وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: كاروان محەمەد سینو:- مامۆستا دكتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیمان؛ پارتی دیموكراتی كوردستان – سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ(خەبات)، باسی كاروانی یادەوەرییەكانی خۆی دەكات لەگەڵ ڕۆژنامەی (خەبات) و دەڵێت: ئەم كاروانە وەكوو پەیوەندییەكی ڕۆحی و بنەمایەكی ڕۆشنبیریی لە سەرەتای تەمەنم دەستی پێكرد و، كاریگەرییەكی مەزنی هەبوو لەسەر ئاراستەی فیكری و پەیوەستبوونم بە سیاسەتی دیموكراسی.

پاشان دكتۆر شاوەیس گوتی: لە كۆتایی پەنجاكان و پێش شۆڕشی 14ـی تەموز1958، ئێمە لە (كەركووك) بووین، پاشان چووینە (موسڵ)، لەو ڕۆژانەدا من قوتابی سەرەتایی بووم و زۆر گوێم لەو وشانە دەبوو وەكوو (خەبات، بارزان، پارتی و كوردستان و دیموكراتی و ئیستعمار و كۆنەپەرست) لەكاتی چاوپێكەوتن و دانیشتنەكانی باوكم لەگەڵ هەڤاڵانی، ئەوانەی ئەوكات سەركردەی پارتیمان؛ پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و كەسایەتیی ناسراو و نیشتمانپەروەری كوردستانی و عێراقی بوون. لەو ماوەیەدا و لە زۆر بۆنەدا، هەستم دەكرد كە ئەوانە سەرقاڵن بە كارێك؟! كە پەیوەندیی بەو وشە و دەستەواژانەوە هەبوو، هەروەها لەگەڵ (ئامێری چاپ و پۆلیس و ئاگا لەخۆبوون و خۆپارێزی و نەكەوتنە نێو كێشە و ئەو مەترسییانەی دەبنە ئەنجامی گرتن و زیندان). ئەمانە نهێنی بوون و ئەركی من نەبوو بەدوای وردەكارییەكانیدا بچم، بەڵام پاڵپشت بەم بارودۆخە و دەرەنجامی پەروەردەی خێزان و بیروڕای گەورەكانی نێو خانەوادەكەمان بۆم دەركەوت كە ئێمە لەمیللەتێكی زۆرلێكراوین و بەرگری كردن لەم میللەتە ئەركێكی پیرۆزە. بەلای ئێمەوە؛ ڕژێم – واتا دوڵەت و هێزەكانی- لایەنی شەڕبوون لەم ململانێیەدا و، كوردیش هەركێ بوایە و لەهەر شوێنێك با؛ ئەو پاڵەوانە بوو كە خەبات دەكات و قوربانی دەدات لە پێناو ئەو دادپەروەرییەی كە بزرە، بەگشتی بارودۆخەكە مەزن و كاریگەر بوو.

بەهەرحاڵ ئەوكات و بەتایبەت لە ڕۆژانی بۆنە نیشتیمانییەكان، یاخود لەگەڵ هەموو ڕووداوە سیاسییە مەزنەكان، پارتی ڕتایبەتی پێ دەردەكرد، لەگەڵ گەورەبوونم لەتەمەن و تێگەیشتنم بۆ ژمارەیەكی زیاتر لە زانیاری لەڕێگەی پەیوەندیكردنم بە ڕیزەكانی قوتابیان و پارتی، پاش چەند ساڵێك زانیم كە ئەم ڕۆژنامەیە (خەبات)، لەڕاستیدا چالاكیی سەرەكی و كاریگەری پارتی بوو، بەڵكوو ئەو ناوەندە بوو كە پارتی و چالاكییەكانی بەدەوریدا بونیاد دەنرا و هەموو سەركردایەتی پێیەوە سەرقاڵبوون.

لەساڵی1959، ئێمە لە بەغدا بووین و من قوتابی قۆناغی ناوەندی بووم، كاتێك بۆ یەكەمجار من دانەیەكی ڕۆژنامەی(خەبات) تایبەت بەخۆمم دەستكەوت، هەموو كەسێك باسیان دەكرد و باسی بابەتەكانیان دەكرد و گەواهیی كاریگەرییان دەدا، ئەم دانە ڕۆژنامەیەش، یەكەم شتی بەنرخ بوو كە هەمبوو، هەر لەگەڵمدابوو تاكوو لاپەڕەكانی لەناو جانتای مەكتەبم لەنێوچوون.

لەسەر ئاستی عێراق (خەبات) بەفەرمی دەستی بە دەرچوون كرد. بەرلەوەی پارتی مۆڵەتی كاركردنی ئاشكرا بەدەست بێنێت، لەسەرەتادا بارەگای ڕۆژنامە لەو شوێنە بوو كە دەچوو بەرەو بازاڕی سەرای بەغدا (سوق السراي بغداي)، دواتر بارەگای خەبات گواسترایەوە بۆ گەرەكی بەتاوین (البتاوین)، كاتێك مۆڵەتی فەرمی بە پارتی دارا و بارەگای پارتی لە بەتاوین كرایەوە، بەڵام بە(بارەگای خەبات)دەناسرا، و سەركردایەتی پارتی كۆبوونەوەكانی خۆی لەوێ ئەنجام دەدا كە كۆبوونەوەی زۆر و بەدوای یەكدا بوون. زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم كە كۆبوونەوەكان نیمچە ڕۆژانە و گەرم و چالاك و بەگوڕ بوو و بارەگا بەردەوام تەنراوبوو بە میوان.

زۆرجار من دەچوومە ئەوێ بە یاوەری هاوڕێكانم، لە كورد و غەیرە كوردیش و هەروەها قوتابیانی قوتابخانەی (الغربية المتوسطة) و ئەوكات پەیوەندیم لەگەل سەرپەرشتیارانی خەبات زۆر زۆر باش بوو و سەرەڕای كێشەو سەرقاڵییەكانیان كە تەواو نەدەبوو، ئەوان بەسینگێكی فراوان و پڕ لە شادی وەڵامی پرسیارە زۆرەكانی منیان دەدایەوە. لەوانەی لە بیرم ماون خوالێخۆشبوو د.موراد رزماوری و خوالێخۆشبوو سەعید عەزیز شەمزینی و خوالێخۆشبوو نوری شاوەیس(باوكم) و بەڕێز ئیبراهیم ئەحمەدی پارێزەر (كە ئێمە لە گەڕەگی وەزیرییە -بەغدا- دەرگا بەدەرگا دراوسێی یەكتر بووین) و بەڕێز جەلال تاڵەبانی و خوالێخۆشبوو حیلمی عەلی شەریف و كەسانی دیكە…، لە بارەگای خەبات یەكەمجار بوو كە مامۆستا عەلی عەبدوڵڵاـم ناسی؛ جێگری ئێستای حزب. ئیتر دەستم كرد بە خوێندنەوەی خەبات، تاكوو ئەمڕۆ.

(خەبات) بەرگری لە كاروباری نیشتیمانی و دیموكراتی عێراق كردووە بەهەمان گوڕ و ئاستی بەرگریكردنی لە پێداویستییە كوردییەكان، خەبات لەو ڕۆژانەدا بە ڕۆحێكی بوێرانە و ڕاستگۆ و نیشتیمانی بەرپەرچی هەڵوێستە نەرێنییەكانی ڕژێم (حكومەتی خوالێخۆشبوو عەبدولكەریم قاسمی)دەدایەوە، هەروەها لە هەمانكاتدا، دەستخۆشی و پشتگیری ئاشكرای لە هەڵوێستە باشەكانی دەكرد كە بەشێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بوون و بەتایبەت بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد.

خەبات سەكۆیەكی ئازاد بوو بۆ دیموكرات و ئازادیخوازانی عێراق بەبێ جیاوازیی نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكانیان. خواست لەسەر ڕۆژنامەكە زۆرزۆر بوو و تاكوو ئێستاش زۆرێك لەوانەی كە هاودەمی ڕووداوەكانی ئەو سەردەمە بوون، بەشانازییەوە باس لە هەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییە ڕەسەنەكانی ڕۆژنامەكە دەكەن. بۆ نموونە بەرپەچدانەوەی چالاك و بوێرانەی ئەو هەڵمەتانەی كە شۆڤینییەكان دەیانكردە سەر بوونی نەتەوەیی میللەتی كوردی و بەتایبەت دەربارەی (تواندنەوەی نەتەوەی) كورد لەنێو نەتەوەی عەرەبدا، كە (يونس الطائي) لە نێو ڕۆژنامەی (الثورة)ـی سەر بە حكومەتی خوالێخۆشبوو عەبدولكەریم قاسم بەرپای كردبوو، ئینجا بە هەزاران بروسكە و نامە لە ڕۆڵەكانی كوردستان و كەسانی دیكە لە برا عەرەبەكان كە هاوڕای بوون و پاڵپشتییان لە هەڵوێستەكانی خەبات دەكرد..

