وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشكرای كرد كە لەمڕۆ دووشەمەوە بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ لێخۆشبوونی 20%ی كرێی ئاو و خاشاك و رسوومات و تابلۆ و گەشتوگوزار كەوتنە بواری جێبەجێكردن.

وەزارەتی شارەوانی بڵاوی كردەوە: پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (4651 لە 7/4/2024)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان. ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكدا كە واژووی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا داوا دەكات لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت.

لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكوو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.

لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان لەمڕۆوە (8/4/2024) لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت.