هاکار زراری – ئۆسلۆ
جووڵانەوە و شۆڕش و خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کورد هەر لە بنەڕەتەوە خەباتی پێشمەرگانە و سیاسی و دیپلۆماسی و فەرهەنگی و کەلتووری پێکەوە گرێدراوە و لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە وەک چۆن خەباتی پێشمەرگانە پێویستە، هەر بەمجۆرەش خەباتی سیاسی، فەرهەنگی، دیپلۆماسی، کەلتووری و هتد..، پێویستە و نابێت پشتگوێ بخرێت! شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە سەرکردایەتیی سەرۆک و دامەزرێنەری بلیمەت و کاریزماتیک جنڕاڵ مستەفا بارزانیی نەمر لەگەڵ دەسپێکی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگانە بە دژی داگیرکەرانی کوردستان هاوکات خەباتی فەرهەنگی سیاسی و دیپلۆماسی دەستپێکردووە و هەنگاو بە هەنگاو ئەو شێوە خەباتانەی گرێدراوی یەکتر کردووە و بەردەوام بووە، ڕۆژنامەی خەبات یەکێک لەو ڕێگایانەی خەباتی فەرهەنگییە کە سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و بەتایبەتیش خودی سەرکردەی مەزن و بیرتیژ و دووربین و بلیمەتی کورد مستەفا بارزانی یەکەم پاڵپشت و هاندەر بووە بۆ ئەوەی کە ئەم رۆژنامەیە چاپ و بڵاو بکرێتەوە. جنڕاڵ بارزانی لەم باوەڕەدا بوو کە وەک چۆن شۆڕشی چەکداری پێویستە و چۆن خەباتی دیپلۆماسی کاریگەری لەسەر بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد هەیە، خەباتی ڕاگەیاندن و فەرهەنگیش هەر بەم شێوەیە کاریگەری زۆری هەیە و پێویستە ئەم خەباتەش پشتگوێ نەخرێت.
سەرکردەی بلیمەت مستەفا بارزانی لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە خەباتی فەرهەنگی کاریگەریی زۆر زیاتری لەسەر خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی گەلی کورد هەیە و ئەگەر خەباتی فەرهەنگی نەبێت ئەوە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و پێشمەرگانە کەم دێنێت و لەوانەیە ئەو کاریگەرییەی نەبێت کە سەرکردایەتیی شۆڕش خوازیاریەتی، هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە یەکەم و گەورەترین پاڵپشت و پشتیوانی سەرەکی ڕۆژنامەی خەبات و نامیلکە و وەرزنامە و کتێبە جیاوازەکان و دەزگای ڕادیۆ و ڕاگەیاندنەکانی دیکەش هەر خودی سەرۆک مستەفا بارزانی بوو کە گرنگییەکی تایبەتی پێدەدان، بارزانی لەم بڕوایەدابوو کە ڕاگەیاندن بەشێکی گرنگە و وەک قوتابخانەیەکی تایبەتە بۆ پێگەیاندنی کادیری لێزان و بەئەزموون، هەروەها ڕێگەیەکی باش و کاریگەریشە بۆ تێگەیاندنی کۆمەڵگەی کوردی و گەلانی دەوروبەر لە کێشە و قەزییەی نەتەوایەتیی کورد.
ئێستا و لە 65ـەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەی خەباتی تێکۆشەردا بە پێویستی دەزانم کە سەرەتا سەری ڕێز بۆ سەرکردەی مەزن و بلیمەت مستەفا بارزانی دانەوێنم لەوەی کە تاکە پشتیوانی بێ ئەملاوئەولای ڕۆژنامەی خەبات بووە و ئەگەر ئەو نەبایە لەوانەیە خەباتیش تەمەنی لەوە کورتتر بایە، یان هەر لەدایک نەبوایە، هەروەها سەری ڕێز دابنوێنم بەرانبەر بە زەحمەت و ماندووبوونی هەموو ئەو کادیر و نووسەر و خەباتکارانەی کە لە یەکەم ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی “خەبات”ـەوە هەتا دەگات بە ئەمڕۆ خەباتیان لە ڕێگای خەباتی کوردانەدا بەهێز کرد و نەیانهێشت رۆژنامەی خەباتی تێکۆشەر لە خەبات لە پێناو ئازدیی گەلی کورددا بوەستێت و کەم بێنێت!
لە 65ـەمین ساڵوەگەڕی ڕؤژنامەی “خەبات”دا پیرۆزباییەکی گەرم لە کادیر و نووسەر و سەرجەم خەباتکاران و هاوکارانی ڕۆژنامەی خەبات دەکەم و هیوادارم خەبات وەک چۆن هەتا ئێستا قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی کادیری لێزان و بەتوانا و، تاقانە و ناوازە بووە لە تێگەیاندنی خەڵک لە دۆزی ڕەوای کورد، لە داهاتووشدا هەر بەمجۆرە لە خەباتی کوردانە و پێگەیاندن و تێگەیاندندا هەر پێشڕەو و نموونە بێت.