سەروتارەكانی خەبات بەهێز و كاریگەربوون، گفتوگۆیەكی بەرفراوانیان دەورووژاندەوە لە نێو ڕای گشتی عێراقیدا، هەروەها (خەبات) زۆر مژاری دەورووژاندەوە لە بەرژەوەندی دۆزی دیموكراسییەت لە عێراقدا و مكوڕكردن و چەسپاندنی مافەكانی كورد بەوپێیەی كە لە دەستووری كاتیدا هاتبوو، پاش ئەوەی كۆمارییەت لە عێراق ڕاگەیەنرا. خەبات بە توندی و ناڕەزایی بەرگری لە مافەكانی برا فەیلییەكانمان دەكرد كە دووچاری چەوساندنەوە و ڕەگەزپەرستی دەبوونەوە بەهۆی هەڵوێستی زۆردارانەی ڕژێم دەربارەی هاووڵاتیبوونیان لە عێراقدا.

لەزۆر بۆنەدا خەبات دەپڕژایە سەر دۆزی پەترۆڵی عێراق و پێوستیی ڕزگاركردنی لە چنگی خۆسەپێنەری كۆمپانیا قۆرخكارەكان و ئاراستەكردنی داهاتەكەی بۆ بونیادنانی وڵات و خۆشگوزەرانی گەلی عێراقی. خەبات بەردەوام جەختی دەكردەوە لە برایەتی و پێكەوەژیان و یەكڕیزیی نیشتمانی لە میانەی بەهێزكردنی برایەتی كورد و عەرەب و بونیادنانی نیشتیمانێكی دیموكراتیی پەرلەمانی هەمەلایەن. هەروەها خەبات بەرگری دەكرد لە مافەكانی عێراق لە زێی عەرەب (شط العرب) و چەندین دۆزی دیكە تایبەتمەند بە كورد وەكوو پەروەردە و فێركردن و خوێندنی كوردی و كردنەوەی پەیمانگا و كۆلێج و پەرەپێدانی پیشەسازی و كشتوكاڵی لە كوردستان و هەروەها پێكهێنانی كۆمەڵەی هونەری و رۆشنبیری و ئەدەبی.

بەهۆی هەڵوێستە ڕوون و نیشتیمانییە بوێرەكانی خۆی، (خەبات)ی خەباتكار دووچاری دژبەری و ڕاوەدوونان بوو و پاشان داخستن و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و كەلوپەلەكانی و ڕاوەدوونانی هەموو ئەوكەسانەی كە پەیوەندییان هەبوو یان لە خەباتتدا دەیاننووسی.

شۆڕشی ئەیلوولی ئازادیخواز هەڵگیرسا و بارزانیی نەمر و پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێبەرییان كرد و (خەبات)یش بەردەوامی دا بە كاروانی بەخشندەییەكانی خۆی، و چەند ژمارەیەكی بە نهێنی لە شاری سلێمانی دەرچوو، لەبیرمە كە هۆیەكانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی كورد (ئەیلوول1961)ی لە كوردستانی عێراق لەخۆگرتبوو و ئاماژەی بەوە كردبوو كە پارتی ناچار بوو بە ڕاگەیاندنی شۆڕش لەپێناو بەرگری كردن لە بوونی نەتەوەی كورد لە كوردستانی عێراق و جەختی كردبووەوە لەسەر بەردەوامبوون لە خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كورد و چەسپاندنی دیموكراتییەت و بە كۆتاهێنانی ئەو خواستە دیكتاتۆرییەتەی كە باڵی بەسەر شێوازی دەسەڵاتدا كێشاوە و لەهەمانكاتدا جەختكردنەوە لەسەر چارەسەركردنی ئاشتی و عادیلانەی دۆزی كورد وەك ڕەفتارێكی هەرەگونجاو كە ڕیزەكانی عێراقییەكان یەك دەخات و كارەسات و ناخۆشی لە عێراق (وڵاتی هاوبەشمان) دوور دەخاتەوە.

