبێ، کە هەر کوتلەیە و بە ئاوازی بەرژەوەندییە کەسی و کوتلەبازییەکەی خۆی دەخوێنێ، جا ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبەکانی تر وەک نموونە وەربگرین، ئەوجار تێدەگەین کە لە ژیانی سیاسیی گەلە ژێردەستەکان و بەتایبەتیش لە قۆناغی رزگاریی نیشتمانیدا، مەرجەع چ ڕۆڵێکی گرنگی یەکلاکەرەوە دەبینێ.

پارتی لە سەرەتای درووستبوونییەوە تا ئەم ساتەوەختەش خاوەنی مەرجەعێکی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕ بووە، کە هێزی مەرجەعبوونی خۆی لە ئیرادەی کوردایەتی و هێز و بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی و کاریزمای خەبات و نیشتمانپەروەری و نیشتمانپارێزی وەرگرتووە، ئەوەش وایکردووە لە هەموو قۆناغەکاندا لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان یەکبڕیار و یەکهەڵوێست بێت، هەر ئەوەش نهێنی سەرکەوتنی پارتی بووە بەسەر کێشە و ئاڵنگارییەکان و، هەموو ئەو پیلانانەی دوژمنان و دەستە و گرووپە نەیارەکانی ناوخۆ بەناوی جیاجیا لە دژی گێڕاویانە.

مەرجەع ئەوە نییە کەسێکی هەرزەکاری سیاسی، خۆی بۆ خۆی نازناوی مەرجەعی بە دوای خۆی بخات، یان بە زۆری زۆرداری و کوشتن و راونانی نەیارەکانی، خۆی وەک مەرجەع بسەپێنێ، مەرجەع دەبێ وەک بارزانیی نەمر و ئێستای سەرۆک بارزانی خاوەن کاریزما و هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی مەرجەعبوون بێ، بە واتایەکی تر مەرجەع دەبێ مێژووکرد بێ، ئەوەش وادەکات مەرجەعبوونی بارزانیی نەمر و ئێستای سەرۆک بارزانی سنووری حزبی ببڕن و ببنە مەرجەعی هەموو ئەو کوردپەروەر و خاوەن ئیرادە و شۆڕشگێڕانەی بڕوایان بە سەربەخۆیی کوردستان و بە ئازادی ژیان هەبووە و هەیە، هەر ئەوەشە وایکردووە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان، بۆ پێش پێگرتن بە مەرجەعبوونی بارزانیی نەمر لەڕابردوو و سەرۆک بارزانی لە ئێستادا ئەوەی لە دەستیان هاتبێ کردوویانە و، لە داهاتووشدا ئەوەی لە دەستیان بێت دەیکەن و دەستبەرداری سیاسەتی پیلانگێڕیی خۆیان نابن، ئەوەش لە کوردپەروەر و شۆڕشگێڕان دەخوازێ بۆ پووچەڵکردنەوە پیلانی دوژمنانی کورد و پاشکۆکانیان، هێز لە رێبازی بارزانیی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی سەرۆک بارزانی وەربگرن.