بەڵام ڕژێم بەردەوام بوو لە پێداگری و زوڵم و توندكردنی شەڕێكی دڕندە دژی كوردستان، تاوەكوو بە كۆدەتایەكی سەربازی لە ساڵی1963 ئەو ڕژێمە لەناوچوو.. دانوستان لەگەڵ ڕژێمی نوێش بێهودە بوو كە تەنها هەوڵی دەدا كات بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی جێ پێی خۆی قایم بكات، ئینجا رژێمی 8ی شوبات (واتا بزوتنەوەی 8ی شوبات 1963/ كودەتای 8ی شوبات، كە بزوتنەوەیەكی چەكداری یاخود كودەتایەكی سەربازی بوو لە عێراق و ڕژێمی سەرۆك وەزیران عەبدولكەریم قاسمی لە دەسەڵات لابرد و عەبدول سەلام عارف بووە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرەتا بانگەشەی ئەوەیان كرد كە دەخوازن دۆزی كورد لە عێراق چارەسەر بكەن – وەرگێڕ.) بەڵام پاشگەز بوونەوە لەو هەڵوێستەی ڕایانگەیاندبوو و جەنگێكی سەرتاسەرییان بەرپاكرد بۆ قەڵاچۆكردنی گەلی كوردستان. ئینجا پاش ئەوەی لە حوزەیرانی 1963 ڕژێم كوشتارێكی دژی خەڵكی شاری سلێمانی پاڵەوان ئەنجامدا، ئەوكات من قوتابی ئامادەیی بووم، پەیوەندیم بە ڕیزەكانی شۆڕشەوە كرد و بۆ ماوەیەك لە ناوچەیەكی نزیكی (ماوەت) جێگیر بووم و بارەگاكەمان بریتی بوو لە ئەشكەوتێك، ناسراو بوو بە(ئەشكەوتە ڕەش)كە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی بوو، لەوێ من و برا بچوكەكەم (دكتۆر ڕەنج) پێشمەرگەی بارەگا بووین و لەڕاستیدا ڕێگەمان پێدەدرا ئازادانە و لێرە و لەوێ هاتوچۆ بكەین، بۆیە ئێمە زیاتر لە كەسانی دیكە ئاگاداری چالاكی و پرۆژەكانی سەركردایەتی حزب بووین…

(خەبات) لە (گردە ڕەش) دەستی كردەوە بە دەرچوون. چاپخانەكەی بریتی بوو لە ژمارەیەك ئامێری سادەی (چاپی دەست) و لەوانەی لەبیرمن كە كاری هونەرییان تێیدا دەكرد، كاك ئەحمەد دەشتی و دوو لە برا كوردە فەیلییەكان بوون. مەكتەبی سیاسی پارتیش بابەتەكانی ئامادە دەكرد و سەرپەرشتی دەرچوونی دەكرد، بڵاو كردنەوەشی دەكەوتە ئەستۆی لقەكانی پارتی لە ناوچە ڕزگاركراوەكان و لەكاتێكی زۆر كورت و گونجاودا بڵاویان دەكردەوە. بە ڕەچاوی نەبوونی هۆیەكانی گواستنەوە و گەیاندن، كادیر و پێشمەرگەكان بەپێ دەڕۆیشتن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە باكورەوە بەرەو باشوور یاخود بە بەكارهێنانی وڵاخ، كاتێك (خەبات)دەردەچوو بەم شێوەیە بەسەر دەڤەرە ئازادكراو و ئازاد نەكراوەكان و لەناو شار و شارۆچكەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم لەسەرتاسەری كوردستان بڵاو دەكرایەوە، یەك دووجاریش تێبینیم كرد كە چەند بەستەیەكی بچوكیان ئامادەكردبوو، پێیان گوتم كە ئەمانە ئامادەكراون بۆ ئەوەی بنێردرێن بۆ بەغدا و موسڵ و چەند شارێكی دیكە لە قووڵایی عێراق.

دكتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس دەڵێت: سەروتاری خەبات و هەواڵ و چالاكییەكانی پێشمەرگە بابەتی سەرەكی بوون كە لەنێو شانەكانی حزبدا و شانەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی عێراق دەخرانە بەر گفتوگۆ، ئەندامانی حزب بەردەوام ئامادەبوون، نەك لەناكاو پرسیار و بەدواداچوونیان لێبكرێ دەربارەی بابەتەكانی خەبات و لەسەر بنەمای پێزانینەكانیان دەپاڵێوران، بۆئەوەی شەرەفی ئەندامێتی پارتی وەرگرن كە لە مەراسیم و رێكاری تایبەتدا دەبەخشرا. لەڕێگای بڵاوكراوەكانی (خەبات)ـەوە گەلەكەمان ئاگاداری هەواڵی تایبەت بە چالاكییەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سەركەوتنەكانیان بوون و هەروەها ئاگاداری بارودۆخی عەسكەری بوون. (خەبات) پارێزەری گیانی بەرخودانی گەلە تێكۆشەرەكەمان بوو بۆ پێشڤەچوونی ئەم گیانە پێشڕەوە، بەجۆرێك كە گەلەكەمان بە باوەڕێكی بەرزەوە بەرەنگاری دەسەڵات ببێت لە هەموو دەڤەرەكانی ژێر دەسەلاتی ڕژێم و بۆ ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حوكم دوپات بكاتەوە كە بەرگری و شۆڕشی كورد لەهەموو شوێنێكە.

لەقۆناغی شۆڕشی گوڵاندا سەركردایەتی پارتی جەختی كرد كە (خەبات) لەسەر خاكی كوردستانی ڕزگاركراو دەربچێت، ئەمەش بۆ دەربڕین بوو لە بەردەوامیی خەباتی شۆڕشگێڕیی پەیوەست بە خاك و خۆڵی كوردستان. لەم ڕووەوە ژمارەیەك لە برایانی تێكۆشەر لە سەركردایەتی ئەم ئامانجە بەرز و گەورەیان بەجێگەیاند. جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە ڕۆڵی كاك (شیخ عەزیز شێخ یوسف)كادیری بوێر و تێكۆشەر بكەم كە وەكوو كادیرێكی هونەری هەماهەنگ بوو لەگەڵ برایانی سەركردایەتی لە دەركردنی ڕۆژنامە. ئەوكات من لە ئەورووپا بووم كە دانەیەك لەو ڕۆژنامەیەم دەستكەوت كە ئومێدێكی زۆرمان پێی بەرجەستە بوو و بەشێوەیەكی بەرفراوان دەستاودەستمان پێكرد، وەكوو پارتی و غەیرە پارتییەكانیش، ئەو ژمارەیە بۆ ئێمە وەكوو پارچەیەكی ئازیزی وڵات بوو.

دەربارەی بەشداریكردنی لە (خەبات)و ڕۆژنامەوانی پارتی، كاك ڕۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی گوتی: بەشداریم كردووە لە نووسینی سەرگوتارەكانی خەبات لە قۆناغی شۆڕشی گوڵان، لەبیرمە كە یەكێكیان (یەكێك لە سەرگوتارەكان – وەرگێڕ) پەیوەست بوو بە شەڕی عێراق و ئێران، كە تێیدا ئاماژەم بە قۆناغی پاش شەڕەكە كردبوو و هەروەها كە پێویستە ئاشتی چۆن بێت؟!. ئەم گوتارە بووە مایەی گرنگی پێدانی خوێنەران، لەبەر ئەوەی بۆ جاری یەكەم بوو كە بە ڕوونی باس لەوە بكرێت كە ئاشتی پاش جەنگ ئەنجامی نابێت ئەگەر شەڕەنگێز و دەستپێشخەر سزا نەدرێ… ئەوكات زۆرینەی حزب و هێزەكان داوای ڕاوەستانی شەڕەكەیان دەكرد بێ ئەوەی ئاماژە بە خواستەكانی قۆناغی پاش شەڕ بكەن. بۆیە ئەو خواستانە خاڵی بوون لە پلان و بیروبۆچوون و پێشهات و گریمانەكانی تایبەت بە قۆناغی پاش شەڕ و هەروەها ڕایەكی ئاشكرای نەبوو دەربارەی هۆكارەكانی بەرپابوونی شەڕەكە و لایەنی دەستپێشخەری شەڕ، كە بووەتە هۆی كاولكاریی شەڕی ئێران و عێراق.

هەروەها لە سەرگوتارێكی دیكەی رۆژنامەی (خەبات)دا لە كۆتایی ساڵی (1985) یان (1986) باسی سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكام كردبوو لە كەنداو و دەڤەرەكە، لەم گوتارەدا ئاماژەم بە پێشهاتەكانی سیاسەتەكە كرد و هەروەها گریمانەكانی پێشڤەچوونی پلان و ئەنجامەكانی، ئەم گوتارە لەكاتێكدا بوو كە هێشتا جیهان لەدۆخی دابەشبووندا بوو بەسەر بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پێموایە برایانی سەركردایەتی پارتی هەموویان بەشداربوون لە خەبات بەتایبەت (كاك عەلی عەبدوڵڵا) كە لەو ماوەیەدا زۆرینەی سەرگوتارەكانی خەباتی نووسیوە، هەروەها كاك (فەلەكەدین كاكەیی) كە هەرگیز ناكرێ ڕۆڵی كارا و چالاكی ئینکار بكرێ لە بەردەوامیدان بە خەبات تاكوو ئەمڕۆ كە تێیدا نووسیویەتی و هەڵەچنی و نەخشەسازی و دەرهێنان و شەونخوونی لەگەڵ كردووە.

هەروەها دكتۆر ڕۆژ دەڵێت: هەر لەچوارچێوەی ڕوژنامەگەریی پارتیدا، ئێمە ڕۆژنامەی (وڵات)ـمان دەركرد وەك زمانحاڵی لقی شەشی پارتیمان لە ئەورووپا و هەواڵەكانی كوردستانمان تێیدا بڵاو دەكردەوە لەگەڵ چەندین لێكۆڵینەوە و دیراسات و شرۆڤەی سیاسی و هەواڵی پەیوەست بە بارودۆخی كوردستان، هەروەها لە چوارچێوەی چالاكییەكاكانی ڕاگەیاندنی پارتی لە ئەورووپا لە قۆناغی شۆڕشی گوڵاندا، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ من بەشدار بووم لە دەركردنی گۆڤاری (پێشمەرگە) بەزمانی ئینگلیزی كە گۆڤارێكی ناوەندی پێشكەوتوو بوو لە ئینگلتەرا چاپمان دەكرد و هەندێكجاریش لە فینلاندا. هەروەها بەشدار بووم لە گۆڤاری (پڕشنگ) كە گۆڤارێكی ئەدەبی بوو لە ئاستێكی بەرزدا، كە كۆمەڵەی قوتابیانی كورد لەحەفتاكان لە ئەورووپا دەریكردبوو و پاش ساڵی 1975 چاودێربووم لە دەركردنی چەند ژمارەیەک و پاشان بەڕێز (زهدی داودی) چاودێریی دەرچوونی ئەم گۆڤارەی كرد تاكوو ساڵی 1973. لەساڵانی هەشتاكانیشدا من لە ڕۆژنامەی (صدی خەبات) نوسینم بڵاوكردۆتەوە كە پارتیمان لە دیمەشق دەریدەكرد. هەروەها بەشداریم كردووە لە گوڤاری (KSSE) كە كۆمەڵەی قوتابیانی كورد لە ئەورووپا بە زمانی ئینگلیزی دەریدەكرد و بڵاومان دەكردەوە بەسەر زۆربەی رێكخراوەكانی قوتابیان و لاوانی جیهان.

دەربارەی (خەبات)ی ئەمڕۆ و كاریگەریی بەسەر ڕای گشتی و جەماوەریی، دكتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس گوتی: سەرەڕای ئەو ئازادییەی بەرقەرارە و هەوڵ و توانستەكانی كە تێیدا خەرج دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەكی گشتی، (خەبات) و ڕۆژنامەگەریی حزبی و نیشتیمانی كوردستانی ئەمڕۆ، وەك ئەوەی بڵێی هێز و كاریگەریی ڕۆحی و مەعنەوی خۆی لەدەست داوە لە ورووژاندنی گیانی هەڵمەت بە شێوازێكی ڕۆمانسی وەك ئەوەی كە جاران لە چلەكان و كۆتایی ئەم سەدەیە هۆش و هەستی نیشتیمانی دەورووژاند.

زۆر هەڵەی چاپ لە زۆربەی رۆژنامەكاندا هەیە و لەوانەش (خەبات)، هەروەها هەواڵەكان ناڕوون و سادەن یاخود بە شێوازێك بڵاودەكرێنەوە كە خواست و ئامانجەكان تێیاندا بزر دەبن. لەوانەیە هۆكارەكان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەستەی نووسین بێت. بەڵام من دەڵێم: خەبات دەبێت زیاتر گرنگی و چاودێری و پاڵپشتی بكرێت. پێویستە پەرەپێدانی هەمەلایەن و جدی بێت و پاڵپشتی بكرێت بە كادیر و دەستەی زیاتر و دەبێت ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی بگەڕێینەوە دۆخی جاران لەگەڵ زمانحاڵی حزب و پەیامەكەمان بە ئەمانەت و بێ ماندووبوون بەجێ بگەیێنین.

خەبات خوێنەری زۆرە لە كوردستان و دەرەوەشدا، هەروەها ڕۆژنامەیەكی ڕەسەنە و خاوەن مێژوویەكی شەرەفمەند و پایەبەرزە، سەرەڕای بوونی هەندێك كەموكوڕیی هونەری و ماددی كەچی پارێزەر بووە لە ئاراستەی ڕاست و ڕەوانی هەڵسوكەوت كردنی لەگەڵ ڕووداوەكان و خستنەڕووی بیڕوڕا. بە دید و بۆچوونی من، خەبات یەكەمە لە كوردستان، لەگەڵ رێز و پێزانینم بۆ ڕۆژنامە تێكۆشەرەكانی دیكەی كوردستان. من وایدەبینم كە پێویستە كار بكرێت بۆ ژیاندنەوەی دووبارە چاپكردنەوەی چاپە نێودەوڵەتییەكەی خەبات لە ئەورووپا، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ كیشوەری ئەورووپا وەكوو سەنتەرێكی جیهانیی گرنگ هەژمار دەكرێت بۆ ڕۆژنامەكانی عەرەبی زمان.

هەموو هیوام بۆ خەبات ئەوەیە كە بەردەوام بێت و پێشڕەو بێت و بەهرەمەند بێت و هەوڵی زۆر بدات بۆ گەیاندنی خواست و ئاواتەكانی گەلی كوردستان بۆ جیهان، خەبات پرسیاری لە دكتۆر شاوەیس كرد دەربارەی هۆكاری دابڕانی لە نووسین لە رۆژنامەی خەباتدا، وەڵامی دایەوە: من شانازی دەكەم بە نووسین لە خەباتدا و ئامادەم تێیدا بنووسم سەرەڕای سەرقاڵیم بە كارو ئەركەكانم لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، لە كۆتایی لێدوانی بۆ خەبات، كاك ڕۆژ نوری شاوەیس دووبارە سڵاوی گەرمی خۆی ئاراستەی كارمەندانی خەبات كرد و هیوای پێشكەوتنیان بۆ دووپات كردەوە لە پێناو خزمەتكردنی كورد و كوردستان و دۆزە ڕەواكەمان.

هەروەها دكتۆر شاوەیس گوتی: لەم بۆنە عەزیزەدا سڵاو لەیادی شەهیدان و پێشڕەوان و ئەو مامۆستایانەی كە بەشدار و بونیادنەری رۆژنامەگەریی كوردستانی و نیشتیمانی تێكۆشەر بوون، لەوانە ساڵح یوسفی و دارا تەوفیق و هەموو شەهیدانی فكر و ویژدانی كوردی و هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازمان لەوانەی كە خەبات هاندەریان بووە لەپێناو قوربانیدان بە هەموو شتێك لەپێشینەوە قوربانیدان بە ژیانی خۆیان لەپێناو بەئەنجام گەیشتنی ئامانجەكانی میللەتی كورد.

سەرچاوە: رۆژنامەی خەبات (بەزمانی عەرەبی)، ژمارە (918) لاپەڕە(7)، ڕۆژی هەینی 2/4/1999